ژن کوشتن بەردەوامە؛ ژنێک لە سلێمانی بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا
لە گەڕەکی ڕاپەرینی شاری سلێمانی، ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا.

ناوەندی هەواڵ
کوشتنی ژنان بەدەستی پیاوانی ناو خێزان و کەسوکاریان و پیاوانی نەناسراویش بەردەوامی هەیە، ئەم عەقڵیەتە هەر لە مێژە ژنی ڕەتکردۆتەوەو ڕەوایەتی بە کوشتنی ژنان داوە، تاوانباران زۆربەی کات لە یاسا ڕادەکەن و سزا نادرێن، ئەوانەشی سزا دەدرێن سزایەکی سوک و کەم دەیانگرێتەوە، ئەمەش وادەکات ڕێژەی کوشطنی ژنان هەمیشە بەرز بێت.
لە نوێترین ڕووداودا، ڕۆژی ٢٧ی ئاب، لە گەڕەکی ڕاپەرینی شاری سلێمانی، ژنێک لەلایەن هاوژینەکەوە بە دەستڕێژی گولـلە کوژراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو ژنەی کە کوژراوە تەمەنی ٢٥ ساڵە و دانیشتووی شارۆچکەی ڕانییە بووە و بە سەردان لە ماڵی خوشکەکەی بووە، کە لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانییە، لە پاش ئەوەی دەچێتە ماڵی خوشکەکەی، دوای چەند کاتژمێرێک هاوژینەکەشی گەیشتووەتە سلێمانی و بە دەستڕێژی گولـلە کوشتوویەتی.
ئەوە لەکاتێکدایە، ١٣ی ئاب، لە شارۆچکەی دوکان لە سنووری سلێمانی، پیاوێک بە چەک هێرشی کردە سەر ماڵی باوکی هاوژینەکەی و لە ئەنجامدا هاوژینەکەی کوشت، لە ٨ی ئاب، تەرمی ژنێكی گەنجی دانیشتووی شارۆچکەی چوارقوڕنە لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە، هەروەها شەوی ٥ی ئاب، ژنێک بەناوی دالیا لە دەربەندی ڕانیە بەشێوەیەکی گوماناوی خنکا، لە ٢ی ئاب، ژنێک لە سلێمانی لەبەردەم ماڵەکەی لەلایەن برایەکییەوە تەقەی لێکرا و بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا.
هەر بە پێی کۆکردنەوەی ئامارەکان لەلایەن ئاژانسەکەمانەوە، لە سەرەتایی مانگی تەمووزی ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی تەمووز لە هەرێمی کوردستان، ٩ ژن کوژراون یان بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوەو هەوڵی کوشتنیان دراوە.