ژنانی کورد، ئەرمەنی، عەرەب، سریانی: دەستکەوتەکانمان دەپارێزین

ژنانی کورد، ئەرمەنی، عەرەب و سریانی کە لەسەر بنەمای ژیانی هەرەوەزی لە حەسەکە دەژین، ئاماژەیان بەوەکرد، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر دەستکەوتەکانی ژنان و یەکگرتوویی گەلانە کە لەگەڵ شۆڕشی ژنان دامەزرا.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە - شەوی ٢٣ی تشرینی یەکەم، دەوڵەتی تورک هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چڕتر کردەوە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی کە چەند ڕۆژێک بەردەوام بوون، ١٧ کەس کە ژن و منداڵیشیان تێدابوو، گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش بریندار بوون، ژێرخانی هەرێم و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لە هێرشەکاندا کرانە ئامانج، ٣٠ وێستگە کە وێستگەی نەوت و بەنزین و کارەبای تێدابوو، لە خزمەتگوزاری دابڕان، جگە لەوەش بەهۆی هێرشی سەر بەنزینخانەی کۆبانێ،٣٦٦ گوند و ناوەندی شار بێ غاز مانەوە.

 

سەبارەت بەو پرسە، ژنانی کورد، عەرەب، سریانی و ئەرمەنی شاری حەسەکە کاردانەوەیان هەبوو.

 

"یەکگرتوویی و یەکڕیزیمان پلانەکانی جینۆساید تێکدەشکێنێت"

ماریا ئیبراهیم کە ئەرمەنییە، جەختی لەوە کردەوە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا درێژەپێدەری پلانەکانی جینۆسایدی ساڵی١٩١٥یە لە دژی پێکهاتەی ئەرمەن و وتی: دەوڵەتی تورکیا، لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ، کوشتنی بەکۆمەڵی لە دژی هەموو نەتەوەیەک ئەنجامداوەو خۆی لەسەر کۆمەڵکوژییەکان بونیاد ناوە، بۆیە ئەمڕۆ دەیەوێت بەو هێرشانە کۆمەڵکوژی ساڵی ١٩١٥ نوێ بکاتەوە، بەڵام یەکگرتوویی ئێمە وەک پێکهاتەکانی ناوچەکە ڕێگە نادات پلانەکانی بەدیبهێندرێت، ئەمڕۆ ئێمە وەک هەموو قەوارەیەک بە هاودەنگی و یەکگرتوویی خۆمان لە ژێر سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک خۆمان ڕێکدەخەین، ئەمە پەیامی ئێمەیە کە کەس ناتوانێت لەناومان ببات، هێزمان یەکڕیزی و یەکگرتوویمانە، ئەو هێرشانەی ئەمڕۆ دەکرێن، هەموو ئەو ناوەندانە دەکەنە ئامانج کە خزمەت بە خەڵکی ناوچەکە دەکەن، بۆیە ئامانجیان ئەوەیە خەڵکی ناوچەکە بێهێز بمێننەوە.

 

"ڕێگە بە هێرش نادەین"

فاتمە شێخمووس کە لە پێکهاتەی کوردە، بۆچوونی خۆی بەرامبەر بە هێرشەکان بەم شێوەیە دەربڕی: دەوڵەتی تورکیا دەبینێت کە خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خۆیان ڕێکخستووە، خۆیان دەپارێزن و دەستکەوت بەدەستدەهێنن، بۆیە ناتوانن قبوڵی بکەن و هێرشکردەکەنە سەری، ئێمە وەک گەلی کورد، عەرەب، سریانی، ئاشووری و ئەرمەن، یەکگرتوویی خۆمان لە بەرامبەر ئەم هێرشانە بەهێز دەکەین و دژی پلانەکانی جینۆساید دەوەستینەوە، ئێمە پێکەوە خاکەکەمان دەپارێزین و ڕێگە نادەین هێرشەکان لەناومان ببەن.

 

"هێرشەکان لە سەر فەلسەفەی ژن ژیان ئازادییە"

ڕەودا شاکر کە عەرەبە، جەختی لەپێشەنگایەتی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا و بەدیهێنانی دەستکەوتەکان کردەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: شۆڕشی ڕۆژئاوا بەپێشەنگایەتی ژنان دەستیپێکرد، بە کار و زانیاری ژنان و بەدەستکەوتە پیرۆزەکانی بەردەوامە، ئەو هێرشانەی ئەمڕۆ له ناوچەکه ڕوودەدات، درێژەی ئەو هێرشانەیه که پێشەنگەکانی شۆڕشیان کردووەتە ئامانج، چونکە ئەم هێرشە تایبەتانە لەسەر دەستکەوتەکانی شۆڕش ئەنجام دەدرێن، بۆیە ئێمە وەک ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هاودەنگی و یەکڕیزیمان لە ژێر فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" بەهێزترین وەڵامە، ئەم فەلسەفەیە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە دەستیپێکرد و بە پێشەنگایەتی ژنان لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە، بۆیە ئەمە هێرشکردنە سەر فەلسەفەی ژنانە، داوا لە هەموو ژنێک دەکەین بێدەنگ نەبن و بچنە مەیدانەکان و دەنگ بەرز بکەنەوە بۆ بەرگریکردن لەم فەلسەفەیە.

 

"ئەرکی ئێمە پاراستنی خاک و سیستمی خۆبەڕێوەبەرییە"

نەوال سەلوم، کە لە پێکهاتەی سریانییە وتی: شۆڕشی ڕۆژئاوا و سیستمی خۆبەڕێوەبەری نموونەی هاودەنگی و یەکڕیزیی خەڵکی ناوچەکە بووە نموونە و سەرکەوتنی زۆری لەگەڵ خۆی هێنایە ئاراوە، ئێمە بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانمان دەکەین، ئەم هێرشە بەتایبەتی خەڵکی ناوچەکە و سیستمی خۆبەڕێوەبەری دەکاتە ئامانج، بەڵام ئێمە وەک خەڵکی ناوچەکە ئەم سیستمە وەک پارێزەری بوون و ناسنامەی گەلان دەبینین، بۆیە ئەرکی سەرەکیمان بە هاودەنگی و یەکڕیزیمان پاراستنی خاک و سیستمەکەمانە.