" ژن، ژیان، ئازادی" هاوارێکی گشتگیرە دژ بە ستەم
دیلان گوڤەنچ جەختی لەوە کردەوە، کە ژنان لە ئێران و تورکیا ڕووبەڕووی ڕژێمە ستەمکارە پیاوسالارەکان دەبنەوەو خۆیان ڕێکخستوە بۆ دووپاتکردنەوەی بوونی خۆیان، فەلسەفەی " ژن، ژیان، ئازادی" بووەتە هێمایەکی جیهانی بەرخۆدان و بناغەیەک بۆ چارەسەری قەیرانەکان.

ئارژین دیلەک ئۆنجەل
ئامەد-سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر شۆڕشی کۆمەڵایەتی کە لە دوای کوشتنی ژنێکی گەنجی کورد بە ناوی ژینا ئەمینی لە لایەن "پۆلیسی ئەخلاق" لە تارانی پایتەختی ئێران سەریهەڵدا، بە بیانووی "پابەند نەبوون بە باڵاپۆشی ناچاری"، دەسەڵاتداران بەردەوامن لە بە ئامانجگرتنی ژنان و پێشێلکردنی مافەکانیان.
لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، هیچ شتێک لە ئێران و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک یەک نەبووە، ئەم تاوانە بووە هۆی شۆڕشێکی نوێ لە وڵاتێکدا کە شایەتحاڵی شۆڕشی زۆر لە دژی دەسەڵاتە ستەمکارەکان بووە، ناڕەزایەتییەکانی دوای کوشتنی لە تارانەوە بۆ شارەکانی دیکە بڵاوبووەوە و تەنانەت لە سەرانسەری جیهاندا دەنگی دایەوە و بۆ چەند مانگێک بەردەوام بوو.
"ئەو بوو بە هێمای بەرخۆدان"
لە ساڵیادی ئەم شۆڕشەدا، ئاژانسەکەمان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دیلان گوڤەنچ ، ئەندامی تەڤگەری ژنانی ئازاد (TJA) ئەنجامدا کە ژینا ئەمینی بە هێمای خۆڕاگری ژنان لە بەرامبەر ستەمدا پێناسە کرد، ژنانی ئێرانی دەیانویست لە ڕێگەی ژینا ئەمینیەوە هاوار بۆ ئازادی خۆیان بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران ڕژێمێکی پیاوسالاری و سەربازی هەیە کە لەسەر بنەمای سێکسیزم دامەزراوە، هەر بۆیە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، ژنان کۆبوونەوە و خۆیان ڕێکخست و نیشانیان دا کە چۆن دەتوانن ببنە سەرکردەی شۆڕش، دەستپێکردنی لە ئێراندا شتێکی چارەنووسسازە، یاخیبوونی ژنان لە ڕژێمێکی توند و پاوانخوازی وەک ئێران، پێشهاتێکی ئیلهامبەخش و مایەی هیوا بوو بۆ هەموو ژنان لە سەرانسەری جیهان.
"ژنان بۆ گۆڕانکاری ڕژانە سەر شەقامەکان"
دیلان گوڤەنچ، ڕوونی کردەوە کە ژنان ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ سەلماندنی ئامادەی خۆیان لەبەردەم ڕژێمدا، وتی: ئێمە ڕووبەڕووی ڕاستیەک دەبینەوە کە چەسپاندنی عەقڵییەتی پیاوسالاری، بەرزبوونەوەی جیاکاری ڕەگەزی، نەبوونی یەکسانی و زیادبوونی سەربازی لە هەموو بوارەکاندا، لەگەڵ هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ئازادییەکانی ژنانە، هەروەها بونیادنانی سیستمی پیاوسالاری بە مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەی سەپێنرا، ژنیش هەرگیز بەشێک نەبووە لەم سیستەمە، هەر لە ماڵەکانی خۆیاندا قەتیس کرابوون و لە کەرەستەی سادەدا کورت دەکرانەوە، هاتنە سەر شەقامەکانیان لە ئێراندا دەربڕینی توڕەی کاتی نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی خواستێکی ڕاستەقینە بوو بۆ گۆڕانکاری.
"ئەم فەلسەفەیە ئاماژەیە بۆ چارەسەری قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"
دیلان گوڤەنچ جەختی لەوە کردەوە، کە خەباتی ژنان سەدەی بیست و یەکەمی کردووە بە "سەدەی ژن"، وتیشی: لەم سەدەیەدا ئێمە شایەتی خەباتی تەڤگەری ژنان و تەڤگەری ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بووین، بەڵام دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، شتێک ڕوون بووەوە، ئەویش فەلسەفەی " ژن، ژیان، ئازادی"، کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێشنیاری کردووە، فەلسەفەیەکی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە کە لە ئاستی جیهانیدا دەنگی دایەوە، هەڵوێستێکی دەربڕیوە و لە هەمان کاتدا ئاماژە بە چارەسەرەکان دەکات بۆ قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئاماژەی بەوەشکردووە، فەلسەفەی " ژن، ژیان، ئازادی" کاریگەری لەسەر ژنان هەبووە لە سەرانسەری جیهاندا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەستیپێکردووە، لەوێ بووەتە مایەی هیوا بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە دەچەوسێنەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە، دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، ژنان سەرنجیان لەسەر بونیادنانی هێڵەکانی بەرخۆدان و ڕێکخستن بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەم ناڕەزایەتیانەدا ژنان لە مەیدانەکاندا لە ئەمریکای لاتینەوە تا ئەوروپا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا زۆرێک لە ناوچەکان ئامادەبوون و دەنگێک بوون بۆ خەباتی ژنان، بەتایبەتی بۆ مافەکانی ژنانی ستەملێکراو و کوژراو و پەراوێزخراو، خەباتی ژنان لە دژی سیستەمی پیاوسالاری باو لە جیهاندا بە دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی" یەکگرتوو بوو، لەم ڕوانگەیەوە باوەڕم بەم شتە هەیە کە فەلسەفەکە دەستکەوتی زۆری بەدەستهێناوە، چ لە ڕووی تیۆریەوە و چ لە ڕووی پراکتیکییەوە.
"خەباتی ژنان لە تورکیا و کوردستان"
سەبارەت بە کوشتنی ژنان لە تورکیا، دیلان گوڤەنچ، وتی: لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەدا لەبەردەم سیستەمێکداین کە ژنان پشتگوێ دەخات و لە ماڵەوە قەتیسیان دەکات و پەراوێزیان دەخات و لە کەرەستەی سادەدا کورتیان دەکاتەوە، تەڤگەری ئازادیخوازی ژنان لە ئەنجامی خەباتە گەورەکەیدا باجێکی زۆری داوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژنان توانیان خۆیان ڕێکبخەن و بوونی خۆیان بسەلمێنن.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەم دەستکەوتانە بە ئاسانی بەدەست نەهاتن، بەڵکو باجیان درا، هەوڵیاندا خەباتی ژنان بە تاوان بناسێنن، هەروەها ژنان لە سیاسەت و هەموو بوارەکانی ژیان دوور دەخرێنەوە، کە ئەمە پڕۆژەیەکی سیستماتیکی دەوڵەتە، و دەتوانین بە سیاسەتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی بزانین.
ئاماژەی بە ڕاگەیاندنی "٢٠٢٥ وەک ساڵی خێزان" کرد، وتی: لە ساڵێکدا کە حکومەت بانگەشەی پاراستنی خێزان دەکات، دەبینین کوشتنی ژنان زیادی کردووە، بە واتایەکی تر ئامانج قەتیسکردنی ژنان بوو لە ماڵەکانیاندا، نەک ئامانج پاراستنیان بوو ببوو بت، بەڵکو سیستەمێک بوو کە هەوڵی دوورخستنەوەیانی لە خەبات دەدا، لە سەردەمێکدا کە هەوڵیان دەدا بۆ ئەوەی دیار بن.
"ژنان بوونی خۆیان بۆ جیهان سەلماندووە"
دیلان گوڤەنچ ئاماژەی بەوەدا، کە فەلسەفەی " ژن، ژیان، ئازادی" لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرجەستە بووە، ژنانی ڕۆژئاوا لە پێکهێنانی هێڵی بەرگری لەخۆیان لە دژی داعش بۆ جیهان نیشانیان دا، کە ژنان لە هەموو بوارێکدا توانای خەبات و بەرگریکردنیان هەیە، ژنان هەمیشە زانیویانە چۆن خەبات بکەن بۆ ئەوەی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ئامادەبن، بۆ جیهانیان سەلماندووە کە توانای پاراستنی خۆیان هەیە لە دژی داعش.
دیلان گوڤەنچ باسی لە "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" کرد، کە لەسەر بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکرد، وتیشی: ئێمە پێمان وایە ئەم پرۆسەیە تەنها لە ڕێگەی ئازادی ژنانەوە بەدی دێت، چونکە ناتوانین باسی ئازادی لە کۆمەڵگەیەکدا بکەین کە ژن ئازاد نەبێت، ئێمە دەمانەوێت هەموو ژنان پشتیوانی پڕۆسەی کۆمەڵگەی دیموکراتی بکەن، بۆ ئازادی ژنان یەکبگرن و میتۆدێکی خەبات پێکبهێنن، هاوکات جینۆسایدێک لە دژی ژنان ئەنجام دەدرێت و لەگەڵ جینۆسایدەکەیاندا جینۆسایدی زمانەوانی و ژینگەیییش هەیە، کە ئێمەی ژنان لە ڕێگەی ڕێکخستنەوە توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەم سیاسەتانەمان هەیە کە ژیان لەناو دەبەن.