ژنانی عەفرین و شەهبا پشتیوانیان لە ژنانی هندستان کرد

ژنانی عەفرین و شەهبا بە بەیاننامەیەک پشتگیریان لە ناڕەزایەتی و خەباتی ژنانی هندستان کرد و داوایان لە ژنان کرد دژی هەموو ئەو سیستم و هەڵوێستە نامرۆڤانە بوەستنەوە کە لەسەر ژنان ئەنجام دەدرێن.

شەهبا

 

لە شاری کالکوتا لە هندستان لە ٩ی ئابدا، دەستدرێژی زایەندی کرایە سەر پزیشکێکی ژن و دواتر کوژرا، دوای ڕووداوەکە ژنان لە سەرتاسەری هیندستان چوونە سەر شەقامەکان و چالاکیی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان لە چالاکییەکاندا بەرزکردەوە و داوای دادپەروەرییان کرد، هەروەها پشتگیری بۆ ژنانی هندستان لە زیادبووندایە و ئەندامانی تەڤگەری ژنان و خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی عەفرین-شەهبا بە بەیاننامەیەک ڕووداوەکەی هندستانیان شەرمەزار کرد و پشتیوانیان لە خەباتی ژنانی هندستان کرد.

 

بەیاننامەکە لە بەردەم ئەنجومەنی کانتۆنی عەفرین-شەهبا لەلایەن شیلان شێخۆ، ئەندامی ئەنجومەنی کانتۆنی عەفرین-شەهبا بە بەشداریی نوێنەری ژن و ئەندامان خوێندرایەوە، هەروەها دروشمی "ژن مەکوژن، ژن ژیانە"، "نا بۆ توندوتیژی دژی ژنان" و وێنەی ژینا ئەمینی بەرزکراونەتەوە.

 

"دەبێت ژنان لە دژی هێرشەکان بوەستنەوە"

لە سەرەتای بەیاننامەکەدا، شیلان شێخۆ ڕایگەیاند، جارێکی دیکە فاشیزمی ئەقڵیەتی پیاوان و کردەوەی نامرۆڤانە و نائەخلاقی دژ بە ژنان بە ئامانجی شکاندنی ئیرادەی ئازادی ژنان سەرهەڵدەدات، بۆ مافەکانی ژنان لە هندستان، ڕێپێوانی ژنانی هندستان نزیکە لە مێژووی ژنانی جیهان، ژنانی هندستان بە درێژایی مێژوو ئەشکەنجە و کۆیلایەتی و هەڵاواردنیان بەرامبەر کراوە، بەڵام ڕێبازی خەباتی فێمینیزم لە سەرەتای شارستانییەتە یەک لە دوای یەکەکانەوە دەستی پێکردووە لە هندستان کە ژنان لە کایە جیاوازەکانی ژیاندا گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست، توندوتیژی بە خراپترین شێوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کاریگەریی لەسەر ژنان هەبووە بە کوشتنی پزیشکێکی هیندیشەوە دوای دەستدرێژیکردنە سەری، پێشێلکردنی ڕوونی مافەکانی ژنان و شکاندنی ئیرادەیان بەدی دەکرێت.

 

شیلان شێخۆ داوای لە ژنانی هندستان کرد ڕێپێوانی ئازادی ڕانەگرن و پشتیوانی خۆیان دەربڕی و وتی: ئێمە وەک ژنانی عەفرین و شەهبا بە توندی ئیدانەی کوشتنی ژنە پزیشکێکی هندستان دەکەین و داوا لە هەموو ژنانی هندستان دەکەین بوەستن لە بەرامبەر هەموو ئەو سیستم و کردەوە نامرۆڤانەی دژی ژنان دەکرێت هەروەها پشتگیری خۆمان بۆ ڕێپێوانی ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەردەبڕین.

 

بەیاننامەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.