ڕێکخراوە فێمینیستەکانی مافی مرۆڤ، داوای ڕاگرتنی شەڕی غەززە و سودان دەکەن

ڕێکخراوە فێمینیستەکانی مافی مرۆڤ کە بەیاننامەی کۆمەڵەی کەلامیان واژوو کرد، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گەلانی ئازادی جیهان کرد کار بۆ ئاگربەستێکی هەمەلایەنە لە غەززە بکەن و کۆتایی بە ململانێکانی سودان بهێنن.

تونس

 

کۆمەڵەی کەلام بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، ڕێکخراوە فێمینیستەکانی مافی مرۆڤ بەیاننامەکەیان واژووکرد بۆ جەختکردنەوە لەسەر پێویستی دەنگی ژنان، بۆ وەستاندنی شەڕ و ململانێ لە کەرتی غەززە و سوداندا، لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، دەنگی ژن سەلماندنی خودی ژنە، بە درێژایی مێژوو ژنان هەوڵیانداوە دەنگیان بسەلمێنن، ژن بووەتە بەرگریکارێک بۆ وەستاندنی هەموو جۆرە شەڕێک.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە شەڕی کەرتی غەززە کراوە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی قڕکردن لەسەر کەرتی غەززە، ژنانی کەرتی غەززە بەر هەموو جۆرە توندوتیژی و گۆشەگیرییەک کەوتوون، بە جۆرێک لە هەر کاتژمێرێکدا ٧ ژن دەکوژێت و ٨٠٠ هەزار ژن ئاوارە دەبێت، جگە لەوەش ئەو داگیرکارییە شێوازی نوێی توندوتیژیی دروستکردووە، وەکو توندوتیژیی ڕەگەزی، توندوتیژی سێکسی و چەندین جۆری دیکە، ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی ڕۆژانە ١٨٠ژن لە غەززە بێ ئاو و ئازارشکێن و پێداویستی پزیشکی منداڵیان دەبێت و هەندێکیان بەبێ بێهۆشکردن نەشتەرگەریان بۆ دەکرێت، زۆرێک لە ژنان ڕووبەڕووی مامەڵەی نامرۆڤانە، لێدانی توند بوونەتەوە، لەکاتی سوڕی مانگانە بێ خواردن و دەرمان ماونەتەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە شەڕی سودان کراوە و دەربارەی سودان ڕوونکراوەتەوە، شەڕ لەسەر جەستەی ژنان دەکرێت، هێزەکانی پشتیوانی خێراش دەستدرێژی کردنە سەر ژنان وەک چەکێکی سیستماتیکی شەڕ بەکاردەهێنن، وەک چۆن کۆمەڵە مافی مرۆڤ و فێمینیستەکان زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی سودان لە کاتی شەڕەکەدا تۆمارکردووە، کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤۆڵکەر تورک، ئاماژەی بەوە کردبوو، توندوتیژی سێکسی وەک شێوازێکی سەرەکی شەڕ لە سودان بەکاردەهێنرێت و نووسینگەکەی ٦٠ ڕووداوی توندوتیژی سێکسی تۆمارکردووە کە ١٢٠ قوربانی تێدابووە و زۆربەیان ژن بوون.

 

جگە لە دەستدرێژی سێکسی، حاڵەتی تیرۆرکردن و کوشتن لە سودان تۆمارکراوە کە تێیدا ژنان بوونەتە قوربانی بەهۆی چالاکییەکانیانەوە، تۆڕی دەستپێشخەری ستراتیژی ژنانی قۆڕنی ئەفریقا، لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ١٠٤ حاڵەتی ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ژنانیان تۆمارکردووە، ئەو ژنە ڕفێندراوانە وەک کرێکاری ناوماڵ بەکاردەهێنرێن بۆ خزمەتکردنی هێزەکانی پاڵپشتی خێرا، ڕووبەڕووی مەترسییەکانی توندوتیژی سێکسی دەبنەوە، ئاماژە بەوەدەکەن کە هەندێکیان تەمەنیان لە تەمەنی سێزدە ساڵدایە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمەڵەی کەلامدا جەخت لەسەر پێویستی وەستانەوەی شەڕ کراوە لە غەززە وسودان، هەموو جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژنان ڕەت دەکاتەوە.