ڕۆژنامەنووسان سەردانی گۆڕی هێرۆ بەهادینیان کرد
ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد بە نزیکبوونەوە لە ی٢٥ تشرینی دووەم، سەردانی گۆڕی ڕۆژنامەنووس هێرۆ بەهادینیان کرد و بەڵێنی بەردەوامی خەبات و تێکۆشانیان دا.
سلێمانی
بە نزیکبوونەوە لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کۆمەڵێک لە هاوڕێ، هاوكار و ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد، بە ئامانجی ئیدانە کردنی هێرشەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان کە شێوازێکی توندوتیژییە، سەردانی گۆڕی هێرۆ بەهادین، ڕۆژنامەنووس کە لەگەڵ هاوکاری گوڵستان تارا لە ٢٣ی ئابی ئەمساڵ لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا، لە سەر ڕێگای سەیدسادق، ئۆتۆمبێلەکەیان کرایە ئامانج کرد و دەستە گوڵی ڕیزیان دانا.
سنور ڕەحمان، ڕۆژنامەنووس باسی لە ئامانجی سەردانەکەیانی کرد و وتی: ڕۆژی ڕابردوو سێ مانگ بەسەر هێرشی دەوڵەتی تورکیا بە سەر چاپەمەنی ئازاد تێپەڕی، دەبێت کە سێ مانگ تێپەڕی بێت بەڵام تا ئێستاش هەڵوێستەکانی شەهید هێرۆ لە بەرامبەر دەوڵەت و کۆمەڵگەی فیوداڵمان لە بەرچاوە، هەموو تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی شەهید هێرۆ لە درێژەی ئەم سێ مانگە لە هەموو چرکە ساتی هەر ڕؤژنامەنووسێکی ئازاد دا نەخشی خۆی نیشان داوە.
هەروەها وتی: بە ڕۆحی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کارکردنی ئێمە نەیهێشت کە پلانی دوژمن بگاتە ئامانج و ئێمە لێرە دیسان بەڵێنی بەردەوامی بە کاری ڕاگەیاندنی ئازاد دەدەین، لە دایک بوونی هەر ئازادیخوازێک تەنها لایەنی بایۆلۆژی نیە و مردنیشی بە هەمان شێوەیە و کارکردن لە ڕاگەیاندی ئازادیش وایە. دۆخی کوردستان و میراسی ڕاگەیاندنی ئازاد ئەوەمان لێ دەوێت کە ڕۆیشتنی ئەم دوو هاوڕییەمانە تەنها بە چاوێکی بایۆلۆژی سەیر نەکەین، بەڵکۆ ڕێگای ئازادیمان بۆ ڕۆشن دەکەنەوە.
سنور ڕەحمان لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە کە هەر شەهیدێک لە ناو ڕاگەیاندنی ئازاد هەنگاوێکە بۆ نزیکبوونەوە بە سەرکەوتن و ئازادی و وتی: ئێمە بە ڕۆح و خوێنی گوڵستان تارا و هێڕۆ بەهادین بەڵێن دەدەین کە مەودای کارکردنی ڕاگەیاندنی ئازاد فراوانتر دەکەین و سیمای سەرکەوتن لە کارەکانمان بە شکۆتر دەکەین.
سۆما خالید، ڕۆژنامەنووس باسی لە مێژووی ڕۆژی ٢٥ تشرینی دووەم و چالاکییەکانی ئەم مانگەی کرد و وتی: بە تێپەڕبوونی چەدنی سەدە دەبینین هێشتا هێرشکردنە سەر ژنان بەردەوامی هەیە و لە باشووری کوردستانداش بینیمان کە ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە لایەن دەوڵەتی تورکیا کرانە ئامانج، ئەم هێرشانە جۆرێک لەو توندوتیژییانەی کە لەلایەن دەسەڵاتەوە لە بەرامبەر ژنان دەکرێت، پێویستە ئێمە ئەم کەسانە بە زیندوویی بە بیر بهێنینەوە و ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە دەکرێتە سەر ژنانی باشوور و ڕؤژنامەنووسان، چونکە هەمیشە قوربانیان ژنانن و لە لایەن دەسەڵات و یاساوە هەوڵ دەدرێت کە مافەکانیان زەوت بکرێت.
سۆما خالید لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە پارتە سیاسیەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە هەنگاوی جیددی تر بنێن بۆ ئەو هێرشانەی کە لە سەر ژنان و ژنانی ڕۆژنامەنووس دەکرێت و لە دادگا نێوەدەوڵەتیەکان سكاڵا لە بەرامبەر ئەم تیرۆرانە تۆمار بکرێت، چۆنکە دەتوانن مەترسی بخەنە سەر ژنانی دیکەش.
چالاکییەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازای" و "شەهید نامرن'' کۆتایی هات.