کۆمینی ژنان: چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکان و دامەزراندنی یەکسانی
دامەزراندنی کۆمینەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامانجی بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان و ڕێکخستنەوەیانە لە چوارچێوەیەکی دیموکراتیکدا کە مسۆگەری بەشداری چالاکانەیان لە کۆمەڵگەدا بکات، ئەم کۆمینانە بەرهەمی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنانە.
سۆرگوڵ شێخۆ
تل تەمر-لە سەرەتای مێژووەوە ژنان ڕۆڵی پێشەنگ و کاریگەریان لە کۆمەڵگە کۆمەڵایەتییەکان بینیوە، بەشدارییەکی بەرچاویان لە بونیادنانی ژیانی هاوبەشدا کردووە، ئەوان لە پێشەنگی کۆمەڵگە و بناغەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەببوون و کاریگەرییان وەک بەڵگەیەکی هەمیشەیی لەسەر ڕۆڵی پێشەنگایەتیان لە گەشتی مرۆڤایەتیدا دەمێنێتەوە.
سەرەڕای ١٣ ساڵ لە قەیرانی سووریا، پرسی ئازادی ژنان تا ئێستاش ئاڵەنگاریەکی بنەڕەتیە، دیموکراتی کۆمەڵایەتی لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە ئازادی ژنانەوە و تێگەیشتنێکی قووڵ و بە دروستی جێبەجێکردنی ئەم بنەمایە زۆر گرنگە، چونکە ئەو بەردی بناغەیە کە مسۆگەری بەردەوامی و گەشەسەندنی ئەزموونی دیموکراتیی دەکات.
کۆنگرەی ستار و کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا دەستیان کردووە بە دامەزراندنی کۆمینەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەنگاوێکە بە ئامانجی بەهێزکردن و ڕێکخستنی ڕۆڵی ژنان لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتیدا کە بەهاکانی بەشداریکردن و دیموکراتی بەهێزتر دەکات.
کۆمینی ژنان لە ١١ ژن پێکدێت کە سێ کەسیان پۆستی کارگێڕییان هەیە و یەکێکیان وەک هاوسەرۆکی کۆمینی گشتی کاردەکات، بەپێی پێویست لیژنەی تایبەتمەند پێکدەهێنرێت، کە بریتین لە لیژنەیەکی ئابووری، لیژنەیەکی تەندروستی، لیژنەی پاراستنی ژنان، لیژنەیەکی پێکەوە، لیژنەیەکی دادپەروەری، لیژنەیەکی ژینگەپارێزی، لیژنەیەکی هیلالی زێڕین و لیژنەیەکی دارایی.
هەموو سەرچاوەکانی کۆمینەکانی ژنان تەرخانکراوە بۆ خزمەتکردنی ژنان لە٣٠٪ بودجەی کۆمینی گشتی بۆ کۆمەڵەی ژنان تەرخان دەکرێت، کۆنگرەی ستار و کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا بەردەوام چاودێری کاری ئەو کۆمینانە دەکەن و کۆمینەکان بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی ورد لەسەر چالاکیی و دەستکەوتەکانیان بەشداری لە کۆبوونەوە مانگانەیەکانیاندا دەکەن.
"دامەزراندنی کۆمینەکانی ژنان لە چیای قەزوان دەستی پێکرد"
لە شاری تل تەمر لە جزیرە کۆنگرەی ستار دەستیکرد بە دامەزراندنی کۆمینەکانی ژنان، ئەم دەستپێشخەرییە لە شاخی قەزوان دەستی پێکرد، سەرەتای پرۆسەیەکی ڕێکخراوەیی بوو بە ئامانجی بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان و فراوانکردنی بەشداریکردنیان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا.
شاخی قەزوان هەڵبژێردرا چونکە بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە ئازادی ژنان و پێویستی دامەزراندنی تێگەیشتنێکی دروست لە دیموکرارتی، جگە لەوەش شاخەکە شاهیدی خەباتی بەردەوامی ئازادییە لە نێوان جۆرەها توندوتیژی دژی ژنان، ئەمەش وایکردووە ببێتە خاڵی دەستپێکی سروشتی بۆ دامەزراندنی کۆمینەکانی ژنان.
بۆ هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی وردتری پرسەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو، زۆر گرنگ بوو کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ژنان لە چوارچێوەیەکی یەکگرتوودا لە هەموو گوند و گەڕەکێکدا کار بکات، ئەمەش وایان لێدەکات بە شێوەیەکی کاریگەرتر ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان ببنەوە و بەشداری ژنان لە داڕشتنی چارەسەرەکاندا مسۆگەر بکەن.
"زیندووکردنەوەی سیستەمی کۆمینی و پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی ژن و پیاو"
نوهاد شیندی، بەڕیوەبەری کۆنگرەی ستار، دووپاتی کردەوە کە شۆڕشی ڕۆژئاوا سیستەمی کۆمینی زیندوو کردەوە و لە ڕێگەی بنەمای هاوسەرۆکایەتی نێوان ژن و پیاو هەوڵیدا گۆڕانێکی ڕیشەیی لە بیرکردنەوەی باودا بهێنێتە ئاراوە،وتی: سیستەمی هاوسەرۆکایەتی نوێنەرایەتی هەنگاوێکی نوێ دەکات بەرەو پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی ژنان و پیاوان لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا، دوای ئەوەی ڕۆڵەکانیان پەراوێزخراو و وەدەرنران.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمینەکان قۆناغی ژێردەستەیی و خزمەتکردنی نەریتییان تێپەڕاندووە، و لەسەر بنەمای نوێ دەستیانپێکردووەتەوە کە هەموو تاکێک بەرپرسیار دەکات لە ڕۆڵی خۆی لەناو کۆمەڵگەدا، وتی: بەم شێوەیە سیستمی دیموکراتی دەتوانێت پەرە بسێنێت بۆ ئەوەی مافی دەربڕین و بەشداریکردن بە هەموو کەسێک بدرێت، سەربەخۆیی و ئازادی تاک بەرز بکاتەوە و بیانکاتە ئەندامی کارای نەتەوەی دیموکراتی.
پێی وایە زۆر گرنگە ژن و پیاو بەشداری لە بڕیاردان بکەن و بە هاوبەشی چارەسەری گونجاو بۆ پرسە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان لەناو کۆمینەکەدا دیاری بکەن، وتی: نابێت بڕیارەکان بە شێوەیەکی تاکلایەنە لەلایەن سەرکردەیەکەوە بدرێت و دواتر بە ئەنجامێکی ناکاریگەر بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێندرێت، ژنان ئەو بیرکردنەوە ڕەتدەکەنەوە کە هەوڵی دوورخستنەوە یان پەراوێزخستنی ڕۆڵی خۆیان دەدەن.
نوهاد شیندی ڕوونیشیکردەوە، دوای دامەزراندنی کۆمینە گشتییەکان، پێویستی دروستکردنی کۆمینی ژنان سەریهەڵدا. ئەم کۆمینانە لەپاڵ کۆمینە گشتییەکان و بەبێ هیچ جیاوازییەک لەنێوان ژنان و گەلانی ناوچەکەدا توانای زیاتر بەهێزکردنی خەباتیان هەیە لەدژی جۆرەها شێوەی هەژموون و ستەمکاری و داگیرکاری و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی پارچەپارچەکردنی کۆمەڵگە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان لە گوندەکان و گەڕەکەکاندا ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری گەورەتر و توندتر دەبنەوە، ئەمەش پێویستی گەیشتن بەوان ڕاستەوخۆ هەیە و ئاگادارکردنەوەیان لە گرنگی خێزانی دیموکرات و پاراستنیا، ورت: لێرەوە پێویستی دامەزراندنی کۆمینەکانی ژنان بۆ ئەوەی وەک چوارچێوەیەکی ڕێکخراو خزمەت بکەن کە بەشداری چالاکانەی ژنان لە کۆمەڵگەدا مسۆگەر بکات و ڕۆڵیان لە بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگییەکان بەهێزتر بکات.
"کۆمینەکان: بەرهەمی شۆڕشی ژنان"
جەختی لەوە کردەوە، کە کۆمینەکانی ژنان شوێنی زیاتر بە ژنان دەبەخشن بۆ بەکارهێنانی مافەکانیان لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و ئابووری و ژینگە و هونەردا، ئەوان ڕێگەیان پێدەدەن تێگەیشتنێکی قووڵتریان هەبێت لە بنەماکانی دادپەروەری و ئەو یاسایانەی کە مافەکانیان مسۆگەر دەکەن، بەمەش بەشداری دەکەن لە بەهێزکردنی هۆشیاری یاسایی و چەسپاندنی پێگەی خۆیان لەناو کۆمەڵگەدا.
نوهاد شیندی پێی وایە دامەزراندنی کۆمینەکانی ژنان بەرهەمی دەستکەوتەکانی ژنانە لە ماوەی ١٤ ساڵی شۆڕشی ژناندا، وتی: ئەم هەنگاوە هەرچەندە درەنگ هات، بەڵام دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ناوچەکە بەدرێژایی ساڵانی شۆڕش ڕووبەڕووی بووەوە، هەر لە هێرشەکانی داعش و داگیرکاری تورکیاوە، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامن، سەرەڕای ئەوەش خەبات بە خێرایی بەهێزتر لە ڕێگەی بونیادنانەوە و گەشەسەندنی بەردەوامەوە.