لافاوەکەی ئەفغانستان زیانی گیانی زیاتری لێکەوتەوە

بەهۆی هەڵکردنی زریان و لافاوەوە لە دوو ڕۆژی ڕابردووەوە تا ئێستا ژمارەی زیان لێکەتووان گەیشتووەتە هەزار و ٩١٥ کەس، دەشڵێن، لەو ژمارەیە ٣١٥ کەس گیانیان لە دەستداوە و هەزار و ٦٠٠ کەسیش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەبەیانی ڕۆژى هەینی لافاو و زریانێکی بەهێز ئەفغانستانی گرتەوە و بەهۆیەوە زیانێکی زۆری گیانی و ماددی لێکەوتەوە و تا دێت بەردەوام ژمارەی گیان لەدەستدان زیاد دەکات.

 

ئەمرۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس نوێترین ئاماری قوربانییەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی لافاوەکەى ئەفغانستانی بڵاوکردەوە، تیایدا هاتبوو، لە ویلایەتی بەغلانی ئەفغانستان  و هەرێمی "بەرەکە" کە دەکەوێتە سنووری هەمان ویلایەتەوە بەهۆی هەڵکردنی زریان و لافاوەوە لە دوو ڕۆژی ڕابردووەوە تا ئێستا ژمارەی قوربانیان گەیشتووەتە هەزار و ٩١٥ کەس.

 

باس لەوەشکرا، لەو ژمارەیە ٣١٥ کەس گیانیان لە دەستداوە و هەزار و ٦٠٠ کەسى دیکەش برینداربوون، ئەوەش خراوەتەڕوو، لافاوەکە زیاتر لە هەزار  و ٥٠٠ ماڵی وێرانکردووە.