ڕۆژنامەنووس و ژنان لە سودان داوای ماف و ئازادییەکان دەکەن
ژنانی ڕۆژنامەنووس لە سوودان دژی دامەزراندنی میکانیزمێکی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە سایبەرییەکان وەستانەوە و ئاگادارییان دا کە ئەم میکانیزمە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی فشار لەسەر میدیا و سنووردارکردنی ئازادیی دەربڕین.
سوودان - ژنانی ڕۆژنامەنووس لە سوودان دژی بڕیاری حکومەت و وەزارەتی داد وەستانەوە بۆ دامەزراندنی میکانیزمی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە سایبەرییەکان و، ئەم هەنگاوەیان وەک هەوڵێک بۆ یاساییکردنی فشار و سەرکوتکردنی میدیا و ڕۆژنامەنووسان هەڵسەنگاند.
میکانیزمە پێشنیارکراوەکە دەسەڵاتی فراوانی پێ دەدرێت بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی هەموو ئەو ناوەڕۆکانەی لە دامەزراوە میدیاییەکان و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا بڵاودەکرێنەوە. هەروەها، دەکرێت بە ناوی دەوڵەتەوە دژی هەر ناوەڕۆکێک کە بە زیانبەخش بۆ ئاسایشی دەوڵەت یان ئاسایشی گشتی دادەنرێت، ڕێکاری یاسایی بگیرێتەبەر.
ڕێشان ئۆشی ڕۆژنامەنووس لە پەیامێکدا لە تۆڕە دیجیتاڵییەکان، ڕەخنەی لەوە گرت کە لە کاتێکدا خەڵکی سوودان بەدوای نان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیاندا دەگەڕێن، حکومەت سەرنجی خستووەتە سەر بابەتە لاوەکییەکان. ئەو جەختی کردەوە کە حکومەت ناتوانێت پێداویستییە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان دابین بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدات دەنگەکانی ڕاستی دەردەبڕن بێدەنگ بکات و کۆنترۆڵی قسەکردنی خەڵک بکات.
ڕێشان ئۆشی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامادەکردنی یاسا بەپێی بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران، دوورکەوتنەوەیەکی گەورەیە لە ڕۆڵی دامەزراوە یاساییەکان، کە دەبێت بەرەنگاری گەندەڵی ببنەوە. ئەو جەختی کردەوە کە ئەرکی وەزیری داد جێبەجێکردنی داواکارییەکانی حکومەت نییە، بەڵکو پاراستنی حوکمڕانیی یاسا و مسۆگەرکردنی ماف و ئازادییەکانە.
ئۆشی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا وتی: بەخێربێن بۆ زیندانەکان! ئەگەر نرخەکەی پاراستنی مافی گەلەکەمان بۆ ژیانێکی بەڕێز، لەدەستدانی ئازادیی خۆمان بێت، ئامادەین ئەو نرخە بدەین. بۆ پاراستنی مافی گەلی سوودان بۆ ژیانێکی مرۆیی، داوای لێبوردن ناکەین و لە بەرامبەر برسێتی، گەندەڵی و وێرانیدا بێدەنگ نابین.
ڕۆژنامەنووسە ژنەکانی دیکەش ئاگادارییان دا کە ئەم میکانیزمە لە ژێر ناوی ئاسایشی دیجیتاڵدا، تەواوی میدیای سوودان دەخاتە ژێر فشار و سەرکوتکردنێکی توند و ئەم هەنگاوەیان بە پاشەکشەیەکی مەترسیدار ناوبرد. ئەوان جەختیان کردەوە کە ئەمە دەرفەت بۆ دەسەڵاتدارانی یاسایی ڕەخساندەکات تا ئەو کەسانە بکەنە ئامانج کە بە ئازادی دەنووسن و ڕاستییەکان دەخەنە ڕوو.
ڕۆژنامەنووسەکان لە کۆتاییدا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە خەباتی سەرەکیی حکومەت بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی زێڕ و گەندەڵیی ئابووری بێت، نەک بێدەنگکردنی میدیا و سنووردارکردنی ئازادیی ڕۆژنامەنووسان.