بەهۆی بۆردومانەکانی ناوچەکانی لوبنانەوە زیاتر لە ٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە
دوێنێ گەڕەکەکانی باشووری بەیروت و چەند ناوچەیەکی دیکەی لوبنان ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بوونەوە و بەهحیەوە زیاتر لە ٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.
ناوەندی هەواڵ
لە نێوان بەردەوامی فەرمانی ئاوارەبوون و چۆڵکردن کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەرچووە، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە نزیکەی چارەکێکی دانیشتوانی لوبنان "لە ئێستاوە بەدەست کەمی خۆراکەوە دەناڵێنن."
زیاتر لە دوو مانگە هێرش و ململانێ لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان بەردەوامە و دوێنێ زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی لەدوا یەک کرایە سەر بەیرووتی پایتەخت و گەڕەکەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی گرتەوە، بە هۆیەوە زیاتر لە ٥٠ کەس لە ژن و منداڵ گیانیان لەدەستدا و ٥٢ کەسی دیکە بریندار بوون.
وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، بۆردومانەکە ١٠ گوندی سەر بە ناوچەی بەعلبەکی لە ڕۆژهەڵاتی لوبنانی گرتووەتەوە و چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنانیش بۆردومان کراوە، کە ماڵی هاوڵاتیانی مەدەنی زیانیان بەرکەوتووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆش هێزەکانی ئیسرائیل بۆردومانەکانیان بۆ سەر گەڕەکی باشووری لوبنان دەستپێکردەوە و هۆشیاری دراوە کە دانیشتوانەکەی ناوچەکە چۆڵ بکەن.
کەمی خۆراک بەهۆی هێرشەکانەوە دروستبووە
وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، نزیکەی چارەکێکی دانیشتوانی لوبنان بەدەست کەمی خۆراکەوە دەناڵێنن، پێدەچێت دۆخەکە زیاتریش تێک بچێت بەهۆی بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکەوە.
فەرمانگەی کاروباری مرۆیی دووپاتی کردەوە کە ئاوارەبوون بەردەوامە لە نێوان درێژەدان بە فەرمانی نوێکردنەوەی چۆڵکردن، کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەرچووە.
کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، زیاتر لە نیو ملیۆن کەس ڕوویان لە سووریا کردووە و زیاتر لە نیوەیان منداڵن و دوو لەسەر سێشیان خەڵکی سووریان کە پەنابەر بوون لە لوبنان.