مینا سوڵتانی بانگهێشتی دادگا کرا
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا سەبارەت بە بانگهێشتکردنی مینا سوڵتانیی دایکی شەهریار محەمەدی، یەكێك لە قوربانیانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی” ڕایگەیاند، بە تۆمەتی ”پڕوپاگەندەکردن دژی دەوڵەت” و “ئامادەبوون لە شوێنە گشتییەکان بەبێ باڵاپۆشی” بانگهێشتی دادگا کراوە.

ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا سەبارەت بە بانگهێشتکردنی ژنێکی کورد بۆ بەردەم دادگا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە، کە مینا سوڵتانیی دایکی شەهریار محەمەدی، یەكێك لە قوربانیانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی”ی خەڵکی بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ـی دادگای تاوانی دووی بۆکان بە سەرۆکایەتی “مەهدی فەخری” بانگهێشتی بەردەم دادگا کراوە و دەبێت ئەمڕۆ ئامادە بێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، مینا سوڵتانی بە تۆمەتی ”پڕوپاگەندەکردن دژی دەوڵەت” و “ئامادەبوون لە شوێنە گشتییەکان بەبێ باڵاپۆشی” بانگهێشتی دادگا کراوە.
هاوكات، لە ڕۆژی ١١ـی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ نزیکبوونەوە لە دووەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی، مینا سوڵتانی دایکی شەهریار محەمەدی، کە یەکێکە لە کوژراوانى شۆڕشى “ژن ژیان ئازادیی” لە بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا، دوای ٢١ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردن و لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا. هەروەها چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەكانی ئێرانەوە کەوتووەتە ژێر فشارەوە.
جێگای ئاماژەیە، لە ١٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢ بەهۆی دەستبەسەر کردنی ژینا ئەمینی لەلایەن ئەفسەرانی پۆلیسی بەناو ئەخلاق و گیان لەدەستدانی بەهۆی ئەشکەنجەدانی ناڕەزایی بەرفراوانی لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتەوە کە بە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” ناسراوە و بە هۆیەوە لەلایەن ئێرانەوە سەدان چالاکوان و هاوڵاتیی مەدەنیی دەستبەسەرکران و بە دەیانیش لەسێدارەدراون و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.