ژنان سوورن لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکانیان
دایکانی بەتەمەن و ژنانی گەنجی شاری حەسەکە، لەسەر بانگەوازی سەفەربەری، شەو و ڕۆژ گەڕەک دەپارێزن و دەڵێن: کاتی پاراستنی بوونە.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- بەهۆی هێرشەکانی سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک بۆ خۆپاراستن سەفەربەری ڕاگەیاند، لەسەر بانگەوازی سەفەربەری، دایکانی بەتەمەن و ژنانی گەنجی شاری حەسەکە شەو و ڕۆژ لە شەقامەکانی شارەکەدا گەڕەکەکەیان دەپارێزن.
"سەرکەوتن بە پاڵپشتی دایکان مسۆگەرە"
لەگەڵ هێرشەکانی سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەرخۆدان لە دژی ئەم هێرشانەش زیاتر دەبێت، ژنانی کورد پێشەنگایەتی ئەم بەرخۆدانە دەکەن، ژنانێک کە ناڵێن گەنجن یان بەتەمەنن، چەک هەڵدەگرن و لە ڕیزەکانی پێشەوە جێگەی خۆیان دەگرن، هەستی خۆیان بۆ دەزگاکەمان دەربڕی.
زەکیە محەمەد تەمەن ٤٥ ساڵ ڕایگەیاند، پلانێکی پیس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێبەجێ دەکرێت و بە پاڵپشتی دایکان ئەو پلانانە تێکدەشکێن، وتی: بە چەندین قۆناغدا تێپەڕین، دوژمن بە هەموو شێوەیەک هەوڵیدا خاکەکانمان داگیر بکات، حەسەکە بەرخۆدانێکی زۆری نیشاندا و ئەوانەی لە بەرەنگاربوونەوەی چەتەکانی داعش سەرکەوتوو بوون، دایک بوون، لە هەموو شەڕێکدا کە ڕووی دەدا، ئێمە پشتیوانی شەڕڤانانمان دەکرد و بۆ پاراستنی گەڕەکەکانمان دەچووین، ئەوەی ڕێگەی داوە ئەوەندە سەرکەوتن بەدەست بهێنین، بوونی دایکانە لە شەقامەکان، دایکان ئەرکی خۆیان دەگێڕن بۆ پاراستنی ڕەوا، لەم تەمەنەدا ئامادەین تەنانەت لە بەرامبەر سەرما و گەرماشدا وڵاتەکەمان بپارێزین، چونکە کاتی پاراستنی سەروەت و سامانە، ئێمە باوەڕمان بە هێز و بەڕێوەبەریی هەیە و ئامادەین هەرچییەک لێمان داوا بکرێت بیکەین.
لەکۆتایی قسەکانیدا زەکیە محەمەد داوای یەکڕیزی کوردی کرد و وتی: کات کاتی یەکڕیزی کوردە، یەکبگرن و بوونی خۆتان بپارێزن، ئەمڕۆ وڵاتانی جیهان لە دژی کورد یەکگرتوون.
"ئێمە خاوەنداری لە ڕەنج و فیداکارییەکانی منداڵ و شەڕڤانەکانمان دەبین"
کەلسومە محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، دایکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بە هزری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خۆیان پێشخستووە و وتی: بۆ ئەوەی ژیانێکی ئازاد و شەرەفمەندانە بژین، پارچەیەک لە ڕۆحمان بەخشی، ئەمڕۆ لە شەقامەکاندا بەرخۆدان دەکەین بۆ پاراستنی ڕەنج و فیداکارییەکانی منداڵ و شەڕڤانەکانمان، تەمەنمان گرنگ نییە، کاتی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕییە، بەم شێوەیە دەتوانین خۆمان و ناوچەکەمان لە هێرشەکان بپارێزین، داوا لە هەمووان دەکەین ئەرکی خۆیان بۆ پاراستن جێبەجێ بکەن.
"ژنان ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن لە بواری پاراستندا"
خەنا ئەمین ڕایگەیاند کە ژنان ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن لە بواری پارستنداو وتی: لە هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژنان بەرپرسیارن پاراستن، چونکە ئەم شۆڕشە لەژێر پێشەنگایەتی ئەواندا سەرکەوت و بە تێکۆشان و بەرخۆدانەکەی گەیشتە ئەم ئاستە بەنرخ و پیرۆزە، بۆیە ئەمڕۆ لە هەموو کەسێک زیاتر پێویستە ژنان لە دەستکەوتەکانی شۆڕش بقۆزنەوە و ئەو هێرشانە پووچەڵ بکەنەوە، لە سەرەتای هێرشەکانەوە تا ئەمڕۆ شەو و ڕۆژ لەسەر شەقامەکانین و ئەرکی پاراستنمان بەجێدەهێنین، تا کۆتایی بەو پێیە مامەڵە دەکەین، داوا لە هەموو هاوڵاتیانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەم خۆیان بپارێزن.