ژنان لە بەنداوی تشرین ٨ی ئاداریان پیرۆز کرد

ژنانی کانتۆنی جزیرە کە لە ٦٠-ەمین ڕۆژیدا لە بەنداوی تشرین ئێشکگری بۆ ئاو و زەوی و وزەی خۆیان بەڕێوەدەبەن، بە ڕاگەیەندراوێک پیرۆزبایی ٨ی ئاداریان لە سەرجەم ژنان کرد و داوای پشتیوانی لە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن.

تشرین

 

بەرخۆدانی بەنداوی تشرین کە پێی ناوەتە ٦٠-ەمین ڕۆژی خۆیەوە، بە بەشداریی گەلی کانتۆنی جزیرە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، کۆنگرەی ستار ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە بەنداوی تشرین بڵاوکردەوە، لە ساتەوەختی ڕاگەیەندنەکەدا دەوڵەتی تورک ناوچەی دەوروبەری بەنداوەکەی بۆردوومان کرد.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ەنداوی عەگیدەوە، ڕوانگەی شەرەف و بەرخۆدان، لە شوێنی قارەمانێتی و کەرامەتەوە، ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، بە پلەی یەکەم بۆ ڕێبەر ئاپۆ، بنەماڵەی شەهیدان، ژنانی جیهان، و ئازادیخوازان کە لە بەرەکانی بەرخۆدان لە دژی عەقڵیەتی پیاوسالاری وەستاون، پیرۆز دەکەین، هەروەها لە بەرامبەر قوربانیدانی ژنە تێکۆشەرەکانی وەک ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، ساکینو جانسیز، بەسێ، زەریفە، ئارین میرکان و سەما یوجە سەری ڕێز دادەنەوێنین.

 

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لە خەباتی ژنان لە دژی جینۆساید کراو تێیدا هاتووە: وەک دەزاندرێت، بۆ هەزاران ساڵە ژنان لە سەرانسەری جیهاندا ڕووبەڕووی سیستمی جینۆساید و ئیستغلالکردن و لەناوبردن و هەروەها هەموو جۆرەکانی توندوتیژی بوونەتەوە، کە بەهۆی بیرکردنەوەی سێکسیستی، ئایینی، ناسیۆنالیستی و نەریتی پیاوان زاڵن، ئەمانە سیستمگەلێکن کە ژنان وەک کاڵایەک دەبینن و بە پێی بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان دەهێنن بۆ منداڵبوون و دابینکردنی پێداویستییەکانی پیاوان و خێزانەکان، بەڵام سەرەڕای ئەم نامرۆڤایەتی و نزیکایەتییە، ژنان هەرگیز سەریان نەبردووە بە پێچەوانەوە، هەمیشە لە بوارەکانی بەرخۆدان و خەباتدا بوون؛ بەتایبەتی دوای دامەزراندنی تەڤگەری ڕزگاریخوازی ژنان و دیاریی ڕێبەر ئاپۆ لە ٨ی ئاداری ١٩٩٨ کە پێشکەشی هەموو ژنانی کرد و بوو بە نەخشەیەک بۆ ئەوەی هەموو ژنان ئازادی خۆیان بەدەستبهێنن و ئاگاداری ڕەگەزەکەیان بن.

 

لەسەر ئەو بنەمایە، ئێمە وەک ژنانی کورد بەتایبەتی و هەموو ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە درێژایی مێژوو هێڵی بەرخۆدانی ژنانمان ئەنجامداوە، تا ئەمڕۆ، کە لە ئەنجامی ئەو بەرخۆدان و خەباتە، ٨ی ئادار وەک ڕۆژێکی ڕەمزی ناسێندرا، وەک ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەمساڵ بە ڕۆحی ژنانی ئازاد، بە خۆشی و گەرمییەکی زۆرەوە پێشوازی لەم ڕۆژە دەکەین و بەتایبەت کە بانگەوازی ڕێبەر بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک کرا، سڵاو لە ڕێبەر و باوەڕی بە دەسەڵاتی ژنان و پێشەنگایەتییان، ئەو بەرخۆدانەی کە ژنان لە بەنداوی تشرین ئەنجامی دەدەن و ئەو شەهیدبوونانەی کە لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر خەباتکارانمان و خاکەکەمان و وزەی ئێمەدا دەکرێت، بۆچوونی ڕێبەریان لەسەر دەسەڵاتی ژنان سەلماندووە.

 

بۆیە بەڵێن دەدەین گوێ لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بگرین و لە ناوەڕۆکەکەی تێبگەین و بەگوێرەی فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی مامەڵە بکەین و پێداگری لەسەر هۆشیاری پێکەوە ژیانی ئازاد بکەین.

 

ڕاگەیاندنەکە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی کۆتایی هات.