ڕژاک زانیاری نوێ لەسەر کوشتنی کچێک لە لایەن باوکییەوە ئاشکرا دەکات

ڕژاک دەربارەی کوشتنی کچێکی تەمەن ١٨ساڵ بەدەستی باوکی، دەڵێت: دەستدرێژی کردنە سەر مێینە لەلایەن باوکەوە واتە دەستدرێژی بۆ سەر تەواوی کۆمەڵگە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢٠ی ئایار، پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە، کە بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر کچەکەی و پاش ئەوەی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستداوە.

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان "ڕژاک"، دەربارەی کوشتنی کچێکی ١٨ ساڵ بە دەستی باوکی  و پاشان دروستکتدنی تۆمەتی ڕەوشت بۆ پەردەپۆشکردنی ڕووداوەکە، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوکردووەتەوەو ئاماژەی بەوەکردووە، کوشتنی ژنان و دانەپاڵی تۆمەت جێی قبووڵ نییە و داوای هەڵوێستی بەپەلە و کاریگەر و بەسزا گەیاندنی تۆمەتباران دەکات.

 

" کوشتنی ژنان لەژێر ناوی نامووسدا بووەتە خواردنەوەی ئاو"

لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەی ڕژاکدا هاتووە: کوشتنی ژنان لەژێر ناوی نامووسدا بووەتە خواردنەوەی ئاو هێندە ئاسان بووە، چونکە سزای تاوانکاران و بکوژان و دەستدرێژکاران نادرێت و دەڵێن کێشەی نامووس و کۆمەڵایەتی و خێزانییە، واتە ڕەوایی دانە بەو تاوانانە، چونکە ئەو ئەقڵە بۆ زۆرینە گونجاوە و ڕەوایە، لە ٢٠ی ئایار، لە شارۆچکەی پێنجوێن باوکێک کچە ١٨ ساڵانەکەی خۆی بە چەقۆ دەکوژێت، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچونمان و لە پرسەکەدا، کەسوکاری قوربانییەکە لە ناو خەڵکدا بە ئاشکرا باسی ڕووداوەکەیان کردووە، کە باوکەکە زۆرینەی جار دەستدرێژی کردووەتە سەر کچەکەی خۆی.

 

ڕوونکراوەتەوە، بۆئەوەی کچەکە لە دادگا ئاشکرای نەکات و گەواهی نەدات، باوکی بە چەقۆ لە گەرماودا کچەکە دەکوژێت و هێرش دەکاتە سەر هاوژینەکەشی، کە پێشتریش زۆر جار هاوژینەکەشی ئازارداوە و توندووتیژیی بەرامبەر کردووە، باوکێک بەو شێوە دڕنەدەییە دەستدرێژی دەکاتە سەر کچەکەی خۆی، دەیکوژێت و تۆمەتی نامووس و ئەخلاقیشی دەخاتە پاڵ، ئەوەش کارەساتێکی جەرگ بڕەو شایەنی قبوڵ کردن نییە.

 

"ئەمە یەکەم ژن نییەو نمونەی لەو شێوەیە هەبووە"

ڕژاک ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوە یەکەم ژن نییە لەلایەن کەسی نزیکییەوە دەستدرێژی بکرێتە سەری و بشکوژرێت، بەڵکو نمونەی لەو شێوەیە هەبووە هەندێکیان ئاشکرابوون و هەندێکیش بەشاراوەیی ماونەتەوە، ئەوەش لوتکەی بێ ڕەوشتی ئەو نێرە نیشان دەدات، هەروەها ناهۆشیاری بێ مافی ژنان گەشتووەتە ئاستێک خێزان ناوێرن بەرامبەر پیاوی ماڵەکەیان پێیان دەوترێت "وەلی ئەمر" قسەبکەن و ناوێرن و بە مافی ژنانی نازانن، کە بەرگری لە خۆی بکات، یەکسەر دەبێتە جێگای تانەوتەشەر و تۆمەت کردن بۆیان، زۆرجار ناچاردەبن بێ دەنگ بن، چونکە ڕێگای چارە و ڕزگاربوون نییە لەو دۆزەخە، یان خۆی دەکوژێت و یانیش دەکوژرێت.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەوەش ئەرکی حکومەت و ڕێکخراوەکان و ئەو یاسایانەیە کە نین، یان ئەویاسایانەن کە دژی ژنن و هۆکارن بۆ ئەو کارەساتانە، هۆکاری ئەو ئەقڵ و چەمکانەن کە ژن بەلاواز دەبینێت، کە ژن تەنها وەک کاڵا، خزمەتکار و چێژ و ئامێری مناڵ دروستکردن دەبینن، ئەرکی هەمووانە کۆمەڵگە هۆشیار بکەینەوە و چەمک و ئەقڵی نامووسگەرایی کۆتایی پێ بهێنن، کە ژن بە نامووس دەزانن و لە ژێر ئەو بیانوەدا کوشتنی ژنان ڕەوادەکەن و ژن بە موڵکی خۆیان دەزانن، ئەو کارەساتە تاوانکارییە مەترسیەکی گەورە و قێزەونە لە کۆمەڵگەکەماندا ڕوویداوە، تەواوی لایەنەپەیوەندیدارەکان دەخاتەژێر پرسیار و ئەرک و بەرپرسیارێتی قورس، کە بەڕاستی دەبێت کاری جدی لەسەربکەین.

 

ڕژاک بە پێویستی دەزانێت، کە هەموو تاوانکاران و دەستدرێژیکاران سزای قورس بدرێن و ڕەوایی نەدرێت بە کوشتنی ژنان لەژێر بیانو و درۆی نامووسدا، پێویستە شوێنی داڵدەدانی ژنان باوەڕ نەکەن بە خێزانەکان و بە ئاسانی ئەو ژنانەی کە پەنایان بۆ هێناون نەدرێنەوە بەخێزان و بنەماڵەکان و شوێنی داڵدەدانەکان بکرێنە شوێنی پەروەردە و هۆشیاری ژنان؛ ژنان مافی خۆپارێزیان هەبێت و مافی خۆی بزانێت.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: وەکو ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان ئەو کارەساتە بەمەترسی دەبینن بۆ کۆمەڵگە و قبوڵ کراونییە و چی ئەرکێک بکەوێتە سەرشانمان بە ئەرکی خۆمانی دەزانین و لەو چوارچێوەیەدا ئامانجمان پارێزگاری کردنە لە ژنان و ناساندنی مافی خۆی و تەواوی کۆمەڵگەیە ئەو کارەساتە و هاوشێوەکانی شەرمەزاردەکەین.