ژنانی کۆبانی: ئامادەین هاوکاری سوەیدا بکەین

ئەندامانی ماڵی ژنان و پزیشکانی کۆبانێ ئاماژەیان بەوە کرد شەڕێکی ناوخۆ لە سوەیدا ڕوودەدات کە بەرەو ئاستی تاوانەکانی جەنگ پەرەی سەندووە، ڕایانگەیاند کە ئامادەن هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەک پێشکەش بکەن.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- شەڕ و پێکدادان و هێرشەکان دژی درووزەکان لە شاری سوەیدای سووریا بەردەوامن، گروپە جیهادییەکان لە سووریا بە هەموو هێز و دڕندەیی خۆیانەوە دەیان کۆمەڵکوژی و کردەوەی نامرۆڤانە لە دژی هاوڵاتیانی ئەوێ ئەنجام دەدەن.

 

ئەو چالاکییانە کە زیاتر لە هەفتەیەکە بەردەوامن و بە شێوەیەکی هاوشێوە لە کەناراوەکانی سووریا ئەنجامدراون، سەدان ڕووداو و کۆمەڵکوژی لێکەوتووەتەوە، ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆیی و زانیارییانەی سەبارەت بە دۆخی سوەیدا بڵاوکراونەتەوە، ئاستی ڕق و دڕندەیی گروپە جیهادییەکانی هەتەشە نیشان دەدەن.

 

ژنانی کۆبانێ سەبارەت بەو پرسە قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"شەڕی سووریا دەریدەخات کە ئایندەیەک بۆ کەمینەکان نییە"

نەجمە عەلی، ئەندامی ماڵی ژنان لە کۆبانێ، ڕایگەیاند کە سووریا شەڕی ناوخۆی بەخۆیەوە بینیوە، وتی: گەلی سووریا بە هۆی سیستمی ڕژێمی سووریا لەم ساڵانەی نائارامیدا زوڵمێکی گەورەی بەسەردا هاتووە، دوای شکستی ئەم ڕاپەڕینە دەبینین کە هۆشیاری و کردەوەی چەتەکانی داعش لە سەرتاسەری سووریا دەستی بە زیادی کردووە، ئەم هێزە کە لە ئێستادا حوکمڕانی سووریا دەکات ناوێکی تری هەیە، بەڵام لە جەوهەرەکەیدا نوێنەرایەتی داعش دەکات، لەماوەی ئەم ٧ مانگەدا شارەکانی سووریا تووشی جینۆساید بوون و زنجیرەیەک وێرانکاری لە مەنبجەوە تا کەناراوەکان و بە درێژایی ڕێگاکە تا سوەیدا ڕوویانداوە، ماڵەکان تاڵان کران، شارەکان وێران کران، منداڵ و ژن و بەساڵاچووان سەربڕدران و ڕفێنران، دۆخی ئێستای سووریا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هیچ ماف و شوێنێک بۆ پێکهاتەکان لە داهاتووی سووریادا نییە، جوگرافیای سووریا بە هەمەجۆریی ڕەگەزی و ئایینی و نەتەوەیی ناسراوە، لە سەرەتای دامەزراندنی سووریاوە کورد، عەرەب، ئەرمەنی، سریانی، موسڵمان، کرستیان، دروز و عەلەوی پێکەوە ژیاون، وەک ئەوەی ئەمە بەس نەبێت، دەبینین حکومەتی جیهادی سووریا بەرپرسیارێتی ئەو تاوانانە لە ئەستۆ ناگرێت و بانگەشەی ئەوە دەکات کە هۆزە عەرەبەکان ئەنجامی دەدەن، هێزێک کە نەتوانێت کۆنترۆڵی خۆی دابمەزرێنێت و ئاسایشی وڵاتەکەی بپارێزێت و ڕێگری لە کۆمەڵکوژی بکات، نابێت خۆی بە حکومەت ناوببات.

 

"پشتیوانی و هاوپشتی ژنان پێویستیەکی ژیانییە"

نەجمە عەلی ڕایگەیاند، سووریا بۆتە ناوچەیەکی مەترسیدار و بۆ ژنان وتیشی: ئەگەر ئەم شەڕە ناوخۆیە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، کەمینەکان لە سووریا نامێننەوە و تەنها یەک ڕەنگ و زمان و نەتەوە لە سووریا دەمێنێتەوە، ئەم چەتانە بەردەوام هەڕەشە لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن و دەڵێن دوای ئەوەی عەلەوی و دروز لەناو دەبەین، ڕوو لە کورد دەکەین، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە هەموو پێکهاتەکان بە شوناس و زمان و خۆبەڕێوەبەری دەژین، هەوڵ هەیە بۆ تێکدانی ئەم ئاشتی و یەکگرتووییە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەمەوێت سەرنج بۆ خاڵێک ڕابکێشم: ئەم ڕووداوانەی کە ڕوودەدەن، گەورەترین مەترسی لەسەر ئایندەی ژنان دروست دەکەن، ئێمە وەک ژنان وڵاتێکی سەلامەتمان دەوێت کە هیچ پێشێلکاری و کوشتن و ڕفاندن و دەستدرێژیکردنە سەری تێدا نەبێت. وتی: پێویستە ژنانی سووریا لە هەموو کاتێک زیاتر هاودەنگی خۆیان بەهێزتر بکەن و دەنگی خۆیان لەم پرۆسەیەدا بەرز بکەنەوە و ئێمەش وەک ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامادەین پشتیوانیان بکەین، گروپە جیهادییەکان لە سوەیدا کۆمەڵکوژییەکی بەرفراوانیان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سوەیدا ئەنجامدا و سەرجەم کەسەکانی ناوی  بە نەخۆش و بریندارەکانیشەوە کوشت، بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە دوو هەزار کەس لەناو نەخۆشخانەکەدا کوژراون.

 

"کوشتنی کارمەندانی چاودێری تەندروستی تاوانێکە لێخۆشبوونی نییە"

ئەڤین خەلیل، پزیشک هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو کارانەی بەرامبەر کارمەندانی تەندروستی بەم شێوەیە دەربڕی: لە ١٤ ساڵی ڕابردوودا سووریا بووەتە ناوچەی جەنگ و شوێنی ململانێی نەتەوەیی و بەرژەوەندی و تیرۆر و جیهادیزم، لە بارودۆخی شەڕدا ڕێکەوتن و یاسای نێودەوڵەتی هەیە کە هەندێک هێڵی سوور پێشێل دەکەن، لەوانەش کارمەندانی تەندروستی و ڕۆژنامەنووسان، و نابێت بکرێنە ئامانج، بە تایبەتی کارمەندانی چاودێری تەندروستی کارێکی مرۆڤانە و گرنگ دەکەن، ئەگەر دوژمنەکانیشیان بریندار ببن، چارەسەریان دەکەن و دواتر ڕادەستی لایەنە بەرپرسەکان دەکەن، کارمەندانی چاودێری تەندروستی هەرکەسێک بن و لە هەر شوێنێک بن، ئەرکی مرۆیی ئەوان لە پێش هەموو شتێکەوەیە، بەداخەوە لەو شەڕ و ڕووداوانەی کە ئێستا لە سووریا ڕوودەدەن، دەبینین کە هەموو ئەم پێوەرانە پێشێل دەکرێن، دەبینین کە تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگەی عەلەوی و درووز لە ئەنجامی ڕەگەز و ئایین کۆمەڵکوژ دەکرێن، لە کاتێکدا کە پێویستمان بە ئاشتەوایی و ئاشتی و سەقامگیری هەیە، دەبینین شەڕی ناوخۆ دەکرێتەوە.

 

"ئێمە ئامادەین پاڵپشتی تەندروستی پێشکەش بکەین"

ئەڤین خەلیل هاوسۆزی خۆی بۆ سوەیدا دەربڕی و وتی: لە ناو ئەو سەدان ڕووداوەی لە سوەیدا ڕوویاندا، بینیمان هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەیەک کە ئەنجامەکەی کۆمەڵکوژی کارمەندانی پزیشکی و نەخۆش و بریندارەکانی لێکەوتەوە. بەو پێیەی ئەم ڕووداوە بە ئەنقەست ئەنجامدراوە، دەتوانین بە کۆمەڵکوژییەکی دڕندانەش پێناسەی بکەین، ئەم کارانە بەپێی ڕێکەوتن و یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانی جەنگن، بەڵام بەداخەوە ئێمە زۆرجار لە سووریا شاهیدی ئەم ڕووداوانە دەبین، ئێمە ماوەیەک لەمەوبەر لە کاتی هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لە کاتی بەرخۆدان لە بەنداوی تیشین و کەنارەکانی سووریا هەمان ڕووداوەکانمان ئەزموون کرد، وەک کارمەندانی چاودێری تەندروستی لە شاری کۆبانێ، ئامادەین هاوکاری پێشکەش بە هاوڵاتیانی سوەیدا بکەین، هەروەک چۆن خۆبەڕێوبەری هاوکاری بۆ ناردوون، ئێمەش خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین و ئامادەین هاوکاری ماددی و پزیشکی و ڕەوشتی پێشکەش بکەین.