ڕۆژنامەگەری لە سەردەمی جەنگدا لە نێوان سنووردارکردن و بەرخۆدان
لە جیهانێکدا کە بەهۆی ململانێ و شەڕەوە وێران بووە، ڕۆژنامەگەری یەکێکە لە پیشە هەرە لاوازەکان، ڕۆژنامەنووسان باجی قورس دەدەن بۆ گەیاندن و ئاشکراکردنی ڕاستیەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک بەردەوامن لە بەرگریکردن لە ئازادی ڕادەربڕین.

ڕانیا عەبدوڵا- ڕۆژنامەنووسی یەمەنی
لەبەر ڕۆشنایی بارودۆخی وڵاتانی عەرەبی وەک سووریا، عێراق، سودان، یەمەن و غەززە، ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی ئەزموونێکی سەختی سەرکوت و هەڕەشە و گرتن و لە زۆر کاتدا کوشتن دەبنەوە.
لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا کە دەکەوێتە ٣ی ئایارەوە، ئێمەی ڕۆژنامەنووسانی ئەو وڵاتانەی کە بەهۆی ململانێکان و پەرەسەندنی شەڕەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، ناتوانین بە بیرهێنانەوەی ڕادەی ئەو سنووردارکردنانەی بەسەرماندا سەپێنراون،ئەو هەڕەشانەی کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە لە کاتێکدا بەردەوام دەبین لە پێڕەوی سەفەرەکەمان لە پیشەیەکدا کە لە سەختترین و مەترسیدارترینەکاندایە.
لە کەرتی غەززە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە شاهیدی جینۆساید بووە، لە ئەنجامی بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل زیاتر لە ٢٠٠ ڕۆژنامەنووس و کارمەندی ڕاگەیاندن کوژراون، ئەمە بووەتە یەکێک لە خوێناویترین شەڕەکانی تا ئێستا بۆ ڕۆژنامەنووسان.
هەمان شت بۆ یەمەنیش دەگونجێت کە زیاتر لە ١٠ ساڵە شەڕێکی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە، هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان پەرەی سەندووە و ناچاریان کردوون باجێکی قورس بدەن، وڵات بۆتە یەکێک لە خراپترین ژینگەکان بۆ ڕۆژنامەگەری، دۆخی ئێستا هەڵبژاردەی توندی سەپاندووە، هەندێکیان ناچاربوون دەستبەرداری پیشەکانیان بن، بەدوای کارێکی دیکەدا بگەڕێن، هەندێکی دیکەشیان وڵاتیان بەجێهێشتووە و بەدوای شوێنێکی سەلامەت بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دەگەڕێن، ئەوانەی لە یەمەن دەمێننەوە و بەردەوامن لە کارکردن ڕووبەڕووی سەرکوت و هاندان و ڕفاندن دەبنەوە.
پێشێلکارییەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان لە یەمەن لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە، ئەو ناوچانەی کە لەلایەن حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییەوە کۆنترۆڵکراون، دوور نین لە سنووردارکردن و پێشێلکارییەکانی سەپێنراو بەسەر کاری ڕۆژنامەوانیدا، لەو ناوچانەی کە لەلایەن گروپی حوسییەکانەوە کۆنترۆڵکراون، دۆخەکە لەوەش ترسناکترە، ئەو گرووپە هەموو جۆرە هەراسانکردنێک لە دژی ئەو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارانەی کە سیاسەتەکانی پێشێل دەکەن، بەکاردەهێنن، لە ژێر فشاردا ژمارەیەکی زۆر لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی داخستووە و ڕایانگرتووە، هەرکەسێک دژایەتی بکات دەستگیری کردووە، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو هیچ دەنگێکی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیان نییە، تەنها ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەی کە خزمەت بە کارنامەکەی دەکەن و لەژێر بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵی تەواوەتی ئەودان، ڕێگەیان پێدەدرێت بوونیان هەبێت، دۆخی ڕاگەیاندنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی وەک بیابانێکی بێ بەرهەم بووە.
هەر لە سەرەتای شەڕی یەمەنەوە، بیرم لە وازهێنان لە ڕۆژنامەگەری و گەڕان بەدوای کار و بەرژەوەندییەکانی دیکەدا کردەوە، بە نموونەی هەندێک لە هاوکارەکانم کە لە ژێر ڕۆشنایی ئەو دووبەرەکی و سنووردارکردنانەی کە لە دوای کودەتای حوسییەکان و هەڵگیرسانی شەڕ لە ساڵی ٢٠١٤ سەپێندرابوون، پێیان باشتر بوو خۆیان لەو پیشەیە دوور بخەنەوە، چیتر نەمتوانی بەرگەی ئەو ئازارە مرۆییە بگرم کە هاوڵاتیانی مەدەنی لە سەرانسەری وڵاتدا بەرگەی دەگرن، شتێک لەناو خۆمدا پاڵی پێوەنام کە بەردەوام بم لە گەیاندنی تەنانەت بەشێکی بچووکی ئەم ئازارە، گەڕامەوە و بەردەوام بووم لە کاری ڕۆژنامەگەری، بەڵام زۆرجار خۆم سەرزەنشت دەکەم لەسەر ئەم بڕیارە.
ئەو پێشێلکاری و سنووردارکردنانەی کە بەسەر ڕۆژنامەنووسانی ژندا سەپێنراون، زۆرترن لەوانەی کە بەسەر هاوکارە پیاوەکانیاندا سەپێنراون، ڕووبەڕووی سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی و سیاسی، سووکایەتیکردن، تۆمەتی هەڵبەستراو، ناوزڕاندن دەبنەوە، تەنها بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ لایەنێک یان گروپێک تەنانەت هەندێکیان ڕووبەڕووی ڕەشبگیری دەبنەوە، هەندێکجار وایان لێدەکات خۆیان ڕادەست بکەن و لە دادگای جەنابیان بکشێنەوە.
ڕۆژنامەنووسان بە تەنیا لەبەردەم دوژمنانی وشە وەستاون، ئەوان لەلایەن خێڵ و شکۆمەندی کۆمەڵایەتییەوە ناپارێزرێن و زۆرجاریش پارێزگارییەکی کەمیان دەستدەکەوێت، تەنانەت لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، ئەگەر هەندێکیان هەبن، زۆرجار ڕۆڵیان لە چاودێریکردنی پێشێلکارییەکان و دەرکردنی بەیاننامە تێدەپەڕێت، کە شکست دەهێنن لە پەرەسەندنی نێودەوڵەتیدا، ڕاپۆرتەکان لەناو کشۆکاندا بە چەقبەستوویی ماونەتەوە.
لە ماوەی داهاتوودا پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا بوەستن، چ ژن و پیاو، کاربکەن بۆ پەرەپێدانی دۆسیەکانیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ڕاوێژکاری یاسایییان بۆ دابین بکەن، هەروەها دەستەبەرکردنی مافی خۆیان بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە مافەکانیان پێشێلکردووە و هانیانداوە لەبەردەم دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، بەداخەوە زۆربەی پێشێلکارییە بەڵگەدارەکان لە فایلەکاندا قەتیس دەمێننەوە، ئەوەی ئێستا دەبێ بکرێت، گواستنەوەی ئەو کەیسانە بۆ کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی مافی ڕۆژنامەنووسان نەکەوێتە فەرامۆشییەوە.