ژنانی حەلەب دژی سەپاندنی حیجاب کاردانەوەیان نیشاندا

ژنانی کورد و عەلەوی و عەرەب ڕایانگەیاند کە سەپاندنی حیجاب لەلایەن تەحریر شامەوە قبوڵ ناکەن و پەیامێکیان دا کە دژایەتی سەپاندن بەسەر ژنانی کورد و عەلەوی و عەرەبدا دەکەن.

دڵپاک داغ

 

حەلەب-لە سووریا، دوای ئەوەی تەحریر شام "هەتەشە"و گروپە جیاوازەکان لە ٢٧ی تشرینی دووەم دەستیان بەسەر شاری حەلەبدا گرت و لە ٨ی کانوونی یەکەمدا چوونە ناو شام، ڕژێمی بەعس ڕووخا، ئەو حکومەتە کاتیەی کە لەلایەن هەتەشە دامەزراوە، تەنانەت لە پشت قسەکانی دیموکراسیشەوە، یاساکانی شەریعەت بەسەر ژناندا دەسەپێنێت.

 

ئێمە پرسیارمان لە گەل و ژنانی حەلەب کرد سەبارەت بەو "جلوبەرگە بە پێی شەریعەت" کە بەسەر گەل و ژنانی سووریادا سەپێنراوە.

 

نەسرین ئیبراهیم، ​​بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئیسلامی حەلەب ڕایگەیاند، دوای ئەوەی عەفرین لەلایەن چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکەوە داگیرکرا، ڕووی لە حەلەب کردووە و لە گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفییەی حەلەب بەردەوامە لە کارەکانی.

 

"سەپاندنی حیجاب قبوڵ ناکەین"

نەسرین ئیبراهیم ڕایگەیاند، زانیارییان پێگەیشتووە کە حیجاب بەسەر ژنانی حەلەبدا سەپێندراوەو وتی: عەبای ڕەش بەسەر ژنانی حەلەبدا دابەش دەکەن، ئێمە باوەڕمان بەم شتە نییە، لە ئاییندا زۆرەملێ نییە، سەپاندنی ڕۆژوو قبوڵ ناکەین.

 

نەسرین ئیبراهیم بەبیریهێنایەوە کە حەلەب شارێکە خاوەنی چەندین کولتوور و بیروباوەڕە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو گەلان و بیروباوەڕ و کولتوورەکاندا هەیە، پێویستە خەڵک لە ڕووی بیروباوەڕەکانیانەوە ئازاد بن و ڕێگە نەدەن هیچ شتێک ڕێگرییان لێبکات.

 

"پێویستە ژنان ئامادەبن لە بونیادنانی سیستمی نوێ لە سووریا"

نەسرین ئیبراهیم ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، خەڵکی سووریا هەناسەیەکی قووڵیان هەڵمژی، بەڵام نزیکبوونەوە و کردەوەکانی هەتەشە بووە هۆی نیگەرانی گەل و وتی: تەمەنی ڕژێمی بەعس درێژ بوو، لەگەڵ داڕمانی، خەڵک هەناسەیەکی قووڵیان هەڵمژی، بەڵام پێویستە ژنانیش بەشداربن لە بونیادنانی سیستمێکی نوێ لە سووریادا”.

 

"دەبێت هەموو کەسێک ئازاد بێت بەپێی بیروباوەڕی خۆی بژی"

دلۆڤان موسا عەلەوی ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکرا، لە حەلەب نیشتەجێ بوو، چەتەکانی سەر بە تەحریر شام حیجاب بەسەر ژناندا دەسەپێنن، ژن دەتوانێت بە باوەڕەکەی خۆی حیجاب بپۆشێت، من لە بنەماڵەیەکی عەلەوی گەورە بووم، بەڵام بە ویستی خۆم سەرم دادەپۆشم، ئێمە لەگەڵ گەلی باوەڕی ئێزدی و مەسیحی دەژین، پێویستە هەموو کەسێک بەپێی بیروباوەڕی خۆی بە ئازادی بژی، نابێت هیچ فشارێک هەبێت.

"فشار لەسەر بیروباوەڕی جیاواز هەیە"

حەنیفە عەلوش، کوردێکی خەڵکی عەفرین، ڕایگەیاند، چەتەکان فشار دەخەنە سەر گروپە باوەڕە جیاوازەکان وتی: ناتوانن بە زۆر حیجاب بەسەر ژناندا بسەپێنن، فشار دەخەنە سەر کەسانی بیروباوەڕی جیاواز، ئەمە ڕاست نییە، باسی 'سووریای ئازاد' دەکەن، لەلایەک فشار دەخەنە سەر ژنان، ئەوان لەگەڵ قسەکانیان ناکۆکن.

 

"ژن ئازادن"

عەبیر زەکەریا. ئەندامی دەزگای ژنانی ئازادی سووریا ڕایگەیاند، ژنێکی عەرەبە و فشار لەسەر ژیانی ژنان قبوڵ ناکات، بە پێی باوەڕەکەی حیجاب دەپۆشێت و وتی: بۆچی حیجاب بەسەر ئەو ژنانەدا دەسەپێنن کە لە باوەڕی ئێمە نین، کە موسڵمان نین؟ ئێمە لە سووریا بە چەندین نەتەوە و بیروباوەڕی جیاوازەوە پێکەوە دەژین، کورد، چەرکەس، مەسیحی، دروز، ئێزدی هەن و مەرج نییە بەپێی شەریعەتی ئیسلامی بژین، لە ڕووی باوەڕەوە نابێت هیچ فشارێک هەبێت، ژنان ئازادن و ناتوانیت پێیان بڵێیت 'لە ماڵەوە دابنیشن'، ژنان ساڵانێکە لەژێر فشاردا دەژین، ئێمە ئیدارەیەکی دڕندەتر قبوڵ ناکەین، ژنان سەپاندنی حیجاب قبوڵ ناکەن و دژی تێدەکۆشن، ئێمە هێزمان هەیە، دەمەوێت بانگەواز بۆ هەموو ژنان بکەم؛ گرنگ نییە چی دەبێت، نابێت فشار و سەپاندن قبوڵ بکەین.