منداڵپارێزی کوردستان: هەمواری یاسای باری کەسی ئەگەری زۆربوونی توندوتیژی خێزانی و دەستدرێژییە

ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان هۆشداری دەدات لەو مەترسیانەی لە ئەنجامی هەمواری یاسای باری کەسی ڕووبەڕووی کۆمەڵگە دەبنەوە، دەشڵێت: پەرلەمانتاران ئەوە لە بیر نەکەن عێراق ڕێکەوتننامەی مافی منداڵانی پەسەند کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا دەربارەی هەوڵەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ نیگەرانەو بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئەو پێشکەوتنانە ناوی دەبات کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بواری ژنان و منداڵان لە عێراق بەدەستیان هێناوە.

 

لە بەیاننامەکەدا دووپاتکراوەتەوە، تیمی یاسایی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان هۆشداری دەدات سەبارەت بە مەترسییەکانی هەموارکردنەوەی یاساکە بۆ سەر مافەکانی ژنان و منداڵان، بە هەبوونی کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر پڕۆسەکانی هاوسەرگیری و فرەژنی و جیابوونەوە و لەخۆگرتنی منداڵ و دابەشکردنی میرات.

 

هەر لە بەیاننامەکەدا ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان تیشک دەخاتە سەر چەند لایەنێکی نەرێنیی هەمووارەکە و ئاماژە بەوە دەکات:

١- کاریگەریی لەسەر تەندرووستی دەروونیی و جەستەیی ژنان بە هۆی دووگیانبوون لە تەمەنێکی بچووکدا.

٢- کەمبوونەوەی هەلی خوێندن لە نێوان ژنانی عێراق و وازهێنانی ژمارەیەکی زۆر لە کچان لە خوێندنگە بە هۆی هاوسەرگیری کردن.

٣- ئەگەری زۆربوونی توندوتیژی خێزانی و دەستدرێژی لە حاڵەتی هاوسەرگیری منداڵان.

٤– هەبوونی کاریگەری نەرێنی بۆ سەر سەقامگیری ئابووریی و بەهێزکردنی کارامەیی و توانای منداڵان و نەبوونی زانیاری پێویست بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی بەرهەمدار.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: لە کاتێکدا داواکارانی ئەم پێشنیارە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەبێت بنەما شەرعییەکان جێبەجێبکرێن لە جێی ئەو یاسایانەی لە دەستووری عێراقدا چەسپێندراون، ڕوون نییە کە ئاخۆ بنەماکان چ شتێک قەدەغە دەکات یاخود هەڵدەوەشێنێتەوە.

ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان داوا لە پەرلەمانتاران دەکات ئەوە لە بیر نەکەن عێراق ڕێکەوتننامەی مافی منداڵانی پەسەندکردووە.

 

ئاماژە بەوەش دەکات، پێشنیارەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە بە هەموو شێوەیەک پێچەوانەی بنەما سەرەکییەکانی ڕێکەوتننامەی مافی منداڵانە کە داوا لە واژۆکاران دەکات کاربکەن بۆ دابینکردنی باشترین بەرژەوەندی منداڵان، و نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕووبەڕووی جیاکاری ببنەوە و دڵنیا بن لە گەشەکردن و پەرەسەندنیان.

 

ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لەو باوەڕەدایە بەم گۆڕانکارییە کۆمەڵگەی عێراقی هەنگاوێکی گەورە بەرەو دواوە دەنێت و کاریگەرییەکی ئێجگاری دەبێت لەسەر مافە ڕەواکانی منداڵان و ژنان لە عێراق.

 

سارا ڕەشید، سەرۆکی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان وتی: ئازادی هەڵبژاردن نابێت زیان بە کۆمەڵگە بگەیەنێت، پێشنیارەکان بۆ هەموارکردنەوە توانای زاڵبوون دەبەخشێت بە پیاوانی ئاینی بەسەر یاساکانی دەوڵەتدا و بە دڵنیایەوە بنەما شەرعییە جیاوازەکان دەبنە هۆی جیاکاریی زۆرتر لە نێوان پێکهاتەکانی عێراق و پێشێلکردنی سەروەری یاسا لە عێراق، کە چەندین ساڵە دەستخۆشیان لێدەکرێت بۆ پەیڕەوکردنی ئەم یاسا پێشکەوتووانە، داوا لە پەرلەمان دەکەین هەر پێوەرێک ڕەتبکاتەوە کە دەبێتە مایەی پێشێلکردنی مافەکانی ژنانی عێراق.