ژمارەی گیانلەدەستدان لە غەززە گەیشتە زیاترە لە ٧٣ هەزار ٤٥٤ کەس
وەزارەتی تەندروستی نوێترین ئاماری قوربانیانی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی کوژراو و برینداران کرد. بەپێی دوایین زانیارییەکان، ژمارەی ئەو فەلەستینییانەی لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٧٣ هەزار و ٤٥٤ کەس.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە، ژمارەی ئەو فەلەستینییانەی لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی ئیسرائیلەوە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ تاوەکو ئێستا کوژراون، گەیشتووەتە ٧٣ هەزار و ٥٤٥کەس.
وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ئاماژەی بەوە کرد کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، لە نێوان ئەو ١٩ کەسەی گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکانی غەززە، پێنج کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ١٤ کەسیشیان بریندار بوون.
بەپێی دانە نوێیەکان، لە دوای چوونە بواری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ وە تاوەکو ئێستا، ژمارەی سەرجەم کوژراوان گەیشتووەتە ١،٣١٨کەس و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە ٤،٣٧٥ کەس، هەروەها تەرمی ٨١٥ فەلەستینی دیکەش دۆزراونەتەوە.
تەرمی دەیان کەس لەژێر داروپەردووەکاندا ماونەتەوە
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، ژمارەی برینداران ١٧٤ هەزاری تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە ١٧٤ هەزار و ٤٨٦ کەس. جگە لەوەش، دەیان کەسی دیکە لەژێر داروپەردوی بینا ڕووخاوەکاندا یان لەو ناوچانەی تووشی وێرانکاری بوون گیریان خواردووە و تاقمەکانی فریاکەوتن و بەرگری شارستانی بە زەحمەت دەگەنە شوێنەکان.
وەزارەتی تەندروستی بەپێویستی زانی کە ئەم ئامارانە لە سایەی بەردەوامی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە تۆمار کراون.
کاریگەرییەکانی جەنگ تەنها لە کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییاندا قەتیس نەبووە، بەڵکو زۆربەی ژێرخانی غەززە و دامەزراوە مەدەنییەکان وێران بوون، بە شێوەیەک ڕێژەی زیانەکان بە نزیکەی ٩٠ %مەزەندە دەکرێت. لە لایەکی دیکەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە ئاوەدانکردنەوەی غەززە پێویستی بە نزیکەی ٧٠ ملیار دۆلار دەبێت.