عێراق، یەکێکە لە وڵاتە مەترسیدارەکان بۆ ژنان

بەگوێرەى پۆلێنێکى جیهانى، لە نێو ١٧٧ وڵاتى جیهان، عێراق لە ڕیزبەندى ١٠ مەترسیدارترین وڵاتانە بۆ ئاسایش و ئارامى ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ ڕۆژی جیهانی ژنان، پەیمانگەى ژنان و ئاشتى و ئاسایش، لەمیانی ڕاپۆرتێکیدا پۆلێنى 'ئاشتى و ئاسایشى ژنان'ـى بۆ ساڵى ٢٠٢٣ بڵاوکردەوە.

 

بە پێی ڕاپۆرتەکە، وڵاتی دانیمارک بە کۆکردنەوەى ٠،٩٣٢ خاڵ، پلەى یەکەمى گرتوە لە نێو ئارامترین ١٠ وڵاتى جیهان بۆ ژنان، دواتر وڵاتانى 'سویسرا، سوید، فینلەندا، لۆکسمبۆرگ، ئایسلەندا، نەرویج، هۆڵەندا و نیوزلەندا' لە ڕیزبەندیەکەدان.

 

لەنێوان دە وڵاتى کۆتایی کە خراپترین وڵاتانن لە ڕووى ئاسایش و ئارامییەوە بۆ ژنان، ئەفغانستان بە ٠،٢٨٨ خاڵ سەرو ڕیزبەندیەکەى گرتووە دواتر، وڵاتانى 'یەمەن، کۆمارى ئەفریقاى ناوەڕاست، کۆمارى کۆنگۆ، سودانى باشوور، بۆرۆندى، سووریا، ئیستواتینى، سۆماڵ و عێراق' دێن.

 

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا، باس لە بەشداریى ژنان لە هێزى کاردا کراوە و باس لەوەکراوە، عێراق دووەم وڵاتە لە کەمترین ڕێژەى بەشدارى ژنان لە هێزى کار بەرامبەر بە پیاوان، بەشێوەیەک ڕێژەکە دەگاتە ١٥.٤٪.