ڕژێمی ئێرانی سزای زیندانیکردنی خۆپێشاندەرانی ساڵی ٢٠٢٥ی پەسەند کرد
بڕیاری دادگاییکردنی پاریا دادگەرسیفەت و ڕێبوار مەڕابی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە پەسەندکرا. پاریا کە بە تۆمەتی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵات تۆمەتبارکراوە، لە ماوەی مانگێکدا ڕەوانەی زیندانی ئەڤین دەکرێت
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەر پاریا دادگەرسیفەتدا سەپاند.
بەپێی هەواڵەکە، لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران، بە هۆکاری بەشدارییکردن لە خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکانی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ و بە تۆمەتی کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ کردنی تاوان دژ بە ئاسایشی ناوخۆی وڵات، سزای ١٠ ساڵ زیندانییکردنی بەسەر پاریا دادگەرسیفەتدا سەپاند. لەم سزایە، چوار ساڵی هەڵپەسێردراوە و شەش ساڵەکەی تری لە زینداندا بەسەر دەبات.
پاریا دادگەرسیفەت و ڕێبوار مەڕابی، تۆمەتباری دیکەی ئەم دۆسیەیەن. ئەویش پێشتر لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران لە دادگاییکردنی یەکەمدا سزای ١٠ ساڵ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێنرابوو. لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران ئەم بڕیارەی پەسەند کرد.
سەبارەت بە کات و شوێنی دەستبەسەرکردنی پاریا دادگەرسیفەت هیچ زانیارییەکی تر ئاشکرا نەکراوە، بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی بانگهێشتی زیندانی ئەڤین بکرێت.