ڕۆژنامەنووسە ژنە فەلەستینییەکان خوازیاری دادپەروەری و پاراستن و پشتگیریی زیاتر دەبن.

کۆنفرانسی «لە دڵی کوشتارەوە؛ شایەتییەکان بە هۆشیاریی ترۆما»، ئەزموون و ئاستەنگە دەروونی و پیشەییەکانی ڕۆژنامەنووسە ژنە فەلەستینییەکانی لە ماوەی جەنگدا خستەڕوو و داوای پاراستن، پشتگیری و لێپرسینەوەی کرد.

نەجم کەرەجا

 

فەڵەستین – لە ژێر سێبەری ئاوارەبوون، ونبوون و مەترسییە پیشەیی و دەروونییەکانی کە لە ئەنجامی جەنگی کۆمەڵکوژیی ئیسرائیل دژی ناوچەی غەززەوە دروست بوون، بنکەی ژنانی فەلەستینی کۆنفرانسی ساڵانەی خۆی بە ناونیشانی «ڕۆژنامەنووسە ژنانی فەلەستینی قسە دەکەن» لە ١١ و ١٢ی تشرینی دووەمدا بەڕێوە برد.

 

کۆنفرانسەکە بە ناونیشانی «لە ناوەڕاستی کۆمەڵکوژییەوە؛ شایەتییەکان بە هۆشیاریی ترۆما» ڕۆژنامەنووسانی ژن، توێژەران و چالاکوانانی ناوچەی غەززە، کەناری ڕۆژئاوا و ناوچە جیاوازەکانی جیهانی کۆکردەوە.

 

ئامانجی کۆنفرانسەکە بەڵگەکردنی ئەزموونی ڕۆژنامەنووسە ژنانی فەلەستینی لە ماوەی جەنگدا، خستنەڕووی کاریگەرییە دەروونی، کۆمەڵایەتی و پیشەییەکانی جەنگ و ڕوونکردنەوەی ئەو پێداویستی و پاڵپشتییانە بوو کە پێویستن.

 

کۆنفرانسەکە کە دوای سێ ساڵ لە جەنگدا بەڕێوە چوو، بۆ ڕۆژنامەنووسە ژنان دەرفەتێکی نوێی ڕەخساند تا ئەزموونەکانیان هاوبەش بکەن. ئەمجارە ژنان تەنها وەک ڕۆژنامەنووسێک کە ڕووداوەکان دەگەیەنن و شایەتییان بۆ دەدەن، نەخێر، بەڵکو وەک ژن و دایکانێک قسەیان کرد کە بە ڕاستەوخۆ کۆمەڵکوژی، ئاوارەبوونی بەزۆر و لەدەستدانی کەسوکاریان ئەزموون کردووە، هەروەها وەک تاکە سەرچاوەی دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیان و ئەندامانی خێزان. لەگەڵ هەموو ئەم بارودۆخەشدا، بەردەوام بوون لە شوێنکەوتنی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژانەی جەنگ.

 

ئەزموونی ڕۆژنامەنووسە ژنان لە ناوەڕاستی جەنگەوە

لە وتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا، وەفا عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری بنکەی ژنانی فەلەستینی، قسەی کرد و گوتی: «ئامانجی بەڕێوەبردنی هەشتەمین خولی کۆنفرانسەکە ئەوە بوو دەرفەتێک بۆ ڕۆژنامەنووسە ژنانی فەلەستینی دابین بکات تا ئەو ئاوارەبوونە بەزۆرە، لەدەستدانی ئەندامانی خێزان و ئاستەنگە پیشەییانە باس و بەڵگە بکەن کە لە ماوەی جەنگدا ڕووبەڕوویان بوونەتەوە».

 

وەفا عەبدولڕەحمان جەختی لەوە کردەوە کە ڕۆژنامەنووسان سەرەڕای هەموو مەترسییەکان، ئەرکەکانی خۆیان بەردەوام کردووە و پێویستە شایەتییەکانیان بە جیهان بگەیەنرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە جگە لە پاڵپشتیی دەروونی، پێویستە یارمەتییەکی فراوانیان پێشکەش بکرێت تا بتوانن ژیان و پیشەکەیان بەردەوام بکەن.

 

بانگەواز بۆ هاوپشتی

ڕۆژنامەنووس حەنان ئەلڕیفی لە کۆنفرانسەکەدا قسەی کرد و ڕوونی کردەوە کە ئەو ئاستەنگانەی ڕۆژنامەنووسە ژنان لە ماوەی جەنگدا ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، تەنها بە مەترسییەکانی کاتی گەیاندنی هەواڵ سنووردار نابن، بەڵکو کاریگەرییەکی قووڵیشیان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی ئەوان هەبووە.

 

حەنان ئەلڕیفی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆژنامەنووسە ژنانی فەلەستینی سەرەڕای هەموو سەختییەکان، ئەرکەکانی خۆیان بەردەوام کردووە و بانگەوازی بۆ ڕێکخراوە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان کرد تا پەیامەکانی هاوپشتی بگۆڕن بۆ پاڵپشتییەکی کردەیی، پێداویستییەکانی ڕۆژنامەنووسان دابین بکەن و مەرجەکانی ژیانێکی شایستەیان بۆ مسۆگەر بکەن.

 

گرنگیی پاڵپشتیی دەروونی بۆ ڕۆژنامەنووسان

نەڤین عەبدولهادی، بەڕێوەبەری یەکەی تەندروستیی دەروونیی هەلالی سووری فەلەستینی لە ناوچەی غەززە، بەرنامەکانی پاڵپشتیی دەروونی بۆ ڕۆژنامەنووسانی خستەڕوو و جەختی لە گرنگیی پاڵپشتیی دەروونیی تایبەت بۆ کارمەندانی بواری میدیا کردەوە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی وێرانی، لەدەستدان و ترۆماکانی دروستبوو لە ئەنجامی جەنگدا.

 

نوێکردنەوەی وەفاداری و پابەندبوون بە هاوپیشەکانی ڕۆژنامەنووسی

ڕۆژنامەنووس ماهی عەدوانیش یادی ڕۆژنامەنووسە ژنانەی کردەوە کە لە جەنگدا ژیانیان لەدەست داوە و جەختی لەوە کردەوە کە خەباتی ئەوان بۆ ڕاستی هەرگیز لەبیر ناکرێت.

 

ماهی عەدوان ڕوونی کردەوە کە پێویستە پاڵپشتیی دارایی و دەروونی بۆ ڕۆژنامەنووسە ژنان دابین بکرێت و ئاماژەی بەوە کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان کە بوونەتە تاکە سەرچاوەی داهاتی خێزانەکانیان، ڕووبەڕووی مەرجە ژیانییە سەختەکان و بەرپرسیارییەتییە زۆرەکان دەبنەوە.

لە شایەتییەکانەوە بۆ داواکاری و پێشنیارەکان

 

لە کۆنفرانسەکەدا، جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر بەڵگەکردنی ئەزموونی ڕۆژنامەنووسە ژنان، بەرپرسیارییەکانی ڕێکخراوەکانی میدیا و مافەکانی مرۆڤیش تاوتوێ کران.

 

بەشداربووان بانگەوازیان بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکارییەکانی دژی ڕۆژنامەنووسان لە غەززە کرد و داوایان کرد کە بەرپرسان لەبەردەم دامەزراوە دادوەرییە نێودەوڵەتییەکان حساب بکرێنەوە.

ئەو داواکارییانەی لە کۆنفرانسەکەدا خرانەڕوو بریتی بوون لە:

  • دابینکردنی کەرەستە و ئامێرە پیشەییەکانی پاراستن، وێنەگرتن، بەڵگەکردن و ئامرازەکانی گەیاندن.
  • دابینکردنی کەرەستە و ئامێر بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسە ژنانەی لە ماوەی جەنگدا ئامێرەکانیان لەدەست داوە.
  • دەستپێکردنی بەرنامەکانی پاڵپشتیی ئابووری و پیشەیی، بە شێوەیەک کە بارودۆخی ڕۆژنامەنووسە ژنانی سەربەخۆ، ئەوانەی بە شێوەی گرێبەستی و پارچەکار کار دەکەن، ئەوانەی لە شوێنی نیشتەجێبوونیان ئاوارە کراون، بێوەژنەکان و ئەوانەی بە تەنها بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، لەبەرچاو بگرێت.
  • پەرەپێدانی سیاسەتەکانی ڕێکخراوە میدیاییەکان بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی ڕۆژنامەنووسە ژنان و لەبەرچاوگرتنی بەرپرسیارییەتییە خێزانی و مرۆییەکانیان.
  • بەهێزکردنی دەرکەوتن و گەیاندنی دەنگ و چیرۆکی فەلەستینی لە میدیای نێودەوڵەتیدا.

هەروەها بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە پاراستنی ڕۆژنامەنووسە ژنان بەرپرسیارییەکی دامەزراوەییە و نابێت تەنها لە ماوەی جەنگدا سنووردار بێت، بەڵکو پێویستە دوای جەنگیش بەردەوام بێت.