"ڕۆژنامەنووسانی ژن دژی هەر جۆرە سیاسەتێک بەرخۆدان دەکەن"

ڕۆژنامەنووس فارقین کارا لە کامپی مەخموور ڕایگەیاند، هێزە دەسەڵاتدارەکان هەموو جۆرە سیاسەتێکی جینۆساید بۆ قڕکردنی ژنانی ڕۆژنامەنووس ئەنجام دەدەن، ژنانیش لە دژی هەر جۆرە سیاسەتێک بەرخۆدان دەکەن.

نوپەلدا دەنیز

 

مەخموور-ڕۆژنامەنووسان و بەتایبەتی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە سەرتاسەری کوردستان و جیهاندا لە دژی سیاسەتی توندوتیژی و  فشار تێدەکۆسن، ئەوان دەخرێنە ژێر هەموو جۆرە سیاسەتێکی جینۆسایدەوە و دەکرێنە ئامانج، ژنانی ڕۆژنامەنووس لە باکووری کوردستان و تورکیا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و باشووری کوردستان ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردن، گرتن، توندوتیژی و ئەشکەنجەدان دەبنەوە، لە بەرامبەر ئەم سیاسەتانەدا ژنانی ڕۆژنامەنووس خەبات دەکەن و بەرخۆدانی گەورە دەردەبڕن.

 

 ڕۆژنامەنووس فارقین کارا لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" سەبارەت بە سیاسەتەکانی هێزەکانی دەسەڵات لە دژی ڕۆژنامەنوسانی ژن و خەبات و خۆڕاگری ژنان بۆ دەزگاکەمان قسەی کرد.

 

" ئامانجی سەرەکی دەسەڵاتداریی هەمیشە ژنان و کۆمەڵگەن"

 لە سەرەتای قسەکانیدا، فارقین کارا ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی هێزە دەسەڵاتدارەکان ژن و کۆمەڵگەیە و وتی: ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت  "ڕۆژگاری ئەمڕۆمان لە مێژوودا شاراوەتەوە" بۆ ئەوەش کاتێک بە باشی سەیری مێژوو بکەین و لێی تێبگەین، باش تێدەگەین و چارەسەر بۆ هەموو ئەو کارەسات و ڕووداوانە دەدۆزینەوە کە لە ڕۆژگاری ئێمەدا ڕوودەدەن، شەڕ و ململانێ و ناڕەزایەتی و برسێتی و قەیران لە هەموو شوێنێکی جیهاندا هەیە. بە تایبەت کاتێک سەیری ناوەندی ئەو شەڕ و قەیرانانە دەکەین، دەبینین کە شوێنی دەستپێک وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، هەروەها کاتێک دەچیتە قووڵایی ئەمەوە، ئەو وڵاتانەی زۆرترین سامانیان لەسەر زەوی هەیە، ئەو وڵاتانەشن, ئێستا بە قەیرانی ئابووری و سیاسیدا تێدەپەڕین، لە هەمووی زیاتر کۆمەڵگە و بەتایبەتی ژنان کاریگەری لەسەرە و زیانی پێدەگات، کاتێک سەیری مێژوو بکەین دەزانین بۆچی حکومەت ژن و کۆمەڵگە بە تایبەتی دەکاتە ئامانج، دەتوانین بڵێین ئامانجی سەرەکی حکومەت هەمیشە ژنان و کۆمەڵگەیە.

 

"سیاسەتی توند بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان جێبەجێ دەکرێت"

 فارقین کارا سەرنجی بۆ هێرش و سیاسەتەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان ڕاکێشا و وتی: لەو پڕۆسەیەی کە تێیدا دەژین، کۆمەڵێک هەنگاوی بنەڕەتی هەن کە خەباتی پێکهاتەکان و گەلان بەهێزتر دەکەن، یەکێک لەوانە ڕاگەیاندنە، هەر لەبەر ئەو هۆکارە زۆربەی هێرشەکان لەسەر ئەم قاچی سەرەکییە بە مەبەستی شکستهێنان و سەرکوتکردنی دەستکەوتەکان ئەنجام دەدرێن، ئەم سیاسەت و هێرشانە بۆ سەر ڕاگەیاندن نەک تەنها لە یەک شوێن لە هەموو جیهان بەڵکو لە هەمان چوارچێوەدا ئەنجام دەدرێن، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی لە کوردستان ئەم سیاسەتە بە وردەکاری جیاوازەوە بەڕێوە دەچێت، لە گرتنەوە تا ئەشکەنجەدان، لە کوشتن تا لەسێدارەدان، هەوڵ دەدرێت بە شێوازی جۆراوجۆر دەنگی کۆمەڵگە بێدەنگ بکرێت، بێگومان لێرەدا جیاوازی ڕەگەزی نییە، سیاسەتی توند لە دژی هەم ڕۆژنامەنووسی ژن و هەم ڕۆژنامەنووسی پیاو جێبەجێ دەکرێت، بەڵام دەتوانین بڵێین دەسەڵاتداریی بە عەقڵیەتی پیاوسالارییەوە هەزاران ساڵە تۆڵەی لە ژنان دەکاتەوە و سزای ژنان دەدات.

 

"لە هەر شوێنێک مێشکی پیاوی دەسەڵاتدار هەبێت، کوشتن و شەڕ کۆتایی نایەت"

فارقین کارا ئاماژەی بەوەدا، ژنان بەهۆی ڕەگەز و کوردایەتییەوە دەکوژرێن و وتی: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیان ڕۆژنامەنووس لە زیندانەکانی ڕژێمدا ئەشکەنجە دەدرێن، دەیان ڕۆژنامەنووس لەسێدارە دراون و خەریکە لەسیدارە دەدرێن، لەم دواییانەشدا پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا، بۆچی، چونکە هەم ژن بوون و هەم کورد، دەیان ڕۆژنامەنووس کە ڕاپۆرتی ڕاستی و دڕندەیی لە غەززە دەدەن بە هەمان شێوە کوژران، بە واتایەکی تر، لە هەر شوێنێک مێشکی پیاوی دەسەڵاتدار هەبێت، کوشتن و شەڕ کۆتایی نایەت، ئەم شەڕە تایبەت و دەروونییە دەبێتە شەڕێکی جەستەیی.

 

"خەبات و بەرخۆدانی بەهێزی ژنان هەیە"

فارقین کارا وتی: لە بەرامبەر هەموو ئەو هێرشانەدا خەبات و بەرخۆدانی بەهێزی ژنان هەیە، لە بەرامبەر ئەوەی لە جیهاندا دەگوزەرێت، ژنان زۆرترین خەبات دەکەن و دەبنە هێزی چارەسەر، دەسەڵاتدار کە هەزاران ساڵە ژنانی وەک بەربەستێک بینیووە هێرش دەکاتە سەر ژنان، هەزاران ساڵە هێرش و سیاسەت دژی ئێمە بە شێوازی جیاواز بەردەوامە، هەموو جۆرە سیاسەتێک بۆ لەناوبردنی ژن و گەلی کورد جێبەجێ دەکرێت، بەڵام خەبات و بەرخۆدانی بەهێزی ژنان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا هەیە، لەگەڵ پەرەسەندن و فراوانبوونی ڕاگەیاندنی ئازاد، هێرش و هەڕەشەکانی دەسەڵاتیش گەورەتر و بەربڵاوتر دەبن، جاران ڕۆژنامەنووسان بە نهێنی دەکوژران و ئەشکەنجە دەدران، بەڵام ئێستا بە ئاشکرا دەکوژرێن و سزا دەدرێن و لەسێدارە دەدرێن، دەسەڵاتدارەکان هەموو شتێک بۆ چەوساندنەوەی گەل و پێکهاتەکان دەکەن، بۆیە پێویستە ژنانی ڕۆژنامەنووس ئەو بەرپرسیارێتی و ئەرکە بگرنە ئەستۆ کە دەکەوێتە سەر شانیان و بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێک بوەستنەوە، لە پێناو بەهێزکردنی خەباتی گەلەکەمان، پێویستە ڕۆژنامەنووسان، بەتایبەتی ژنانی ڕۆژنامەنووس، تێگەیشتنیان قووڵتر بکەنەوە و ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیانەی کە دەکەوێتە سەر شانیان بەجێبهێنن.