ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ١٥٢ڕۆژنامەنووس

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی کەرتی غەززە ڕایگەیاند، ڕۆژنامەنووسێکی دیکە لە هێرشەکانی ئیسرائیل گیانی لەدەستداوە، بەوەش ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە بووە ١٥٢ ڕۆژنامەنووس.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامەو بەپێی دوایین ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی، ٣٧ هەزار و ٤٣١ فەلەستینی کە لانیکەم ١٥هەزار و ٥١٧ کەسیان منداڵن و ١٠ هەزار و ٢٧٩کەسیان ژنن، گیانیان لەدەستداوە و ٨٥ هەزار و ٦٥٣ فەڵەستینییش برینداربوون.

 

حکومەتی غەززە ڕایگەیاند کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ١٥٢ ڕۆژنامەنووس.

 

 لە ڕاگەیەندراوی نووسراوی نووسینگەی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژە بەوە کراوە، ڕۆژنامەنووسێکی دیکە لە هێرشی سوپای ئیسرائیل گیانی لەدەستداوە، ناوی سەلیم ئەلشەرفەو لە کەناڵی ئەقسا کاری کردووە.