ژن و زیرەکی دەستکرد، دەرفەتێکە بۆ ڕزگاری یان ئامرازێکی نوێی دوورخستنەوە؟

تێکەڵکردنی ژنان بە تەکنەلۆجیا هێشتا وەک ئاڵانگارییەک ماوەتەوە کە پێویستی بە ئیرادەی سیاسی و گۆڕانکاری لە عەقڵیەتدا هەیە، لە کاتێکدا هەندێک وڵات هەنگاوی ئەرێنی دەگرنەبەر.

حەنان حارت

 

مەغریب - لە جیهانێکدا کە بە خێرایی بەرەو دیجیتاڵکردن و زیرەکی دەستکرد هەنگاو دەنێت، ژنان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبنەوە لە جێگیرکردنی خۆیان لەم بوارەدا، سەرەڕای پێشکەوتنی هەندێک وڵات لە تێکەڵکردنی ژنان لە کەرتەکانی تەکنەلۆژیادا، هێشتا ڕوانگەی کۆنەپەرستان و عەقڵیەتی پیاوان سێبەریان بەسەر بوونی ژناندا هەیە، بەتایبەتی لە بوارە زانستییە پێشکەوتووەکاندا، بەپێی ڕاپۆرتی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی بۆ ساڵی ٢٠٢٤، ژنان تەنها ٢٢%ی هێزی کاری جیهانی AI نوێنەرایەتی دەکەن، لە باکووری ئەفریقاش ڕێژەی ژنان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیادا هێشتا کەمترە لە ١٥%، سەرەڕای هەبوونی ڕێژەی بەرزی ناونوسینی ژنان لە خوێندنی باڵا لە هەندێک وڵاتدا، کەچی لە مەغریب ڕێژەی ژنان لە کەرتی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا لە ١٠% زیاتر نییە، بەپێی زانیارییە نافەرمیەکان بۆشایی ڕەگەزی دیجیتاڵی زۆرە، لەبەرامبەردا ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریخستووە ٧٠٪ی ژنان لە ناوچەکەدا تووشی جۆرێک لە توندوتیژی دیجیتاڵی بوون، جا چ لە ڕێگەی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی یان ناوزڕاندنەوە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد بووبێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لایەنێکی دیکەی ئەو ئاستەنگانەیە کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە سەردەمی دیجیتاڵیدا.

 

 ژنانی مەغریبی لە دڵی گۆڕانکاری تەکنەلۆژیدا

 فاتمە ڕومەت، سەرۆکی پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی زانستی، تیشکی خستە سەر ئەو ڕۆڵە چارەنووسسازە کە ژنانی مەغریبی دەتوانن لە شۆڕشی دیجیتاڵیدا بیگێڕن، جەختی لەوەشکردەوە کە بەهێزکردن سنووردار نییە بە ئاراستەکردنی ژنان بەرەو خوێندنی تەکنەلۆژیا، بەڵکو گۆڕینی سیاسەتی گشتی و پراکتیزە کۆمەڵایەتییەکانیش دەگرێتەوە کە ڕێگری لە پێشکەوتنەکانیان دەکات، خولیای بۆ زیرەکی دەستکرد لە ساڵی ۱۹٦٦ەوە دەستیپێکردووە، ئەو کاتەی کە بابەتی زانستی و توێژینەوە لەسەر کاریگەرییەکانی تەکنەلۆژیا لەسەر گەشەپێدان کاری دەکرد، لەو کاتەوە زیاتر قەناعەتی  کرد کە تەکنەلۆژیا تەنها ئامرازێک نییە، بەڵکو هۆکارێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ بونیادنانی داهاتووی کۆمەڵگەکان.

 

 زیرەکی دەستکرد... لە نێوان دەرفەت و مەترسیەکان

 فاتمە ڕومەت ڕایگەیاند کە زیرەکی دەستکرد ئێستا پایەیەکی بنەڕەتییە لە بوارە جیاوازەکاندا، لە ئاسایشی ئەلیکترۆنیەوە تا گەشەپێدانی بەردەوام، سەرەڕای ئەو دەرفەتانەی کە بۆ ژنان لە بازاڕی کاردا دابینکراوە، هەندێک مەترسی هەیە، وەکو لایەنگری ئەلگۆریتمییەکان کە ڕەنگە ببێتە هۆی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەڵاواردن دژی ژنان، زۆرێک لە سیستمە زیرەکەکان، وەک ئەوانەی کۆمپانیا گەورەکانی دامەزراندنی کارمەندان پشتیان پێدەبەستن و لایەنگیرین، ژنان لە هەندێک پۆستی ڕێبەرایەتی دوور دەخاتەوە.

 

ئەو نموونەی سیستمەکانی AI هێنایەوە کە نەیانتوانیوە کەسایەتییە دیارەکانی وەک میشێل ئۆباما و ئۆپرا وینفری بناسن بەهۆی نەبوونی هەمەچەشنی لە زانیارییە دراوەکاندا کە ئەم سیستمە پشتی پێدەبەستێ.

 

توندوتیژی دیجیتاڵی... هەڕەشەیەکی نوێ بۆ سەر ژنان

 جگە لە ئاڵەنگاری پیشەیی، ژنان ڕووبەڕووی مەترسی توندوتیژی دیجیتاڵیش دەبنەوە، کە لەگەڵ پەرەسەندنی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد زیاتر بەربڵاوتر بووە، ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕۆژنامەنووس و پەخشکەرانی ژن لە جیهانی عەرەبیدا زیاتر ڕووبەڕووی هەڵمەتی ناوزڕاندنی ئەلیکترۆنی دەبنەوە کە پشت بە تەکنەلۆژیای ساختەی قووڵ دەبەستن، کە وێنە و ڤیدیۆکانیان دەستکاری دەکرێن بۆ بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی هێرشبەرانە، ئەم دیاردەیە پێویستی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا ئاشکرا دەکات کە توانای دۆزینەوەی ناوەڕۆکی ساختە و پاراستنی ژنان لەم جۆرە نوێیەی توندوتیژیی هەبێت.

 

 تەکنەلۆجیا لەخزمەتی ژناندا... پاڵپشتی نوێ زوڵملێکراوان

 لە بەرامبەر ئاستەنگەکاندا، فاتمە ڕومەت پێیوایە کە کۆمەڵەی ژنان و ناوەندەکانی گوێگرتن دەتوانن سوود لە تەکنەلۆژیای مۆدێرن وەربگرن بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر ژنان کەم بکەنەوە، بەتایبەتی کاتێک باس لە پێشکەشکردنی بەڵگە دەکرێت لە حاڵەتەکانی توندوتیژیدا، ڕوونیشیکردەوە کە سیستمی زیرەکی دەستکردی پێشکەوتوو توانای شیکردنەوەی داتاکان و دیاریکردنی ئەو شێوازانەیان هەبووە کە ئاماژەن بۆ توندوتیژی خێزانی، ئەمەش ئاسانکاری دەکات بۆ قوربانییەکان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی و هاوکاری.

 

 جەختیشی لەوەکردەوە کە سەرەڕای ئاستەنگەکان، بەهێزکردنی ژنان لە بواری تەکنەلۆجیادا تەنیا پەیوەندی بە لێهاتوویی تەکنیکییەوە نییە، بەڵکو شەڕێکە لەسەر ئاستی سیاسەت و ستراتیژییە نیشتمانییەکان، بەبێ دیدگایەکی ڕوون و تێکەڵکردنی ڕێبازی جێندەری بۆ یاسادانان، جیاوازیی جێندەری دەمێنێتەوە.

 

هاوکات داوایکرد کچانی گەنج لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندنەوە مامەڵەی شایستەیان لەگەڵ بکرێت و بەرنامەی پەروەردەیی مۆدێرن کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە دیجیتاڵییەکانن پێشکەشیان بکرێت، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی پشتگیریکردنی ژنانی پێشەنگ لە بواری تەکنەلۆژیادا کردەوە، نەک تەنها وەک پرۆگرامەر یان ئەندازیار، بەڵکو وەک داڕێژەرانی سیاسەت کە توانای دووبارە داڕشتنەوەی دیمەنی تەکنەلۆژییان لە ناوچەکەدا هەبێت.

 

 فاتمە ڕومەت لە کۆتاییدا وتی: دەبێت بزانین کە تەکنەلۆژیا بێلایەن نییە، ئەگەر ئێمە بەشێک نەبین لە دیزاینەکەی، ڕەنگە ببێتە ئامرازێکی دیکە بۆ دوورخستنەوەمان، و دەبێت دڵنیابین لەوەی کە هەمووان لەخۆدەگرێت.