ڕژێمی ئێران لە ڕێگەی بلۆککردنی سیمکارتەوە هەوڵی بێدەنگ کردنی ژنان دەدات
لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە چەوساندنەوەی ژنان بەردەوامە بە مەبەستی بێدەنگکردنیان، هەر لەو چوارچێوەیەشدا، سیمکارتی ژنێکی ڕۆژنامەنووس لە ئێران بلۆک کراوە و بە مەرجێک مۆبایلەکەی پێدەدرێتەوە، کە پشتگیری دەسەڵات بکات.

ناوەندی هەواڵ
حەسەن هۆمایوون هاوژینی سەعیدە شەفیعی ڕۆژنامەنووس و زیندانی سیاسیی پێشوو لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێنستاگرام لەبارەی بلۆککردنی سیمکارتی هاوژینەکەی ڕایگەیاند، بە فەرمانی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران سیمکارتی هاوژینەکەم سەعیدە شەفیعی بلۆک کراوە و دەست بەسەر موبایلەکەیدا گیراوە، لە ئەنجامی ئەو کارە هەژمارەکەی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناچالاک کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتی نوێ خراوەتە پاڵ هاوژینەکەم و بە مەرجێک مۆبایلەکەی پێدەدرێتەوە، کە ٢٠ پۆستی پشتگیریکردن لەسەر ئێران لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکاتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ژمارەیەکی بەرچاو لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڕەخنەکانیان ڕووبەڕووی پچڕانی سیمکارتەکانیان بوونەتەوە، لە بنکەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران بە واژۆ کردن داوایان لێدەکەن لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ٢٠ پۆست بۆ پشتگیریکردنی دەسەڵاتدارانی ئێران بڵاوبکەنەوە.
هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوو مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران نامەیەکی بۆ سەرۆکی پەرلەمان ناردووە و داوای پلانێک دەکات بۆ سنووردار کردنی پەڕەكانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئامانجی بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان و چڕکردنەوەی کۆنتڕۆڵی ئاسایش لە بەرانبەر ئازادی ڕادەبڕین.