ژنانی کۆبانێ لە بەهاردا باخچەکانیان دەچێنن

ژنانی گوندی شێرانی سەر بە شاری کۆبانێ، کە دەستیان کردووە بە چاندنی باخی هاوینە، ڕایانگەیاند، ئەم شێوازە لە کشتوکاڵکردن کولتوورێکە، لەسەر بنەمای هەزاران ساڵ ڕەنجی دروستکراوی دەستی ژنانە.

نورشان عەبدی 

 

کۆبانێ-شاری کۆبانێ ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کوردستانە و دەوڵەمەندە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، ئەمساڵ زستانی باراناوی کاریگەری ئەرێنی لەسەر زەویەکە هەبووە و بووە هۆی ئەوەی بەهاری وڵات لە هەموو ڕوویەکەوە دەوڵەمەند بێت، بە تایبەتی شاری کۆبانێ کە پشت بە هەموو جۆرە کشتوکاڵێک دەبەستێت، لەم وەرزە بەهارەدا بە گوڵ ڕازاوەتەوە.

 

بەم بارانە هەر بستێکی خاکی کۆبانێ بە ڕەنگەکانی بەهار ڕازاوەتەوە. بەتایبەت لەم وەرزەدا، واتە لە مانگی نیساندا. ژنانی کۆبانێ و گوندنشینانی دەستدەکەن بە چاندنی سەوزەی هاوینە. ژنان هەموو جۆرە سەوزەواتێک دەچێنن بۆ پاراستنی ئەو خاکەی کە هەزاران ساڵە پشتی پێ بەستووە.

 

بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ڕەنج و بەرهەمی ژنان لەم بوارەدا ببینین، ئاژانسەکەمان چووە گوندی شێران لە ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ و لەگەڵ زۆرێک لە ژنان کۆبووەوە کە بە جۆش و خرۆشەوە ئەم کارە ئەنجام دەدەن.

 

کشتوکاڵ واتا بە ژیانی ژنان دەبەخشێت

حەمیدە ئەحمەد تەمەن ٤١ ساڵ کە نەمامەکانی بۆ چاندن لە حەوشەی ماڵەکەیدا ئامادە کردووە، باس لە شێوازو واتای ئەم چاندنە دەکات و ڕایگەیاند، هەموو جۆرە دار و درەخت و گوڵێکی لە دەوروبەری ماڵەکەی چاندووە و وتی: ئەم چاندنە تەنها بۆ پێویستی نییە، بەڵکو بۆ دەوڵەمەندکردنی دڵم و مانابەخشە بە ژیانم.

 

کاری دەستی بەنرخە

حەمیدە ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد کە ژنان هەمیشە دەیانەوێت دەوروبەریان جوان بکەن و بە زیندووی بیانهێڵنەوە، هەروەها سوود لەم باخچانە وەردەگرن لەڕووی پڕکردنەوەی پێداویستییە ڕۆژانە و درێژخایەنەکانەوە، بەرهەمی باخچەکانیشیان بەسەر دراوسێکانیاندا دابەشدەکەن و وتی: ئێمە میوەی باخچەکانمان دەدەین بە دراوسێکانمان، کە دەرفەتی چاندنیان نییە، واتە ئەوانەی بەتەمەنن و توانای پێویستیان نییە بۆ چاندن هەروەها خواردنی زستانە لەو باخچانە دروست دەکەین، وەک پێویستی هەندێک چێشت، کاتێک مرۆڤەکان لە ماندووبوونی دەستی خۆیان و لە باخچەی خۆیانەوە سەوزە یان سەوزەیەکی دیکە دەخۆن، تامێکی زۆر جیاواز و بەنرختری هەیە.

 

"ئێمە کولتوورێک دەپارێزین کە لە ڕێگەی کارەوە پەرەی سەندووە"

حەمیدە ئەحمەد باسی لەوەکرد، کە باخداری لەسەر بنەمای کولتوورێکی کۆنی کاری ژنان دامەزراوەو وتی: خاکی کۆبانێ بۆ کشتوکاڵ باشە، دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ ئێمە بۆ پاراستنی ئەم کولتوورە، ئەوانەی ئاویان هەیە زیاتر دەچێنن، و ئەوانەی ئاویان نییە ڕێگەی دیکە بۆ چاندنی بەروبووم دەدۆزنەوە.

 

هەموو جۆرە سەوزەیەکی چاندووە

سەمیرە عەنتەر ئەمساڵ باخچەیەکی تایبەتی چاندووە، لەگەڵ چەندین ڕووەکی تر کە لە هەموو شوێنێکدا گەشە دەکەن، وتی: حەوشەکەم بە تایبەتی بۆ کشتوکاڵ ئامادە کردووە، ئەمساڵ باخچەیەکم چاندووە و دەیان جۆر سەوزە و نەمامم لە تەنیشتی چاندووە.

 

کۆمەڵگەیەک کە کار و کشتوکاڵی تێدایە

سەمیرە عەنتەر ئاماژەی بەوەشکرد کە باخداری ژن کۆدەکاتەوە و کاری هەرەوەزی دروست دەکات و وتی: باخداری پێویستی بە ڕەنجی زۆرە، بەڵام کاتێک بەرهەمی ئەو ماندووبوونە دەبینین، ئەو ماندوێتییە لەبیر دەکەین، بەتایبەتی کاتێک دراوسێیەک دێتە ماڵەکەمان، ئێمەی ژنان پێکەوە کۆدەبینەوە، قاوە یان چا بەیەکەوە دەخۆینەوە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەمەجۆریی دروست دەکات.