ڕژێمی ئێران لە پیشێلکردنی مافی زیندانییانی ژن بەردەوامە

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ژنانی چالاکوان و زیندانییانی سیاسی بەردەوام لە دەستبەسەری و زینداندا ڕووبەڕووی پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانیان لە نادیاریی چارەنووسەوە تا ڕێگری لە کەفالەت و مۆڵەتی کاتی دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ڕژێمی ئێران بەرانبەر ژنانی زیندانیی بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو.

 

چارەنووسی شیرین مەسعوودی لە نادیاریدایە

پێنج ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی شیرین مەسعوودی، چالاکوانی کورد و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی “ڕاژان” تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا هیچ زانیارییەکی ڕوون لەسەر چارەنووس و بارودۆخی ئەو بڵاونەکراوەتەوە.

 

شیرین مەسعوودی خەڵکی مەهاباد لە ١٩ـی ئابی ٢٠٢٦ لەلایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی ئێرانەوە لە شوێنی کارەکەی بە بەکارهێننای توندوتیژیی و بەبێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەر کراوە و بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئەمنی شاری ورمێ گواستراوەتەوە.

 

سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوونەوە لە شوێن و بارودۆخی، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمییان نەداوە.

 

چالاکوانێک بە سێ مانگ زیندانی سزا درا

هاوکات، ژنێکی دیکەی چالاکوانی کورد بەناوی مەنیژە خۆشنوود تەمەن ٥٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان لەلایەن لقی ١٠١ـی دادگای تاوانەکانی دووی بۆکان بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت” سزای سێ مانگ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندرا.

مەنیژە خۆشنوود پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانی لە ساڵی ٢٠٢٤ بە تۆمەتێکی هاوشێوەی “پڕوپاگەندە دژی حکومەت” لەلایەن لقی ١٠١ـی دادگای تاوانەکانی بۆکان سزای ١٠ مانگ زیندانییکردنی هەڵپسێردراوی بۆ دەرچوو.

 

ڕێگری لە ئازادکردنی مەعسوومە ئەژینی لە زیندانی گۆرگان

لە هەواڵێکی دیکەدا، مەعسومە ئەژینی زیندانی سیاسی تەمەن ٦٣ ساڵ، دوای زیاتر لە ١٤٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنییدا، هێشتا لە زیندانی گۆرگان چارەنووسی لە دۆخێکی نادیاردایە، سەرەڕای ئەوەی داواکاری گشتی و دادگای شۆڕشی گۆرگان کەفالەتێکی بۆ ئازادکردنی کاتی دەرکردووە و خێزانەکەی ئەم کەفالەتەیان دابینکردووە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە ڕێگریکردن لە ئازادکردنی کاتی.

 

مەعسوومە ئەژینی لە مانگی نیسانی ٢٠٢٦ لەلایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی ئێران دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە، پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٩ بە تۆمەتی داکۆکیکردن لە براکەی دەستبەسەر و ساڵێک لە زیندانی فەردیس لە شاری کەرەج بەسەر بردووە، دوای ئازادبوونی لە زیندانی فەردیس، بەردەوام لەژێر چاودێری و فشاری دەزگا ئەمنییەکان بووە و چەندین جار بانگهێشت و هەڕەشەی لێکراوە.

 

ڕەتکردنەوەی مۆڵەتدان بە مەعسومە سەربانزادە

مەعسوومە سەربانزادە دانیشتووی شاری نەجەف ئاباد و تەمەنی نزیکەی ٥٠ ساڵ لە گرتووخانەی دۆڵەت ئابادی شاری ئیسفەهان سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەر دەبات.

 

مەعسوومە کە دایکی دوو کچی تەمەن ١٤ و ١٨ ساڵە، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر دەستبەسەر و زیندانیکردنی، لە مافی مۆڵەت وەرگرتنی کاتی بێبەش بووە.

 

ئەو زیندانییە سیاسییە لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٥ لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران دەستبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی دەوڵەت” بە پێنج سال زیندانییکردن سزا درا.

 

ئەم حاڵەتانە لە کاتێکدایە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام جەخت دەکەنەوە لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە مافە یاساییەکانی زیندانییەکان و ڕێگەدان بە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، کەفالەت و مافە سەرەتاییەکان.