ڕژێمی ئەسەد لەژێر پەردەی شۆڕشی ٨ی ئاداردا چۆن ڕۆژی جیهانی ژنانی سڕییەوە؟
"شۆڕشی ٨ی ئادار" تەنیا گۆڕینی ناو بۆ دزینی ڕۆژی ژن لە ژنان نەبوو، بەڵکو هەوڵێکی سیستماتیکی بوو بۆ پەراوێزخستنی پرسی ژنان و لادانی سەرنج لە خەباتیان.

ڕوشێل جونیۆر
سوەیدا- ڕژێمی پێشووی سووریا لەژێر پەردەی "شۆڕشی ٨ی ئادار" ڕۆژی جیهانی ژنانی لە ژنان دزی، کە لە کودەتایەکی بەعس لە ساڵی ١٩٦٣ و دەستبسەرداگرتنی لیژنەی سەربازیی لقی سووریای پارتی سۆسیالیستی عەرەبی بەعس دەسەڵاتی مەدەنی و سەربازی لە سووریا هیچی تر نەبوو.
لیلیان مەغوش، ئەندامی تەڤگەری سیاسی ژنانی سووریا و کۆمیتەی سیاسی لە شاری سوەیدای سووریا باسی لەوەکرد، ڕژێمی پێشوو ڕۆژی جیهانی ژنانی لەناوبرد بە تێکەڵکردنی لەگەڵ ئاهەنگەکانی “شۆڕشی ٨ی ئادار” لە هەنگاوێکی ڕەمزی و سیاسیدا کە ڕەنگدانەوەی کارنامە و ئەولەویەتەکانی خۆیەتی لە کۆنترۆڵکردنی وتاری گشتی و ئاراستەکردنی بەپێی بەرژەوەندییەکانییەتی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە تەنها گۆڕینی ناو نەبوو، بەڵکو هەوڵێکی سیستماتیکی بوو بۆ پەراوێزخستنی پرسی ژنان و لادانی سەرنج لە خەباتیان بۆ مافەکانیان وتی: باسکردنی ڕۆژی جیهانی ژنان لە پرۆگرامەکانی خوێندن دوورخرایەوە و لە شوێنیدا 'جەژنی نیشتمانی' گۆڕدرا کە بەدەوری خودی ڕژێمدا دەسوڕێتەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە پرسی ژنان ئاراستەی ئەجێندای سیاسیی ڕژێم بکرێت لەبری ئەوەی تیشک بخرێتە سەر پرسی ڕاستەقینەی خۆیان.
پێشیوایە ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریی جددی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە، بووەتە هۆی پشتگوێخستنی پرسەکانی ژنان و نەبوونی هۆشیاری لە گرنگی ڕۆڵ و مافەکانیان، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی توندوتیژیی جێندەری، کەمبوونەوەی دەرفەتەکانی یەکسانی، و لاوازکردنی بوونی ژنان لە کایە گشتییەکاندا، ژنان بە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە قەتیس بوون. کە بەهێزکردنیان قورستر کردووە.
لە ئاستی سیاسیدا، ئاماژەی بەوەدا کە ژنان لە پۆستە بڕیاردەرەکان دوورخرانەوە و لە پۆستە ئیدارییە سنووردارەکاندا هێڵدرانەوە لەبری ئەوەی هاوبەشی ڕاستەقینە بن لە دیاریکردنی سیاسەتەکانی وڵاتەکەدا، ئەم گۆڕانکارییە هەروەها سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی ژنان بوو و هەوڵێک بوو بۆ شاردنەوەی خەباتی سەربەخۆی خۆیان بەدرێژایی ساڵان، جا پێش شۆڕشی سووریا بێت یان دوای شۆڕشی سووریا، و دووبارە خستنەڕووی دۆزی خۆیان وەک بەشێک لە پڕوپاگەندەی ڕژێم نەک وەک بزووتنەوەیەکی سەربەخۆ لە مافی خۆیدا.
چۆن دەکرێت ڕۆژی جیهانی ژنان لە سووریای نوێدا بەڕێوە بچێت؟
بۆ گێڕانەوەی ڕێز بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان، لیلیان مەغوش جەخت لەسەر پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە دەکاتەوە، بە دەستپێکردنی هەڵمەتی هۆشیاری بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی پاڵپشتی و هاوکاری مرۆیی بۆ ژنانی سووریا و ڕێگەنەدان بە بێلایەنکردنی ئەم بابەتە لەژێر فشارەکانی دۆخی ئابووری و سیاسیی ئێستادا.
وتیشی: دەبێت مافەکانی ژنان لەنێو ئەولەویەتەکانی سوریادا بمێننەوە و پرسێکی لاوەکی نەبێت کە لەبەر ڕۆشنایی قەیرانەکان پشتگوێ بخرێت"، جەختیشیکردەوە لەسەر گرنگی پێدانی دەرفەت بە ژنانی چالاک لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، نەک تەنها وەک بەشێک لە پڕۆسەی سیاسی بەڵکو وەک بەشێکی جەوهەری بڕیاردان، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە پێویستی بە بەرنامەی هۆشیاری و بەهێزکردنی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە جگە لە بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە بنکەی کۆمەڵگەکەیاندا. بەشداری چالاکانە لە بۆنە و ئاهەنگەکانی پەیوەست بە ڕۆژی جیهانی ژنان و ئەوەی پێش خۆی ڕوودەدات، لە هەمان کاتدا جەختکردنەوە لەسەر پێویستی پشتیوانی بەردەوام بۆیان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و ناوچەیی دەکات.
سەبارەت بە ئاڵەنگاری و ترسەکانی دووبارە تەمومژاوی پرسی ژنان، لیلیان مەغوش وتی: سەرەڕای ئەو هەوڵانەی کە دراون، هێشتا ترسی ڕاستەقینە لە بەردەوامیی ئەو ئەجێندا سیاسییە هەیە کە ژنان پەراوێز دەخات، بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی ناڕوونیی دیمەنی سیاسی لە سووریادا، دیارترین نموونەی ئەمەش بەیاننامە دەستورییەکەی ئەم دواییە، کە مەرجی ئەوە بوو کە سەرۆکی کۆمار دەبێت پیاو بێت، بە پێچەوانەوە پرەنسیپەکانی خودی دەستوور، کە تێیدا هاتووە هەموو هاووڵاتیان، نێر و مێ، لە ماف و ئەرکەکاندا یەکسانن.
ڕوونیشیکردەوە، ڕەنگە ئاڵەنگاری ئابووری ببێتە هۆی پشتگوێخستنی پرسی ژنان و گرنگیدان بە ئاسایش و ئابووری تەنیا، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی سڕینەوەی ژنان بە بیانووی ئەولەویەتە نیشتمانییەکان، جگە لەوەش، ئەو عەقڵیەتە کۆمەڵایەتییانەی کە دژایەتی ڕۆڵی ژنان دەکەن، هێشتا بەهێزن، ئەمەش وا دەکات شەڕەکە درێژخایەن بێت، بەڵام پێداگری لەسەر خەباتی فێمینیستی سەربەخۆ و بەردەوامبوون لەسەر زەوی تاکە ڕێگەیە بۆ بەدیهێنانی گۆڕانی ڕاستەقینە.