ژنانی غەززە ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە

ژنانی غەززە بەهۆی ئەو دەسەڵاتە پیاوانەی کە هەوڵی تێکدانی ناسنامەی ژنان و کەمکردنەوەی پێگەی ژنان دەدات، تووشی فشار و جیاکاری دەبن و لە ماف و پێداویستییە سەرەتاییە ڕەواکانیان بێبەش دەکرێن.

نەغم کەراجە

 

غەززە-هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە زۆرترین کاریگەری لەسەر ژنان و منداڵان هەیە، لە کەرتی غەززە پێشێلکاری مافەکان بەرامبەر ئەو ژنان و منداڵانە ئەنجام دەدرێن کە بەهۆی شەڕەوە باجێکی قورس دەدەن،  بارودۆخی مرۆیی لە غەززە بەهۆی بەردەوامی گەمارۆ و پەکخستنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و نەبوونی خۆراک و ئاوی پاک و تەندروستی خراپتر دەبێت.

 

"ژنان لە وەرگرتنی هاوکاریدا ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە"

ماها شامی، دایکی یەک منداڵی فەلەستینییە، لە باکووری گەمارۆدراوی غەززە دەژی وتی: هاوژینەکەم کاتێک هەوڵیدا ئارد بهێنێتە ماڵەوە بریندار بووە، هیچ سەرچاوەیەکی داهاتمان نییە، بۆیە دەبێت بەدوای کاردا بگەڕێم بۆ دابینکردنی خۆراکی ڕۆژانە، وەک ئەوانی تر داوای هاوکاری مرۆییم کرد، بەڵام ئیدارەی بەرپرسیار ئەم مافەی لێ زەوت کردم، کە هاتمەوە و داوای مافەکانم کرد، گفتوگۆیان لەگەڵ کردم، ئەم مامەڵە نادادپەروەرانە ئەوە نیشان دەدات کە لە کاتی وەرگرتنی یارمەتیدا چەندە جیاکاری لە دژی ژنان دەکرێت، یارمەتییەکان زیاتر بە پیاوان دەدرێت.

 

"ڕەنجی ژنان پێشێل دەکرێت"

مەها شامی ڕوونیشیکردەوە، ژنان بەهۆی نەبوونی پاڵپشتییەکی کەمەوە ناچارن بە دوای کاردا بگەڕێن بە کرێی کەمەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: زۆرجار پێشێلی کارەکانی ژنان دەکرێت و حەقدەستی کەم دەدرێت، کە بەشی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکان ناکات، بارگرانییەکی دەروونی و جەستەیی بۆ ژنەکان زیاد دەکات، سەرەڕای ٩ کاتژمێر کارکردن، دیسانەوە تووشی پێشێلکاری کار بوومەوە بە مووچەیەکی کەم، ئەم هاوکارییە تەنانەت بەشی پێویستی خۆراکی ڕۆژانەش نەبوو، ئەگەر ناڕەزایەتی دەرببڕین بەرامبەر کەمی مووچە، لە کار دەردەکرێین، ئەمە ئەو ئازارەیە کە ڕۆژانە تووشی دەبم و بارودۆخەکەم خراپتر دەکات.

 

"پێویستە کۆمەڵگەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هۆشیار بن"

ماها شامی ئاماژەی بەوەدا کە سووکایەتی پێکراوە، چونکە هەم ژن بووە و هەم کۆچبەر بووە و وتی: من یەکەم زیانبەرکەوتوو نەبووم کە ئازارم چەشت بۆ ئەوەی خۆراک بۆ خێزانەکەم پەیدا بکەم، هەزاران ژنی زیانبەرکەوتوو هەیە لە ترسی سزا یان ئاوارەبوون و بێدەنگ دەبن، پێویستە میکانیزمەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان دووبارە هەڵبسەنگێندرێنەوە و شەفافیەت لە دابەشکردنی هاوکاریدا هەبێت، پێویستی هەموو گروپە زیانلێکەوتووەکانی شەڕ بەبێ جیاوازی دابین بکرێت، لە پێناو کەمکردنەوەی قەیرانی مرۆیی لە ناوچەکە، پێویستە کۆمەڵگەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەوڵی دەستەبەرکردنی مافە سەرەتاییەکانی ژنان و پاراستنیان لە توندوتیژی و جیاکاری بدەن.