ژنانی چالاکوان لە ئەڵمانیا دژی سیاسەتەکانی تاڵیبان گردبوونەوە
ژنان و چالاکوانان لە ئەڵمانیا دژی سیاسەتەکانی تاڵیبان گردبوونەوە و داوا لە حکومەتی ئەڵمانیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن فشارە دیپلۆماسییەکان لەسەر تاڵیبان زیاد بکەن و پاراستنی مافەکانی ژنان و کچان ببێتە ئەولەوییەتی پەیوەندییەکانیان.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ژمارەیەک لە هاوڵاتییانی ئەفغانستان و ژنانی چالاکوانی مافی مرۆڤ و ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەردەم بینای وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و درووشمی پشتیوانیکردن لە ئازادی ڕادەربڕین، دادپەروەری، مافی خوێندن و مافی کارکردنیان بەرزکردەوە.
چالاکوانان داوایان لە حکومەتی ئەڵمانیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە فشاری سیاسی و دیپلۆماسی بۆ سەر تاڵیبان زیاد بکەن و مافەکانی ژنان و کچان لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەم گرووپەدا لە پێشینەی کارەکانیان دابنرێت.
لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ دەسەڵات، سنووردارکردنی بەرفراوانی بەسەر خوێندن و دامەزراندن و ئامادەبوونی کۆمەڵایەتی ژنان و کچاندا سەپاندووە، سەرەڕای چەندین جار ناڕەزایەتی بۆ لابردنی ئەو سنووردارکردنانە، بەڵام تالیبان هێشتا سیاسەتەکانی خۆی نەگۆڕیوە و وەڵامی ئەو ناڕەزایەتیانەی نەداوەتەوە.