٥٥ ملیۆن کەس لە ئەفریقا بەدەست نەبوونی خۆراکەوە دەناڵێنن

ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان داوە کە ٥٥ ملیۆن کەس لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریقا ڕووبەڕووی مەترسی برسێتی بوونەتەوە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو ئاستەنگە ئابوورییانەی کە ئەو وڵاتانە بەدەستیەوە دەناڵێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا بەدەست بارودۆخی خراپی ئابووری دەناڵێنن لە ئەنجامی هەڵاوسانی ئابووری و کەمی ڕێژەی بەرهەمهێنان، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر دانیشتوان هەبووە.

 

بەرنامەی خۆراکی جیهانی، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان 'یونیسێف' و ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان 'فاو' لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا پشتڕاستیان کردەوە کە ٥٥ ملیۆن کەس کێشەیان هەیە بۆ دابینکردنی خۆراک، ئەمەش لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی دانەوێڵە و بەرهەمە خۆراکییەکان لەسەر ئاستی جیهان، کە بەشدارە لە دروستکردنی قەیرانی خۆراک لە ناوچەکەدا.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە ئەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە ئەفریقا بریتین لە 'نەیجریا، غانا، سیرالیۆن و مالی'، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە چاوەڕوان دەکرێت دانیشتوانی ناوچەکانی باکووری ئەو وڵاتانە تووشی برسێتی کارەساتبار ببن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی لە وەرزی وشکەساڵیدا ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، کە لە مانگی حوزەیرانەوە تا مانگی ئابە چوار هێندە زیادی کردووە.

 

جەختیشی لەوەکردەوە قەیرانەکە لە ئەنجامی هەڵاوسان و کەمی ڕێژەی بەرهەمهێنانەوە دروست دەبێت، لە دۆخی جەنگ و ململانێدا زیاتر دەبێت، داوای بەهێزکردنی هەوڵەکانی هاوکاری حکومی و تایبەتیان کرد بۆ دەستەبەرکردنی مافە سەرەتاییەکانی خۆراک بۆ هەمووان.

 

مارگوت فاندرفيلدان، بەڕێوەبەری ناوچەیی ڕۆژئاوای ئەفریقا لە بەرنامەی خۆراکی جیهانی، ڕایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە هەوڵ بدرێت بۆ دەرچوونی دۆخە سەختەکان بەر لەوەی دۆخەکە ژێر کۆنتڕۆڵ دەربچێت، جەختی لەوەکردەوە پێویستە سیاسەتەکان بەهێز بکرێت بۆ هەمەچەشنکردنی بەرهەمهێنانی خۆراکی ناوخۆیی.

 

بە پێی زانیارییەکان لە هەر ١٠ منداڵێک ٨ منداڵ کە تەمەنیان لە نێوان ٦ بۆ ٢٣ مانگدایە، کەمترین بڕی خۆراکی پێویستیان بۆ گەشەکردن دەستدەکەوێت، ئەمە جگە لەوەی لە هەر ١٠ منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ، ٨ منداڵیان بەدەست کەمی خۆراکەوە دەناڵێنن و توشی بەدخۆراکی توند بوون.

 

داوایان لە حکومەتەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی کرد کە چارەسەری بەردەوام جێبەجێ بکەن بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی خۆراک و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی هەڵاوسانی ئابووری.