ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی کوژراو لە یەمەن بۆ ١٤ کەس بەرزبووەوە

ئاماری کوژراوانی ڕۆژنامەنووسان بەهۆی بۆردوومانەکانی ڕژێمی ئیسرائیل بۆ سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە سەنعا و شاری جەوفی پایتەختی یەمەن بۆ ١٤ کەس بەرزبووەوە و دەیان کەسی دیکەش بریندار و بێسەروشوێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١٠ی ئەیلوولدا، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشی کوشندەیان دەستپێکرد و ناوچە جۆربەجۆرەکانی شاری سەنعای پایتەخت و ناوەندی شاری جەوفیان کردە ئامانج، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان لەو هێرشانەدا ٤٦ کەس کوژراون و ١٦٥ کەسی دیکەش برینداربوون، کە ڕۆژنامەنووس و هاوڵاتیانی مەدەنیان تێدابووە، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

 

سەرچاوەکانی یەمەن ڕۆژی ١٢ی ئەیلوول ڕایانگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل کە سێ ڕۆژ لەمەوبەر ناوچەکانی سەنعای پایتەخت و شاری جەوفیان کردە ئامانج، بووە هۆی کوژرانی ١٤ ڕۆژنامەنووس کە بۆ ڕۆژنامەی “٢٦ی سێبتەمبر”، ڕۆژنامەی “یەمەن” و ئاژانسی هەواڵی “سەبا” کاریان کردووە، جگە لە برینداربوونی هەشت ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر و فەرمانبەرانی دیکە کە بەشێکیان کوژراون بە “ڕاستەقینە” پێناسە کران، هاوکات تەرمی بەشێک لە هاوکارەکانیان لە داروپەردووی باڵەخانە وێرانبووەکانی ناوچەی ئامانجداردا ماونەتەوە، لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ وەرگرتنەوەیان چەند ڕۆژێکە بەردەوامە.

 

دوێنێ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی یەمەن شەرمەزاری توندی خۆی بۆ هێرشی ئیسرائیل، بۆ سەر بارەگای ڕۆژنامەی "٢٦ی سێبتەمبەر" دەربڕی کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک لە کارمەندەکانی، لە کاتێکدا ژمارەیەک کەسی بێسەروشوێن لە داروپەردوودا ماونەتەوە.

 

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی یەمەن لە ڕاگەیەندراوەکدا، هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن و گەڕەکە مەدەنییەکان بە "تاوانی جەنگ" و پێشێلکردنی ئاشکرای هەموو یاسا و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان پێناسە کرد، کە مسۆگەری پاراستنی اگەیاندن و ئازادی ڕادەربڕین لە کاتی شەڕە چەکدارییەکان دەکات.