بێریڤانەکان هەقی کارەکانیان وەرناگرن

ئەو بێریڤانانەی لە کاتی خۆرهەڵاتندا، هەندێک جار بە ئەسپ و هەندێک جار بە بارهەڵگر دەچنە دەشتەکانی گەڤەر دەڵێن: بە فرۆشتنی بەرهەمی شیری بژێوی ژیانمان دابین دەکەین، بەڵام داهاتیان وەک جاران نییە و بەشی پێداویستییەکانیان ناکات.

مەدینە مەمەدئۆغڵو

 

جولەمێرگ- لە باکووری کوردستان، بە شێوەیەکی سەرەکی لە جولەمێرگ و وان خەڵک بە ئاژەڵدارییەوە بژێوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن، جگە لەو کەسانەی لە گوندەکاندا دەژین، بەشێک لە خەڵکی دانیشتووی شارەکانیش دەچنە لەوەڕگاکان و لە مانگەکانی بەهاردا ئاژەڵ دەلەوەڕێن، لە کوردستان ئەو ژنانەی دەچن بۆ ئەو کارە بێریڤانیان پێدەوترێت، هەروەها وەک ناوێک بۆ زۆر کەس بەکاردێت و وەک بەهایەکی کولتووری بۆ گەلی کورد سەیر دەکرێت، بەڵام بەهۆی بۆردوومان و جینۆسایدەکانەوە بەشێک لە ژنان ناتوانن بچنە دەشتەکان و کارەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.

 

ناوچەی دەوروبەری ناوچەی جولەمێرگ بە جۆراوجۆری ڕووەک و دارستانە سەوزەکانی ناسراوە، زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکە بەیانیان بە ئەسپ یان بارهەڵگرەوە دەچنە لەوەڕگەکان و شیر دەدۆشن، ژنێک کە کارەکەی زوو کۆتایی دێت دەچێت بۆ یارمەتیدانی ژنانی تر، لەو دۆڵ و دەشتانەدا باشترین نمونەی یەکگرتووی ژنان بەدی دەکرێت.

 

ژنان بە دروستکردنی شیر، ماست، پەنیر و کەرە پشتگیری خێزانەکانیان دەکەن کە لە ناوچە و شارەکاندا دەیفرۆشن، قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری ڕۆژ بە ڕۆژ کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان هەیە و هەروەها کاریگەری لەسەر هەژاران هەیە ئەوانەی دەڵێن داهاتیان وەک جاران نییە، بەهۆی ئەو کارەی دەیکەن تەنها خۆیان ئارام دەکەنەوە.

 

"هەم لە ماڵەوە و هەم لە کێڵگەکاندا کار دەکات"

ناجیە سەیگیا کە نزیکەی ٥٠ ساڵە کاری بێریڤانی دەکات، هەموو ڕۆژێک بە بارهەڵگرەوە دەچێتە لەوەڕگاکان و ئاماژەی بەوەشکرد، تاکە سەرچاوەی داهاتیان ئاژەڵدارییە و ئاماژە بەوەدەکات ئەوان خەڵکی لادێن، نەک تەنها لە کێڵگەکاندا کار دەکەن بەڵکو لە ماڵەوە بە ڕۆژ کار دەکەن، ئەو ژنە ساڵانێکی زۆرە ئاژەڵەکانی دەپارێزێت و بە ئاژەڵداری بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی دابین دەکات و دەڵێت: ئێمە هەموو شتێک دەکەین بەیانی زوو هەڵدەستین و دێینە ئێرە، دوای ئەوەی لێرە کارەکانمان تەواو دەکەین، دەگەڕێینەوە ماڵەوە و لەوێ کارەکانمان ئەنجام دەدەین، ماندوو دەبین بەڵام هیچ شتێک نییە بتوانین بیکەین چونکە لێرە هیچ هەلی کارێکی ترمان نییە، بەو پارەیەی لەم شیر و پەنیرە دەستم کەوتووە منداڵەکانم پەروەردە کرد، هەرگیز بیرم لەوە نەکردۆتەوە ئەم کارە جێبهێڵم هەروەها منداڵەکانم فێر دەکەم، ئەگەر ئاگامان لە ئاژەڵەکان نەبێت، ناتوانین بژێوی ژیانی خۆمان دابین بکەین، ئێمە دێینە ئێرە و کاتژمێری زۆر کار دەکەین بۆ ئەوەی بژێوی ژیانمان دابین بکەین.

 

"ئەم شیرە تاکە سەرچاوەی داهاتمانە"

غەزال یەمەن، ساڵانە کاری ئاژەڵداری دەکات، باسی لەوە کرد کە تاکە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان ئاژەڵە، غەزال یەمەن ئاماژەی بەوەکرد کە نزیکەی هەموو ئەو ژنانەی لەم بوارەدا تاکە سەرچاوەی داهاتیان هەیە و وتی: ٤٠ ساڵە ئەم کارە دەکەم، ماوەیەک هەموو مەڕەکانم فرۆشت، بەڵام بەهۆی دانیشتن لە ماڵەوە دۆخم خراپ بوو بۆیە دیسان مەڕم کڕی، لەگەڵ ژندا دەچینە سەر کار و لەگەڵ ژن دەگەڕێینەوە ماڵەوە، ئەم چیمەنە هەم خواردنی ئێمەیە و هەم خواردنی مەڕەکانە، بە زەحمەت کار دەکەین و داهاتمان دەست دەکەوێت ئێمە پەنیر، ڕۆن یان ماست دروست دەکەین و ئەو شیرەی کۆمان کردۆتەوە دەیفرۆشین، ئەو پارەیەی لەوێ دەستمان کەوتووە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانمان بەکاری دەهێنین.

 

"بەهۆی قەیرانەوە هیچ شتێک ناکڕدرێت"

هاجەر سالا ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ماندووبوونیان، بەهۆی قەیرانی ئابورییەوە تووشی ئاستەنگییەکی زۆر دەبن و دەڵێت: هەموو کارەکانمان لە پارەی بەنزین خەرج دەکەین، پێشتر هەموو شتێک ئەوەندە گران نەبوو،  ئێستا ئەوەی دەیکڕین و دەیفرۆشین لە دەستی ئێمەدا نامێنێتەوە، ئێمە ئەوەندە ماندووین بەڵام کارەکانمان بەشی پارەی شەکر ناکات، ئەمە تاکە سەرچاوەی داهاتمانە بەهۆی ئەم قەیرانەوە ناتوانین وەک جاران بەرهەم بفرۆشین، نە دەتوانین داهاتی خۆمان بەدەست بهێنین، ئێمە ئەوەندە کار دەکەین، بەڵام دوو ساڵە مووچەی کارەکانمان پێ نەدراوە.