ژنانی کۆبانێ: خۆبەڕێوەبەری یەپەژە لە سووریا مسۆگەر دەکەین
ژنانی شاری کۆبانێ، دژی سیاسەتی نکۆڵیکردن لە دژی یەپەژە، دەڵێن: ئێمە خۆبەڕێوەبەری یەپەژە لە سووریا دەستەبەر دەکەین، ئێمە بوونمان لەوان دەبینین، ئەوان نوێنەرایەتی ئیرادەی ئێمە دەکەن و لە هەڵوێستی خۆیاندا نوێنەرایەتی هەموو ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن.
بەرچەم جودی
کۆبانێ- یەپەژە لە ٤ی نیسانی ٢٠١٣ وەک هێزێکی تایبەت بۆ بەرگری ڕەوای ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان دامەزران، دواتر یەپەژە ڕێکخستنی خۆی لەسەر ئاستی ڕۆژئاوای فراوانتر کرد و ژنانی کورد، عەرەب، ئەرمەنی، سریانی و جیهانی لەخۆگرت، ئەم ژنانە وەک هێزێکی سەرەکی و پێشەنگ لە هەموو پرۆسەکانی شەڕەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەشداریان کرد،
دوای ١٤ ساڵ ماندووبوون و بەرخۆدانی یەپەژە، ئێستا لە پرۆسەی تێکەڵبووندایە لەگەڵ حکومەتی کاتی سووریا، دەبینین ئەم هێزە وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ وەرناگیرێت و هەڵمەتی گاڵتەجاڕی و نکۆڵیکردن لە دژی یەپەژە بەڕێوەدەچێت.
ژنان لە کوردستان و دەرەوە هەڵوێستی توندیان لە دژی ڕەتکردنەوەی یەپەژە گرتووە، هەروەها ژنانی شاری کۆبانێ کاردانەوەکانیان لەگەڵ ئاژانسەکەمان لە هەمان ئاستدا باسکرد.
”یەپەژە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی هەیە”

نەسرە دەروێش ئاماژەی بەوەش کرد، کە یەپەژە بوونی و نەبوونی ئێمەی، وتی: یەپەژە واتە کۆبوونەوەی ژنانی پێشەنگ بە ئامانجی پاراستنی ژنان و بەهاکانیان، بۆیە ئەم هێزە لە منداڵانی ئەم وڵاتە دروست بووە کە لە ژێر یەک چەتردا بۆ ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی خەبات دەکەن، گرنگی و واتای دامەزراندنی یەپەژە لە ساڵی ٢٠١٤دا بۆ هەموو جیهان ڕوون بووەوە کاتێک بۆ پاراستنی گەلەکەیان گیانی خۆیان بەخت کرد، فەرماندەکان و شەڕڤانەکانی بەرخۆدانێکی زۆریان دا لە پێناو بونیادنانی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ کۆمەڵگەکەیان، بۆیە دەتوانین بە کورتی بڵێین یەپەژە بوون و نەبوونی ئێمەیە.
”ناسنامەیەکی نوێ لە دژی ئەقڵیەتی باڵادەست هەیە”
نەسرە دەروێش کاردانەوەی بەرامبەر هەڵوێستی حکومەتی کاتیی دەربڕی و ڕوونیکردەوە، کە یەپەژە ناسنامەیەکی لە دژی ئەقڵیەتی باڵادەستی ئێستا دامەزراندووە و دەیتوانی ئایدۆلۆژیایەکی ژیان جێبەجێ بکات، بەهۆی ئەمەوە حکومەتی کاتییش کەوتۆتە ترسەوە، وتی: هەر بۆیە دەبینین کە بە بەردەوامی نکۆڵیکردن لە بوونی ئەو هێزە دەکات و نایەوێت لە داهاتووی سووریادا ئامادەیی فەرمی هەبێت، بێگومان ئەمەش لەسەر ئەو ئەقڵیەتە سێکسیستییەشە کە دەوڵەت بەڕێوەی دەبات، هەر لەبەر ئەم هۆکارە، وەک ژن و بەتایبەتی وەک دایک، شەڕڤانانی یەپەژە کچی ئێمەن و ئێمەش دایکی ئەوانین، پێکەوە خەباتێکی هاوبەش ئەنجام دەدەین و داهاتوومان لە قاڵب دەدەین.
”ئەوە هەڵوێست و ئایدۆلۆژیا و ناسنامە”

ئیلهام حەمێ، ژنێکی گەنج ئاماژەی بەوەشکرد، نکۆڵیکردن لە یەپەژە بە واتای لەناوبردنی ئیرادەی ژنان دێت و وتی: ئێمە هەڵوێستێکی زۆر بەهێزمان هەیە دژی سیاسەتی حکومەت کە نکۆڵی لە یەپەژە دەکات و تا کۆتایی قبوڵی ناکەین، نەک هەر نکۆڵی لە هێزێکی سەربازی ژن دەکەن، بەڵکو نکۆڵی لە بوون و ئیرادەی ئێمەی ژنیش دەکەن، شەڕڤانانی یەپەژە وەک هیچ هێز و شەڕڤانێکی تر نین، ئامانج و ئایدۆلۆژیا و ناسنامەیان هەیە.
”ئێمە بە هەر شێوەیەک بێت بەشداری تێکۆشان دەکەین”

ئیلهام حەمێ، دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەویش ئامادەیە بچێتە ناو یەپەژە، وتی: وەک ژنێکی گەنجیش ئامادەم بچمە نێو ئەم هێزە و بەشێک بم لەم تێکۆشانە بۆ دەستەبەرکردنی داهاتووی لە سووریا، بە واتایەکی تر ئامادەین بۆ هەر مەرج و هەلومەرجێک بۆ ئەوەی هێزەکەمان بتوانێت بوونی خۆی بپارێزێت، خوشکێکم هەیە لە یەپەژە، ئەمە گەورەترین شەرەفە بۆ ئێمە و زۆر شانازی بەمەوە دەکەین.
”ئێمە لە بەرامبەر نکۆڵیکردندا بێدەنگ نابین”
جیهان مستەفا ڕوونیکردەوە، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی یەپەژە هاوڕا نییە و وتی: کاتێک چاومان ژنانی شەڕڤان دەبینین، هێزێکی نائاسایی دەبینین و هەستێکی گەورە بە شانازیکردن دەمانگرێتەوە، ئێمە بوونمان لەوان دەبینین، ئەوان نوێنەرایەتی ئیرادەی ئێمە دەکەن و لە هەڵوێستی خۆیاندا هەموو ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان پیشان دەدەن، دوای ئەو هەموو بەرخۆدانە، کە بە ئامادەی بوون و خۆیان کردە قوربانی دوژمن، کام ژن ڕازی دەبێت ئەم هێزە لەناوببرێت؟
”ئێمە لە هەموو بوارێکدا سەربەخۆیی خۆمان دەپارێزین”
جیهان مستەفا ئاماژەی بەوەدا، کە پێویستە دەزگای ئاسایشی ژنان و یەپەژە ناسنامەی جیاوازیان بپارێزن و لە کۆتای قسەکانیدا وتی: حکومەتی کاتی پێشنیاری ئەوە دەکات کە یەپەژە بخرێتە ناو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە، ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین، بێگومان ئێمە ئەوپەڕی ڕێزمان بۆ دەزگای ئاسایشی ژنان هەیە کە هەروەها ناسنامەیەکی کاریگەریان هەیە، بەڵام وەک هێزێک یەپەژە بوون و هەڵوێستێکی جیاوازی هەیە، بۆیە تێکۆشان و کارمان ئەوە بوو کە هێزی بەرگری سەربەخۆ و ناسراومان لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریدا جێگەی خۆی بگرێتەوە.