"ڕۆژنامەنووسانی ژن بە ڕەنجی خۆیان ڕاستییەکان بەڵگەدار دەکەن"
ڕاگەیاندن کە بەشێکی زۆر گرنگە بۆ گواستنەوەی ڕاستی، لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان گەشەی کرد، ڕۆژنامەنووسانی ژن بوونە دەنگی ڕاستی؛ مێژوو، خەبات و بەرخۆدانیان بە پێنووس و کامێراکانییان لە نوێوە نووسییەوە.
نەغم چاچان
قامیشلۆ – لە سەردەمێکدا کە شەڕ چیتر تەنها بە چەک ناکرێت، ڕاگەیاندن بووەتە مەیدانی شەڕ کە تێیدا ڕاستی و چەواشەکاری تێکەڵ بە یەک دەبن و زانیاری وەک ئامرازێک بۆ کاریگەری لەسەر هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و داڕشتنی ڕای گشتی بەکاردێت، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەگەڵ گەشەکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژنامەنووسانی ژن لە ناخی ئەم ململانێیەدا دەرکەوتن، ڕووداوەکانیان لە مەیدانەکەوە دەگواستەوە و داکۆکییان لە مافی ڕای گشتی دەکرد بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی ڕاست و دروست و تا ئێستاش بەردەوامن لە پاراستنی ئەم مافە.
هێڤیدار خالید، ڕۆژنامەنووس بۆ پەیامنێری ئاژانسەکەمان باسی لە کارەکانی ڕاگەیاندن لە ئاوای کوردستان کرد، وتی: لە سووریادا بە سایەی ڕەنج و ماندووبوونی ڕۆژنامەنووسانی ژن، شۆڕشی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا ناسراوە.
هێڤیدار خالید سەرنجی خستە سەر ئەو سەختیانەی کە ڕاگەیاندنی کوردی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا بینیویەتی و وتی: کاتێک بەهاری گەلان لە سووریا دەستی پێکرد، مەرج و بارودۆخی ڕاگەیاندن لەم بوارەدا تا ڕادەیەک تایبەت بوو و بە توانای کەمەوە بەڕێوە دەچوو، سیاسەت و ڕێوشوێنی توند لەلایەن حکومەتی بەعسەوە کە لە دەسەڵاتدا بوو پەیڕەو دەکرا، بەڵێ، ئەمە نەک تەنها بۆ ڕاگەیاندنی کوردی و ڕاگەیاندنی ژنان، بەڵکو بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی کە دژی ئەم حکومەتە بوون، هەروەها بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە نەدەتوانرا کارێکی باش بکەن، بارودۆخەکە بەم شێوەیە بوو، سەرەڕای فشار و سەختترین بارودۆخیش، لە کارەکان بەردەوام بوون.
"لە سووریا نووسینی وتارێک یان ڕاپۆرتێک زۆر سەخت بوو"
هێڤیدار خالید ئاماژەی بەوە کرد، کە لە ساڵانی ٩٠کاندا چەندین گۆڤاری کوردی لە دەرەوەی سووریا بە شێوەیەکی نهێنی چاپ دەکران و وتیشی: گۆڤاری "دەنگی ژیان"، گۆڤاری "دەنگی کوردستان" و چەندین گۆڤاری تر لە ساڵانی ٩٠کاندا لە دەرەوەی سووریا چاپ کران، هەروەها لە سووریا پێش شۆڕش، نووسینی وتارێک یان ڕاپۆرتێک زۆر قورس بوو، چونکە بە شێوەیەکی شاراوە و نهێنی دەکرا، لەگەڵ سەرهەڵدانی شەپۆلی قەیران، هەندێک کەس ئەمەیان بە شۆڕشی سووریا ناوبرد، بەڵام ئەو شۆڕشە بۆ ئازادی و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتخوازی بەرپا بوو، لە ڕۆژئاوای کوردستان دوای شۆڕشی ١٩ی تەمووز، ئەو شۆڕشەی کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لە زۆر بواردا دەستی پێکرد، هەندێک مەرج و بارودۆخی گۆڕی، لە بواری پێشەنگایەتیی ژنان، کولتووری، هونەری و بەتایبەتی لە بواری ڕاگەیاندندا شۆڕشی گەورە ڕوویاندا و هەنگاوی گرنگ نران.
"پێویستە مێژووی ئەم شۆڕشە بە بیر، پێنووس و ڕوانگەی ژنان بنووسرێتەوە"
هێڤیدار خالید ڕایگەیاند، کە ژنان جێپەنجەی خۆیان لە شۆڕشەکە بەچەسپێنن، بەتایبەتی ڕۆژنامەنووسانی ژن ڕۆڵێکی گرنگیان لە شۆڕشەکەدا گێڕاوە و وتی: ڕۆژنامەنووسانی ژن مێژووی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانیان بەڵگە کردووە و وتی: هەنگاوەکانی بواری ڕاگەیاندن بە زەحمەت و ڕەنجێکی گەورە نراون، هەروەها کارمەندانی ڕاگەیاندن و بەتایبەتی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە ناو بارودۆخێکی زۆر سەختدان، چونکە ئەمە یەکەمجار بوو لەم ناوچەیەدا ژنان بەشداری کارێکی لەم شێوەیە بکەن، شتێکی نوێ بوو کە ژنان کامێرایان هەڵگرت، نووسییان و خۆیان دەربڕی، ئەو شۆڕشەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردبوو، پێویست بوو مێژووەکەی بە بیر، پێنووس و ڕوانگەی ژنان بنووسرێتەوە، لەبەر ئەم هۆکارە، لە ناو دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن و هەروەها لە زۆرێک لە دامەزراوە سەربەخۆکاندا، ڕێکخراو و دامەزراوەکانی ژنان لە چوارچێوەی دەستکەوتەکانی شۆڕشدا دامەزران و پێشەنگایەتیی شۆڕشەکەیان کرد، لە هەمان کاتدا ویستیان ببنە دەنگ و ڕەنگی ئەم شۆڕشە، بە هۆشیاریی نەتەوەی دیموکراتیک، ژیانی ئازاد و لەسەر بنەمای بیرۆکەی خوشکایەتی و برایەتیی گەلان، کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان بە بیروباوەڕ، ڕەنگ و کولتووری خۆیانەوە ژیانێکی هاوبەش بەڕێ بکەن.
"بۆ ئەوەی ڕاستی لە تاریکیدا نەمێنێتەوە، خەباتێکی گەورە ئەنجامدرا"
هێڤیدار خالید ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕۆژنامەنووسانی ژن بۆ بەڵگەدارکردنی ڕاستییەکان زۆرجار بە گیانی خۆیان بەرخۆدانیان بۆ ئەم شۆڕشە کردووە و وتیشی: سەرەڕای کەمبوونی پێویستیەکان و سەختییەکان، پێشەنگایەتییەکی گەورە کرا، لە پێناو ئەم کارەدا، چەندین ڕۆژنامەنووسی ژن بۆ ئەوەی ڕاستی لە تاریکیدا نەمێنێتەوە، خەباتێکی گەورەیان کرد تا گەیشتنە پلەی شەهیدابوون.
"ڕۆژنامەنووسانی ژن بەرخۆدانی کۆبانێیان بە هەموو وردەکارییەکانییەوە بەدواداچوونیان بۆ کرد"
هێڤیدار خالید دووپاتیکردەوە، کە ڕۆژنامەنووسانی ژن لە کۆبانێ چەندین چیرۆکی بەرخۆدانیان بەڵگە کردووە و وتی: لە بەرخۆدانی کۆبانێدا، لە شەڕی دژی داعشدا کە بە شێوازێکی زۆر دڕندانە هێرشی دەکردە سەر کۆبانێ، ڕۆژنامەنووسانی ژنان لە پێشەوەی بەرەکانی جەنگدا بوون، ئەوان بە کامێرا و پێنووسەکانییان بەرخۆدانەکەیان بە جیهان گەیاند و تا ئێستاش بەردەوامن لە کارەکانی ڕۆژنامەنووسی، هەروەها ڕۆژنامەنووسانی ژن بەرخۆدانیان بە هەموو وردەکارییەکانییەوە بەدواداچوون بۆ کرد، هەروەها زۆر چیرۆکی بەرخۆدانی شەڕڤانان، دایکان و چیرۆکی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە پێناو ڕاستیدا شەهید بوون، نووسییانەوە و کردیانە بەشێک لە مێژوو، لەو بارودۆخە زۆر سەختەدا کارێکی زۆر کاریگەر ئەنجامدرا، ئەم ڕاستییە بووە هۆی ئەوەی بەرخۆدانی ژنان لە دەرەوەی وڵات و لە سەرانسەری جیهاندا دەنگ بداتەوە، کە ئەمەش بە سایەی کامێرا و پێنووسی ڕۆژنامەنووسانەوە بەدی هات.
"ژنان لە ڕێگەی بەرنامە، دۆسیە و هەواڵەکانیانەوە بنەماکانی ئازادیی ژنانیان ناساند"
هێڤیدار خالید ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەمڕۆ تەلەفزیۆنی تایبەت بە ژنان و ئاژانسە سەربەخۆکانی ژنان هەن، ئەمانە دەسکەوتی خەباتن و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەمڕۆ چەندین دامەزراوە لە ڕۆژئاوای کوردستان و لەسەر ئاستی سووریا کارەکانی ڕاگەیاندن بەڕێوە دەبەن، بەتایبەتی لە بەرامبەر ڕاگەیاندنی باودا، ئەو ڕاگەیاندنە جێگرەوەیەی کە ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان ویستیان پەیڕەوی بکەن، بۆ ئەوە بوو کە هەموو ئەو قاڵب و سنوورانەی بەسەر ژناندا دەسەپێنران تێکبشکێنن، لە ڕاگەیاندنی سەر بە دەسەڵاتدا کارێکی زۆر سنووردار درا بە ڕۆژنامەنووسانی ژن، بەڵام لە ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوای کوردستاندا نموونەی نەتەوەی دیموکراتیک، ڕەوشتی و سیاسی، لەسەر بنەمای ناسینی ئیرادە، پێشەنگایەتی و بنچینەی ڕاستەقینەی ژنان بەڕێوە دەچێت، ئەمڕۆ تەلەفزیۆن و ئاژانسەکانی ژنان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزراون، ژنان لە ڕێگەی بەرنامە، دۆسیە و هەواڵەکانیانەوە خۆیان ناساند و پێوەرەکانی ژنانی ئازادیان دیاری کرد، ئەمانە هەموو دەرەنجامی خەبات و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنانن، ژنانی سەرجەم پێکهاتەکان بەشدارییان لە کارەکانی ڕاگەیاندندا کرد و ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا.