٦ مانگی دیکە چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد قەدەغە کرا

ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ٣٨ مانگە هیچ زانیارییەکی لەبارەوە وەرنەگیراوە و لە نوێترین بڕیاردا ٦ مانگی دیکە سزای قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەراندا بەسەریدا سەپێنراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئەمنی باڵای جۆری F لە ئیمراڵی لە گۆشەگیری تونددایە، لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەدەست نەهاتووە، جگە لە ەبدوڵا ئۆجالان، هەریەک لە عومەر خەیری کۆنار، وەیسی ئەکتاش و هەمیلی یەڵدرم لە زیندانی ئیمرالی زیندانین و بۆ ماوەی ٦ مانگی دیکە کۆبوونەوە لەگەڵ پارێزەرانیان لێ قەدەغە کراوە.

 

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا، پارێزەرانی فەرمانگەی یاسایی ئەسرین داوایان پێشکەش بە دادگای تاوانەکانی دووی شاری بورسا کردووە بۆ چاوپێکەوتن، دوای ئەو داواکارییە، پارێزەرەکان بۆیان دەرکەوتووە کە لە ٣ی ئایاردا، ڕێبەری گەلی کورد سزای ٦ مانگ قەدەغەی چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەرانیان بەسەردا سەپێنراوە.، پارێزەران هیچ زانیارییەکیان لەبارەی هۆکاری سزاکەیان پێنەگەیشتووە.

 

تانەدانەکان لە بڕیارەکەی پێشوو ڕەتکرانەوە، پارێزەران دوای بڕیاری ٦ مانگ قەدەغەکردنەکە سەردانی دادگای دەستوورییان کرد.

 

بەم دوا بڕیارەوە، لە ماوەی ٨ ساڵدا لانیکەم ١٣ جار چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران قەدەغە کراوە و کۆبوونەوە لەگەڵ خێزانەکەش بەهۆی هەمان ئەو بڕیارانەوە ڕێگری لێدەکرێت.