ژنانی گەنجی ئەرمەنی: هێزی خۆمان لە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک وەردەگرین

ژنانی گەنجی ئەرمەنی ئاماژەیان بەوەکرد، ڕێکخستنەکەیان لە ژێر چەتری خۆبەڕێوەبەریدا وەڵامێکە بۆ پلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و لەڕێگەی ڕێکخستن و زانینی ژنانەوە کۆمەڵگەکەیان دەپارێزن.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- بە دروشمی "بەڕۆح و ڕێکخستنی گەنجانی ئەرمەنستان، فاشیزم تێکدەشکێنین و کۆمەڵگەیەکی ڕەوشتی و سیاسی بونیاد دەنێین" لە ٣٠ی تشرینی یەکەمدا، تەڤگەری گەنجانی دیموکراتیکی ئەرمەنی یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە خوێندنگەی ماربێلا لە شاری حەسەکە لە کانتۆنی جزیرە بە بەشداری ١٥٠ کەس لەڕێکخراوەکانی خۆبەڕێوەری، ئەنجومەنی کۆمەڵگەی ئەرمەن و یەکێتی ژنانی ئەرمەنستان لەدارخست.

 

بەستنی کۆنگرە وەک هەنگاوێک و وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرش و پلانی لەناوبردن و ئینکاری پێناسە کرا، هەروەها له درێژەی کۆنگرەکه دا نمایشی فیلمێک له سەر کار و چالاکییەکانی تەڤگەری گەنجانی دیموکراتیکی ئەرمەنستان دەکرێت، تیایدا دیدگاکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان له بارەی ڕۆڵی گەنجان لەکۆمەڵگه، بارودۆخی سیاسی، ڕێکخراوەکە، لێکۆڵینەوە لە سیستمی ناوخۆیی و گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکان و پەرەپێدانی کار و چالاکییەکانی تەڤگەری گەنجان ئەنجامدرا.

 

"وەڵامی سیاسەتی وێرانکاری و ئینکاری دەدەینەوە"

لۆسناک کاڤۆریان، ئەندام و بەڕێوەبەری تەڤگەری گەنجانی دیموکراتیکی ئەرمەنستان، پیرۆزبایی کۆنگرەی کرد و وتی: یەکەمین کۆنگرەمان بەڕێوەدەچێت، تەڤگەری گەنجانی ئەرمەنستان هەموو گەنجانی ئەرمەنی پەروەردە دەکات و ڕێکدەخات بۆ ئەوەی لە مەترسی ڕزگاریان بکات، سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەمڕۆ ئێمە کۆنگرەی خۆمان دەبەستین و خۆمان ڕێکدەخەین، ئەم کۆنگرەیە بۆ ئەوە گرنگە؛ ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ گفتوگۆکردن و فراوانکردنی کارەکانمان و وەڵامدانەوەی هەموو پلانەکانی لەناوبردن و نکۆڵیکردن کە لەسەر گەلی ئەرمەنستان و هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە ئەنجامدەدرێن.

 

"زانستی ژنان ڕزگاربوونە لە تۆمار و بڕگە دواکەوتووەکانی سیاسەتە دەسەڵاتدارەکان"

لۆسناک کاڤۆریان سەرنجی بۆڕۆڵی ژنانی گەنج لە پەرەپێدانی هۆشیاری کۆمەڵگەدا ڕاکێشا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ژنانی گەنج ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پەرەپێدانی هۆشیاری کۆمەڵگە، بۆیە ئەوانەی تەڤگەری گەنجانی ئەرمەنستان بەرەوپێش دەبەن و دەگەنە ئەم ئاستە ژنانی گەنجن، ئەمڕۆ ژنانی گەنج کاردەکەن بۆ گۆڕینی هۆشیاری کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی زانستی ژنان، کارێکی بەرفراوان دژی تۆمار و بڕگەکانی دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی و سیاسەتی دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان دەکەن کە ژنیان کردووەتە کۆیلە، بۆیە ڕۆڵی ژنانی گەنج لە سیستمی ناوخۆی تەڤگەری گەنجانی دیموکراتیکی ئەرمەنستاندا ڕۆڵی سەرەکییە.

 

"بیرۆکەکانمان چەکی ئێمەن"

لۆسناک کاڤۆریان جەختی لەوەکردەوە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەرخەری بێدەسەڵاتی و لاوازی دەوڵەتی تورکیایە و وتی: هێرشەکان دژ بە بیرۆکە و سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک ئەنجام دەدرێن، هەموو وڵاتانی دەسەڵاتدار لەم سیستمە دەترسن، چونکە بەپێی بەرژەوەندی دەسەڵات نییە، ئه مڕۆ به چەکی قورس هێرش دەکەن، بەڵام وەڵامی ئێمه پشتیوانی له سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکە که له ڕێگەی بیری ڕێبەر ئاپۆ بڵاو بووەتەوه، هەرچەندە تەکنەلۆژیاکەیان پێشکەوتووبێت، بەڵام ناتوانن کاریگەری بیری ئازاد و دیموکراتیک لە ناو ببەن.

 

"ئێمە بوونمان هەیە و خاوەن زمان و کولتوور و ناسنامەین"

لۆسین قاسەبیان، ئەندامی کۆمیتەی کولتوورو هونەری ئەنجومەنی کۆمەڵگەی ئەرمەنستان، ئاماژەی بەوەکرد، هەموان بە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیانەوە بەشداری کۆنگرەیان کردووە و وتی: لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ گەلی ئەرمەن تووشی زیان کۆمەڵکوژی و کوشتن بووە، بەڵام کات تێپەڕیوە، ئێمە هاتووین لە ژێر سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکدا خۆمان ڕێکبخەین، بۆیە پەیامی ئەمڕۆمان لەم کۆنگرەیە ئەوەیە کە دەڵێین ئێمە بوونمان هەیە، ئێمە خاوەنی کولتوور و زمان و نەتەوەیەکین و کەس ناتوانێت لەناومان ببات.

 

لە کۆتایی کۆنگرەدا ئەم بڕیارانە درا: دامەزراندن و بەشداریکردنی ئەنجومەنی سەربازی ئەرمەنستان، زیادکردنی بەشداری لە تەڤگەری گەنجانی ئەرمەنستان، کارکردن لەگەڵ ئەنجومەنی گەنجانی سووریای دیموکراتیک، پێشخستنی زانیاری کۆمەڵگەی ئەرمەنی لەڕێگەی پەروەردەو دامەزراندنی لیژنەی گەنجان لەو شارو شارۆچکانەی کە ئەرمەنییەکان تێیدا دەژین.