ژنانی کارکەری مەخمور: ١ی ئایار ڕۆژی تێکۆشانە

ژنانی کارکەر لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم کودی "مەخمور" ١ی ئایاریان لە هەموو ژنانی کارکەر پیرۆز کردو ڕایانگەیاند، ١ی ئایار ڕۆژی تێکۆشانە.

بەرژین کارا

 

مەخمور-ڕۆژی ١ی ئایار ڕۆژی تێکۆشانی کرێکارانە، ڕۆژی یەکگرتوویی کرێکاران و خەڵکی چەوساوەیە، لە ١ی ئایاری ١٨٨٦ بە پێشەنگایەتی کۆنفیدراسیۆنی یەکێتی کرێکارانی ئەمریکا، کرێکاران دەستیان کرد بە مانگرتن دژ بە بەرنامەی کارکردنی ٦ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، کە داوای ٨ کاتژمێر کارکردنیان دەکرد، ٥٠٠ هەزار کرێکار لە شیکاگۆ بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد، لە دووەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیدا کە لە ١٤-٢١ی تەمووزی ١٨٨٩ لەسەر پێشنیاری نوێنەری کرێکارانی فەڕەنسا کۆبوونەوە، بڕیار درا کە ١ی ئایار لە سەرانسەری جیهاندا بە "ڕۆژی یەکێتی، تێکۆشان و یەکگرتوویی" یاد بکرێتەوە.

 

ملیۆنان کرێکار لە سەرانسەری جیهاندا دەچنە سەر شەقامەکان بۆ پیرۆزکردنی ١ی ئایار، لەم ڕۆژەدا کرێکاران لە سەرانسەری جیهاندا و سەندیکاکانیان داوای باشترکردنی بارودۆخی کارکردن زیادکردنی کرێ دەکەن.

 

هەروەها ژنانی کارکەری کامپی پەنابەرانی مەخمور سەبارەت بە گرنگی ١ی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران، بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.

 

شەریف کارا، یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانە سەرەتاییەکان، ئاماژەی بەوەکرد، ئەم ڕۆژە لە ڕێگەی تێکۆشانی کرێکارانەوە بەدەست هاتووە و وتی: لە ١ی ئایاری ١٨٨٦ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چالاکی  کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن دەستیپێکرد، ئەم چالاکییە بە تێپەڕبوونی کات لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بڵاو بووەوە. لە ساڵی ١٩٨٩ نوێنەری کرێکارانی فەڕەنسا لە فەڕەنسا ڕۆژی یەکگرتنەوەی کرێکارانی لە ١ی ئایار ڕاگەیاند، لەو ڕۆژەوە ئەم ڕۆژە لە هەموو جیهاندا پیرۆز دەکرێت.

 

"کرێکاران داهاتووی خۆیان لەدەست دەدەن"

شەریف کارا تیشکی خستە سەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا و وتی: ئەگەر ئەمڕۆ سەیری تورکیا بکەین، دەبینین هێشتا مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێن، کرێکاران هێشتا لەژێر وێرانەکاندان، کارەساتی گەورەیان لەسەر هەیە و کەس زانیاری دەربارەیان نییە، ئەوەیە کە پشتگوێ دەخرێن. لە ئێران، کرێکاران ڕۆژانە دەکوژرێن یان لە سێدارە دەدرێن، لە شەڕی بەردەوامدا لە کوردستان و لە باکووری کوردستان کرێکاران داهاتووی خۆیان لەدەست دەدەن.

 

"سیستمی دەسەڵاتدار دەیەوێت ژنان لە کارکردن و ئابوری دووربخەنەوە"

 

نۆدەم یامان باسی لەوە کرد، گەورەترین نادادپەروەری لە ژنان دەکرێت لە ڕووی کارکردنەوە و وتی: زۆربەی ئەو کەسانەی کە کار دەکەن ژنن، بەڵام ئەوەندە ماف بە ژنان نادەن کە مافیان بە پیاوان داوە، کرێی زیاتر بە پیاوان دەدرێت، کاتێک سەیری سەرەتا دەکەین، یەکەم کەس کە کاریان دەکرد ژن بوون، لە کۆمەڵگای سروشتیشدا هەمان شت هەیە. لەو کاتەوەی کۆیلایەتی دەستی پێکردووە، ژنان بە شێوەیەکی جیاواز سەیر دەکرێن، واتە دەیانەوێت ژنان لە کار و ئابووری دووربخەنەوە، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی زیاتر بەسەر ژناندا بسەپێنن، هەمیشە جیاکاری لە دژی ژنان دەکەن.

 

"ژنان لە هەموو ساتەکانی ژیاندا بەرخۆدان دەکەن"

نودەم یامان ئاماژەی بەوە کرد کە ژنان ئێستا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خەبات دەکەن و وتی: هەندێک گۆڕانکاری زهنی هەیە و ئێستا ژنان بە کارەکانیان دەتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن، بەڵکو لە لایەنی ئابوورییەوە، ئێستا ژنان ئاگاداری هێزی خۆیانن، بۆیە دەبینین ژنانیش لە هەموو بوارەکاندا جێگای خۆیان دەگرن، لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا، ژنان لە هەموو لایەکەوە بەرۆخدان دەکەن، من خۆم کرێکارم و دەمەوێت هەتا دەتوانم کار و بەرهەمەکانی خۆم بەدەست بهێنم، هەم بۆ ئابووری خۆم و هەم بۆ کۆمەڵگەکەم.

 

لە کۆتایی قسەکنایدا، نۆدەم یامان داوای لە هەموو ژنان کرد بێدەنگ نەبن دژی نادادپەروەری.