"ڕزگارکردنی ژنانی ئێران بە درێژەدان بە بەرخۆدان دەبێت"

ژنانی میسر تیشکیان خستەسەر فشارەکانی سەر ژنانی ئێران و ڕایانگەیاند: ڕزگارکردنی ژنانی ئێران بە بەردەوامبوون لە بەرخۆدان بەدەست یەت و هاودەنگی ژنانی جیهان لە بەرامبەر ستەمکاریدا گرنگە.

 

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە- نور هودا، پارێزەری میسری باسی لە سیاسەتی فشاری ڕژێمی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە جیاکاری ڕەگەزی لە نێوان ژن و پیاو لە ئێراندا هەیە، ئەم دۆخە ژن دەخاتە مەترسییەوە، لە تاران کوشتنی ژینا ئەمینی توڕەیی لای ژنان لە ئەو وڵاتە دروست کرد، بە کوشتنی ژنێک پێشێلکردنی مافی ژنان بەدی دەکرێت، بەم پراکتیزانە ژنان دەکرێنە ئامانج و هەوڵی چەوساندنەوەیان دەدەن.

 

"بوونی ژن بە نەبوو هەژمار دەکرێت"

نور هودا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە مەبەست لە فشارەکان لە ئێراندا چەوساندنەوەی ژنانەو وتی: تەنها لەبەر ئەوەی ژنن، ڕەفتارەکانیان سنووردارە و ئەم دۆخە بە تەنها دژی مافەکانی ژنانە، ئەو فشارانەی کە لە ئێستادا بە ناوی ئاینەوە لەسەر ژنان زیاتر دەبن، ڕەنگدانەوەی فرەچەشنی کولتوورییە، چونکە لە کۆمەڵگەدا لایەنێک هەیە کە ئەوەی ڕوودەدات قبوڵ دەکات لە لایەکی دیکەوە لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کە بە پێشەنگایەتی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد، ڕاپەڕینێکی کۆمەڵایەتی کە سیاسەتە پیاوسالارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی ژنان ڕەتدەکاتەوە سەریهەڵدا.

 

"ئەگەر ژنان هێزی خۆیان یەکبخەن، هیوایەک سەرهەڵدەدات"

نور هودا ئەوەشی خستەڕوو، ژنان بە ئیرادەیەکەوە خۆیان دەردەبڕن، ئەو ژنانەی بانگەشەی بوونی خۆیان دەکەن ڕووبەڕووی فشاری جیاواز دەبنەوە و وتی: هەر بۆیە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر ئاستی جیاوازی فشاردا دەژین، ژنانی میسر پشتیوانی خەباتی ژنانی ئێران دەکەن بۆ ئەوەی دەنگی ژنان بەرز ببێتەوە و کاریگەر بێت و هەموو ئاستەنگ و فشارەکان پێکەوە نەمێنن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، فشارەکان بۆ سەر ژنان لە ئێران هاوشێوەی ستەمکاری دژی ژنانە لە میسر و وتی: تەڤگەری ژنان لە میسر بە دڵنیاییەوە لە ژێر کاریگەری تەڤگەرە جیاوازەکانی ژناندان، ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین کە ژیانی ژنانی بەشدار لە تەڤگەرەکان لە ژێر مەترسیدایە، بەڵام دەتوانین بڵێین لە درێژخایەندا خەبات دروست دەکات.

"هەڵوێستی دروست پێویستە دژی توندوتیژی"

هاجەر کەمال، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەستپێشخەری ژنانی سالم، ڕایگەیاند کە بارودۆخی سیاسی کاریگەریی گەورەی لەسەر ژنانی ئێران هەیە و وتی: ژنان لە ئێراندا لە کولتوور و میتۆدێکدا قەتیس کراون کە هیچ پەیوەندییەکیان بە مافی مرۆڤەوە نییە، ڕژێمی ئێران درێژە بە یاساکانی دژ بە ژنان دەدات و ژنان بە گیانی خۆیان باجی توندوتیژیی پۆلیسی ڕەوشتی دەدەن.

 

بانگەوازێک بۆ هاودەنگی جیهانی

لە کۆتاییدا هاجەر کەمال وتی: ئەوەی ئێستا لە ئێران دەگوزەرێت، پێویستی بە خەباتێکی بەهێزتر هەیە بۆ ئەوەی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان ئەنجامی بدەن، ئێمە دەزانین کە مافەکان بە ئاسانی نادرێن بۆ ئەمەش پێویستە ژنان چالاکتر بن و خەبات بۆ مافەکانیان بکەن، پێویستە ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاستی جیهانیدا دژی ستەمکاری یەکگرتوو بن، لە ئێستادا قەیران لە جیهاندا هەیە زۆربەی وڵاتان ڕووبەڕووی شەڕ و کێشە بوونەتەوەدۆخی ئاژاوەگێڕی دەبێتە هۆی بێدەنگی یان نەبوونی پەیوەندیەکان لەم ڕووەوە ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گرنگی هەیە.