ژنانی گەنج لە خوێندندا سەرکەوتوون، بەڵام لە سەرکردایەتی و کارکردندا دواکەوتوون
کاتێک ژنانی گەنج لە خوێندندا یەکەم و سەرکەوتوون، بەڵام بەهۆی باڵادەستیی ئەقڵییەتی پیاوسالارییەوە لە بەدەستهێنانی هەلی کار و پێگەی بڕیارداندا لە پاش پیاوانەوەن.
نەزیهە بوسعیدی
تونس ـ کاتێک حەبیب بورقیبە، سەرۆکی پێشوو خوێندنی زۆرەملێی بۆ هەمووان سەپاند، یەکێتیی ژنانی تونسی دەستی بە لەمپینی هۆشیارکردنەوە کرد بۆ ناساندنی یاساکە و هاندانی خێزانەکان بۆ جێبەجێکردنی، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکاندا، ئەم هەوڵانە بەشدار بوون لە تێکەڵبوونی ژمارەیەکی زیادی منداڵانی کچ بە قوتابخانەکان، هەرچەندە ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە ساڵانی یەکەمدا بەرز بوو، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەژاری لەلایەک و ئارەزووی هەندێک خێزان بۆ ئەنجامدانی گاوسەرگیری کچەکانیان لە تەمەنێکی زوودا لەلایەکی ترەوە.
لەگەڵ پەرەسەندنی کۆمەڵگە و پێشکەوتنی دەستوور و یاساکان کە پشتگیریی مافی منداڵانی کچیان کرد لە خوێندن، دۆخی پەروەردەیییان بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بوو، زیاتر توانایان هەلبژارد بۆ درێژدان بە خوێندن و تەواوکردنی قۆناغە جیاوازەکانی پەروەردە، پاشان تێکەڵبوون بە بازاڕی کار و سەربەخۆیی ئابووری بەهۆی ئەو بڕوانامە و توانایانەی کە بەدەستیان هێناون.
لە سەرەتای نەوەدەکانەوە سەرکەوتنی ڕوونی ژنان لە خوێندن لە تونس بەراورد بە ڕەگەزی پیاو دەستی بە دەرکەوتن کرد و ڕوویان لە بەشە زانستییەکان کرد پلەی یەکەمیان تێیدا بەدەستهێنا، نەجات عەرعاری، شارەزای کۆمەڵناسی پابەندبوونی ژنانی گەنجی بە خوێندن و سەرکەوتن تێیدا گەڕاندەوە بۆ سەپاندنی خود و متمانە بەخۆبوون و ئەوەی کە کچ لە هیچ کەسێک کەمتر نییە و بۆ سەربەخۆیی ئابووری لە بەرامبەر کەسانی تردا.
ژنانی گەنج پێشڕەوی سەرکەوتن دەکەن
وتی: بەڵام ئەم سەرکەوتنە لە پێگە و شوێنی دیکەدا بەرهەمەکەی نەچنییەوە، ئەوەش دووپاتبووەوە بە دەرکەوتنی جیاوازییەکی ڕوون کە لە قوتابخانە، زانکۆ و پێشبڕکێکاندا، ژنانی گەنج پێشڕەوی دەکەن و پلەی یەکەم بەدەستدەهێنن، بەڵام هەر کاتێک بوارەکانی وەرگرتنی زانست جێدەهێڵین و نزیک دەبینەوە لە بازنەکانی دەسەڵات، سەرکردایەتی، بڕیاردان و دانپێدانانی ئاماژەیی، ئامادەبوونی ژنان دەست بە پاشەکشە دەکات و پیاوان دەگەڕێنەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پێشەوەی دیمەنەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە پرسیارە ڕاستەقینە کۆمەڵناسییەکە ئەوەیە: چی ڕوودەدات دوای سەرکەوتن؟ چۆن کۆمەڵگەیەک دەتوانێت نەوەیەک لە ژنانی خوێندەوار و سەرکەوتوو بەرهەمبهێنێت، پاشان لە دەروازەکانی دەسەڵات و بڕیاردا دووبارە کار لەسەر هەمان ئامرازە کۆنەکان بکاتەوە کە پێشەنگی بە پیاوان دەبەخشن لە گەیشتن و شوێن پێگەیاندن و دانپێداناندا؟.
جەختی لەوەش کردەوە، کە یەکێک لە لوتکە پێچەوانەکانی سیستەمی باوکسالاری هاوچەرخ ئەوەیە کە ئیتر ڕێگری لە ژن ناکات لە خوێندن، ڕەنگە پیرۆزبایی سەرکەوتنیشیان لێ بکات، بەڵام دەتوانێت بەردەوام بێت لە کۆنتڕۆڵکردنی سنووری ئەم سەرکەوتنە بۆ ئەوەی بە ناچاری نەگۆڕێت بۆ دەسەڵات، یان توانای بڕیاردان.
لێرەدا ئەوە دەردەکەوێت کە دەکرێت ناوی بنێین درز یان کەلێن لە نێوان سەروەت و سامانی زانستی و سەروەت و سامانی دەسەڵاتیدا، کە تێیدا ژنان دەتوانن بڕوانامە، شارەزایی و زانیاری کۆبکەنەوە، بێ ئەوەی ئەم سەرچاوانە ناچار بگۆڕێن بۆ ئامادەبوونێکی هاوتەریب لە ناو بوارەکانی سەرکردایەتی و دروستکردنی بڕیاردا.
ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک ڕیزەکانی سەرکەوتوو دەبینین پڕن لە ژنان، پاشان سەکۆکانی بڕیار و رێزلێنان دەبینین کە پیاوان تێیدا باڵادەستن، ئێمە لەبەردەم ڕێککەوتێک یان تەنها کەموکوڕییەکی نوێنەرایەتیدا نیین، بەڵکو لەبەردەم پرسیارێکی قووڵترداین کە پەیوەندی بە چۆنیەتی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەژمونی و پێگەی پیاوانەوە هەیە، تەنانەت لە ناو کۆمەڵگەیەکیشدا کە شوێنی ژنان تێیدا گۆڕاوە لە خوێندن و کار و بۆشایی گشتیدا.
نجات عەرعاری لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: کەواتە کێشەکە لە نەبوونی ژنانی لێهاتوو نییە، بەڵکو کێشەکە لە سیستەمێکدایە کە دەتوانێت ژنی سەرکەوتوو قبووڵ بکات، بەڵام هێشتا سەختی لە قبووڵکردنیدا دەبینێت وەک خاوەن بڕیار.
مەترسی و پاشەکشەکان
هاجەر نەسڕ، ڕێکخەری بەرەی یەکسانی و مافی ژنان بۆ ئاژانسەکەمان وتی: ئامارەکان سەلماندوویانە کە ژنان لە خوێندندا سەرکەوتوون و ڕێژەی دەرچووانی خوێندنی باڵا زۆر بەرزترە لە ڕێژەی ڕەگەزی پیاو، لە کاتێکدا دەرفەتەکانیان لە بازنەی کار و بەدەستهێنانی کاردا زۆر کەمترە لە پیاوان.
ڕوونیکردەوە، کە ئەم داتایە نیشاندەرێکی گرنگ پێکدەهێنێت بۆ ئێمە، چونکە ڕەنگدانەوەی قەبارەی پێشکەوتنە لە چەسپاندنی بنەمای یەکسانی کە ئێمە، وەکو داکۆکیکارانی لەپێناویدا، هەوڵی بەدیهێنانی دەدەین لە ڕێگەی مسۆگەرکردنی هەلی کاری یەکسان بۆ ژنان و پیاوان، هەروەها بەهێزکردنی ئابووری ژنان لە لای خۆیەوە فاکتەرێکی سەرەکییە لە بەدیهێنانی یەکسانی، چونکە بەشداری دەکات لە دەرهێنانیان لە بازنەی توندوتیژی و بەهێزکردنی سەربەخۆیی و توانایان بۆ بڕیاردان سەبارەت بە ژیانیان.
ڕایگەیاند، کە کێشەکە قووڵتر دەبێتەوە و پێچەوانەکەی بە شێوەیەکی ڕوونتر دەردەکەوێت لە کاتی قسەکردن لەسەر گەیشتنی ژنان بە پێگەکانی دروستکردنی بڕیار، لە کاتێکدا ڕێژەی نوێنەرایەتیان هێشتا زۆر سنووردارە، لاوازی ئامادەبوونی ژنان لە پێگەکانی بڕیاردا ڕەنگدانەوەی بەردەوامیی قووڵبوونەوەی ئەقڵییەتی پیاوسالارییە لە کۆمەڵگەدا، کە سەیری ژن دەکات وەک بوونەوەرێک کە توانای گەیشتن بە ناوەندەکانی بڕیار، یان سەرکەوتنی نییە لە کاتی وەرگرتنی پۆستە سەرکردایەتییەکاندا، ئەمەش لە لای خۆیەوە وێنە نموونەییەکان دەچەسپێنێت و دەرفەتەکانی ژنان سنووردار دەکات بۆ بەرزبوونەوە بۆ پێگەکانی بەرپرسیارێتی و سەرکردایەتی.
جەختی لەوە کردەوە، کە ژنان هەوڵێکی دوو هێندە دەدەن بۆ سەلماندنی شایستەیی خۆیان بۆ ئەو پۆستانەی کە دەگەنە دەستیان، بەراورد بە پیاوان، ئەوەش بارگرانییەکی گەورە لەسەریان دروست دەکات، لە کاتێکدا پیاو دەتوانێت بگەێتە ئەو پێگەیەی کە دەیەوێت بە هەوڵێکی کەمتر، لەوانەش پێگەکانی دروستکردنی بڕیار و پۆستە سیاسییەکان، ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ سروشتی کۆمەڵگەی پیاوسالاری، لەگەڵ کاریگەری پەرەسەندنی وتارە دوژمنکارەکان بەرامبەر بە ژنان و بڵاوبوونەوەیان.
جەختی لەوە کردەوە، کە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ، کە لەسەر بنەمای یەکسانی لە نێوان ژنان و پیاواندا دامەزراوە، وەک کارێکی سەخت دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی ژنان نەتوانن بگەنە پێگەکانی دروستکردنی بڕیار، بەشداری کارا لە داڕشتنی یاسا و سیاسەتەکاندا، کۆنتڕۆڵکردنی بودجەی دامەزراوەکان، دابینکردنی سیاسەتەکان و نەخشەی ڕێگا کە ڕێگەیان پێبدات بگەنە پێگەکانی بڕیار لەسەر یەکسانی لەگەڵ پیاواندا.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە تونس چەندین دەستکەوتی دەستووری لە بواری پاراستنی مافی ژناندا بەدەستهێناوە، بەڵام کێشەکە لە لاوازی جێبەجێکردنی ئەم یاسایانەدایە، جەختی لەسەر تەانای کارکردن کردەوە بۆ باشترکردنی ئامرازەکانی جێبەجێکردنیان و بەهێزکردنی کاریگەرییان.
هاجەر نەسڕ جەختی لەوە کردەوە، کە پاشەکشە لە مافی ژنان و پێگەیان مەترسییەکە کە هەڕەشە لە تونس دەکات، بەتایبەتی کە هەمیشە بە چراخان لە بواری مافی ژناندا دادەنرا، بە توندی جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی ئەو دەستکەوتانە کردەوە کە بەدیهاتوون، بەهێزکردنی پاراستنی مافی ژنان، وە بۆ ڕێگریکردن لە هەر خلیسکانێک کە ببێتە هۆی پێچەوانەبوونەوەی.