هێرشێک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل ئەنجامدرا

لە ئەنجامی هێرشەکەدا کە لە ناوەندی شاری تەلئەبیب بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئەنجامدرا، کەسێک گیانی لەدەستدا و ٤ کەسی دیکەش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو لە ناوەندی شاری تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل و لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشێک ئەنجامدرا و بە پێی ڕاگەیاندراوی دەزگای فریاکەوتنی خێرای ئیسرائیل، بە ناوی  ئەستێرەی سووری داود، پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵ  گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون، کە دوانیان لەناو ماڵ و دوو کەسەکەی دیکە لە شەقامەکەدا بوون.

 

 بەگوێرەی لێدوانی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل؛ تەقینەوەکە لە تەلئەبیب بەهۆی "توخمێکی ئاسمانییەوە" بووە و ئاگادارکەرەوەکان ئاگادار کردنەوەیان نەداوە، ڕاشگەیەندرا کە لێکۆڵینەوە لەسەر هێرشەکە دەستیپێکردووە و ئیسرائیل دەورییەکانی چڕکردووەتەوە بۆ پاراستنی ئاسمانی خۆی.

 

 یەحیا سێری، وتەبێژی سەربازی حوسییەکانی یەمەن لە بەیاننامەکەیدا لە هەژماری ئێکس، پشتڕاستیان کردەوە کە هێرشەکە لە تەلئەبیب ئەنجامدراوە، دواتر وردەکارییەکان ڕادەگەیەنن.