ئەزموونی تەڤگەری ژنان لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری سیاسی - ١
ژنان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە بونیادنانی ئاشتی و بەدیهێنانی دادپەروەریدا. سەرەڕای پەراوێزخستنی مێژوویی، ئەزمونەکان ئەوە نیشان دەدەن کە بەشداریکردنیان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و داڕشتنی چارەسەری دیموکراتی بەردەوام و گشتگیر پێویستە.

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی
دوابەدوای بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، لێکۆڵینەوە لە ئەزمونەکانی ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتی و چارەسەرکردندا بووەتە شتێکی زۆر گرنگ، ژنان وەک چالاکی ناوەکی لە کۆمەڵگەکاندا ڕۆڵێکی سەرەکییان بینیوە لە کۆتاییهێنان بە ململانێکان و دامەزراندنی بناغەکانی دادپەروەری و گەیشتن بە ئاشتەوایی.
لە پڕۆسەی ئاشتی کە لە چوارچێوەی تێکۆشانی چەکداریدا دەستی پێکردوە تا دەگاتە پەکەکە و ڕاستی مێژوویی و کلتووری و سیاسیە تایبەتەکانیان لە هەر وڵاتێکدا، ئەم ڕاستیانە لە ڕووی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسەتی زلهێزە ناوچەیی و باڵادەستەکان و ئایدۆلۆژیا و ئاستی ڕێکخستن و سیاسەتی پەکەکە جیاوازن.
لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە ژنانی وڵات و تەڤگەرە جۆراوجۆرەکان وەک چالاکوانی ئاشتی هەوڵی بێوچانیان داوە بۆ گۆڕینی سیستەمی هەژموونی پیاوان، ڕەگەزپەرستی، ناسیۆنالیزم و چەوساندنوەی لەلایەن دەوڵەتەوە، کۆنگرەی نێودەوڵەتی ژنانی سۆسیالیستی لە شاری بێرن و کۆنگرەی نێودەوڵەتی ژنان بۆ ئاشتی لە لاهای کە لە ساڵی ١٩١٥دا هەزار و ١٣٦ ژن لە ١٢ وڵاتەوە بەشدارییان تێدا کرد، دوو نمونە بۆی.
بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی ژنانی سۆسیالیستی، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ژنان و کرێکاران لە دژی ناسیۆنالیزم، میلیتاریزم، سەرمایەداری و جەنگی ئیمپریالیزم زیندو بووەوە، ئەم هەڵوێستە بوو بە هەوێنی شۆڕشی سۆڤیەت و ڕاپەڕینی سەرباز و کرێکاران کە کۆتایی بە جەنگی جیهانی یەکەم هێنا.
"جەنگێک کە پیاوان ئەنجامی دەدەن دەبێت لەلایەن ژنانەوە بوەستێنرێت" دروشمی کۆنگرەی لاهای بوو و ناونیشانی ئەو ڕاگەیاندنە بوو کە نوێنەری ئەرمەنستان لە کۆنگرەی لاهای لوسی تۆمیان نووسیبوی، بڕیار و هەوڵی نوێنەرانی کۆنگرەی لاهای بووە هۆی دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی هەمیشەیی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی جەنگ، دانپێدانانی دەستدرێژی بەکۆمەڵ وەک چەک و تاوانی جەنگ، قەدەغەکردنی بازرگانی چەک، دامەزراندنی ڕێکخستنێکی نوێی ئابووری جیهانیە، دامەزراندنی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ژنان بۆ ئاشتی و ئازادی "WILPF" و دروستکردنی کۆمەڵەی گەلان "کە پێش یەکگرتو بوو گەلان" و یاسای نێودەوڵەتی.
"ڕێکەوتن و دانوستانەکانی ئاشتی"
هەرچەندە ژنان لە ڕێگەی کار و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیانەوە بەشدارییان لە پرۆسەکانی ئاشتی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کردوە، بەڵام ژنان و داواکارییەکانیان تا ڕادەیەکی زۆر لە میکانیزمەکانی دانوستان و ڕێکەوتنەکانی ئاشتیدا پشتگوێ خراوە، لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەهۆی جەنگ و جینۆسایدەکانی یوگۆسلاڤیا و ڕواندا کاریگەرییان لەسەر بوو.
ژنان و چالاکوانی ئاشتی هەڵمەتی نێودەوڵەتییان بۆ لێپێچینەوە و لە قەڵەمدانی دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی بە تاوانی جەنگ ڕێکبخرێت، لە ئەنجامی تێکۆشانی ژنان، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی ٢٠٠٠ بڕیارنامەی ١٣٢٥ی پەسەند کرد بۆ پێشگرتن و لێپێچینەوە لە توندوتیژی ڕگەزی لە کاتی جەنگدا و دەستەبەرکردنی بەشداری ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتیدا.
بەڵام داتاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان دەریدەخەن کە ژنان تەنها لە ٦٪ی ئەو ڕێکەوتنە ئاشتیانەی کە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ بۆ ٢٠١٩ واژۆکراون بەشدارییان کردوە، لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە گفتوگۆ و پرۆسەکانی ئاشتی کە ئیرادە و ڕوانگەی ژنان لەخۆناگرێت، چارەنوسیان شکستە و بەشداری ناکەن لە بونیادنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی بەردەوامدا، ئەگەری جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەکانی ئاشتی بە ڕێژەی ٣٥% زیاد دەکات لەو پرۆسانەی کە ژنان تێیدا بەشدارن، زۆرێک لە پرۆسەکانی ئاشتی کە وەک سیاسەتی نوخبەیی جێبەجێ کراون شکستیان هێناوە، وەک ڕێکەوتنەکانی ئۆسلۆ لە ساڵی ١٩٩٣ لە نێوان ئیسرائیل و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین "PLO" یان ڕێکەوتنەکانی ئاروشا لە ساڵی ١٩٩٣ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ناوخۆی ڕواندا، گەورەترین جینۆساید لە فەڵەستین و ڕواندا دوای واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتنە ئاشتیانە ڕوویدا و دەوڵەتی سریلانکا گەورەترین کۆمەڵکوژی لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی و کادیرانی LTTE لە تامیل ئیلام ئەنجامدا دوای سێ ساڵ لە شکستی پرۆسەی ئۆسلۆ لە ساڵی ٢٠٠٦.
لە زۆرێک لەو وڵاتانەی کە دوای ڕێکەوتنی ئاشتی جەنگەکان بە فەرمی کۆتاییان هاتوە، توندوتیژی شێوەی دیکەی وەرگرتوە، بۆ نمونە ژنانی ناوچەی ئەبیا یالا و ئەفریقا و ئاسیا ڕوونی دەکەنەوە، کە دوای کۆتایی هاتنی جەنگە چەکدارییەکان توندوتیژیی ڕەگەزی و جینۆساید دژی ژنان زیادی کردوە و ژنانی شەڕکەری پێشو دەکەونە ژێر فشاری دەوڵەت و هاوژین و خێزانەکانیانەوە.
لە پرۆسەکانی ناسراو بە "گەڕانەوە بۆ ئاساییبوونەوە" یان "یەکگرتنەوە"، سیستەمی دەوڵەتی پیاوسالاری هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پاراستنی هەژمونی خۆی و تێکەڵکردنی ژنان و شۆڕشگێڕان لە سیستەمی پیاوسالاریدا، لە ڕێگەی دامەزراوە دەوڵەتیەکان و ئایین و پەروەردە و ڕاگەیاندنەکانەوە، سێکسیزمی کۆمەڵایەتی و کلتووری دەستدرێژیکردن بەهێزتر دەبن.
دوای ڕێکەوتنەکانی ئاشتی، زۆرجار شکۆی جەنگکەرانی ژنان بە ناوی "لەشفرۆش" یان "ژنانی فەرماندەکان" پێشێل دەکرێت، وەک چۆن لە حاڵەتی ژنان لە هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکانی کۆڵۆمبیادا ڕوویدا، بەهەمان شێوە دوای جەنگ و جینۆساید لە سیرالیۆن، نیپاڵ، بۆسنە، سریلانکا و زۆر وڵاتی تر، ژنان تەنها وەک قوربانیی نەرێنی پێناسە دەکرێن و هەوڵ و تێکۆشانەکانیان بۆ دادپەروەری و ئاشتی لەبەرچاو ناگیرێت.
ژنانی ساندینیستەکان کە لە سەردەمی شۆڕشی نیکاراگوادا ۆێشەنگایەتی هێڵی پێشەوەیان کرد، ڕوونی دەکەنەوە، کە لە دوای سەرکەوتنی سەربازیی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٩، نەک هەر لە میکانیزمەکانی بڕیاردان دورخرانەوە، بەڵکو فەرمانڕەوا نوێیە پیاوەکان، وەک دانیال ئۆرتیگا، هەوڵیان دەدا ژنان لە ڕۆڵی ژن و دایکدا سنووردار بکەن و بۆ دەستکەوتی کەسی خۆیان بیانقۆزنەوە، لەبری سیستەمێکی دیموکراتی کە مافی کرێکاران و گەلانی ڕەسەنی بپارێزێت، سیستمێکی پاوانخوازی دامەزرا، لە ئەنجامدا تێکۆشانی ژنان لە دژی دەسەڵات لە ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکاندا تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە پەرتووکی کۆمەڵناسی ئازادیدا، ئاشتی بە "سازانێک لە نێوان دیموکراتی و دەوڵەت" پێناسە دەکات، لەسەر ئەو بنەمایەی کە لایەنی ئاشتی هەیە، باڵادەستی تاکلایەنە نییە و نابێت هەبێت، سێ مەرج بۆ گەیشتن بە ئاشتی دەخاتە ڕوو، یەکەم: پێویستە هەموو کەسێک لە ئاسایشدا بژی، ئەمەش تەنها بە بەرگریکردن لە کۆمەڵگەکان و پاراستنی سیمای ئەخلاقی و سیاسی خۆیان بەدەست دێت. دووەم: نابێت هیچ لایەنێک باڵادەست بێت، بەبێ گوێدانە ئەوەی کام لایەن "ستەمکار یان چەوساوە" بێت، ئەگەر هەردوولا ڕێکبکەون لەسەر وەستاندنی جەنگ بەبێ هەژمونی هێز "بە چەک"، ئەوا ئاشتی مسۆگەر دەبێت، لە کۆتایدا پێویستە هەموو لایەنەکان ڕێز لە دامەزراوە دیموکراتیەکان و ڕۆڵی کۆمەڵگە لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا بگرن.
هەروەها تەڤگەریەکانی ژنان و چالاکوانی ئاشتی لەم ساڵانەی دواییدا سەرنجیان بۆ ئەو ڕاستیە ڕاکێشاوە کە ئاشتی تەنها بە واتای وەستانی ململانێ سەربازییەکان نییە، بەڵکو وەک پرۆسەیەکی دینامیکی پێناسە دەکرێت کە هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی دیموکراتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مافی یەکسان بۆ ژنان و هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لەخۆدەگرێت.
"کۆمیسیۆنەکانی ڕاستی و دادپەروەری"
بەبێ پرۆسەی ڕاستی و دادپەروەری کە ژنان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لەخۆ بگرێت و بەبێ چارەسەرکردنی هۆکارەکانی ململانێ و جەنگ، پێکەوە ژیانی دیموکراتی و ئاشتیانە گەشە ناکات، بەم شێوەیە نادادپەروەری و نایەکسانی بەردەوام دەبن و دەبنە سەرچاوەی ململانێی نوێ، یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین ڕێگاکانی بونیادنانی ئاشتی، گەڕانی بەکۆمەڵ بۆ ڕاستی و دادپەروەریە، ئاشکراکردنی ڕاستیەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە جەنگیەکان و ئەنجامدەرانی و داوای لێبوردنکردنیان و لێپرسینەوەیان بۆ بونیادنانی یادەوەری کۆمەڵایەتی و نوێکردنەوەی ویژدانی کۆمەڵایەتی و گەیشتن بە ئاشتیەکی هەمیشەیی زۆر گرنگن.
بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان تا ساڵی ٢٠١٥ بە گشتی ٣٤ کۆمیسیۆنی ڕاستیەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان لە سەرانسەری جیهان دامەزرابوو، بەڵام لە جەنگەکاندا ڕاستی ژنان و ڕادەی سیستماتیکی توندوتیژی سێکسی بە دەگمەن ئاشکرا دەبێت، لە نیپاڵ و سریلانکا و زۆر وڵاتی تر، هەموو ئەندامانی کۆمیسیۆن و لیژنەکانی ڕاستی کە ئەرکی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤیان لەسەر بوو، لەلایەن حکومەتەوە دەستنیشانکران، ئەمەش بووەتە ڕێگر لەبەردەم دەرفەتی ژنان بۆ دەستڕاگەیشتن بە ڕاستی و بەشداریکردن لە ئاشکراکردنیان.
هەرچەندە لە کۆڵۆمبیا لە ئەنجامی خەباتی ژنان پێنج ژن و پیاوێک بۆ کۆمیسیۆنی نیشتمانی ڕاستی دەستنیشان کران، بەڵام ژنان نەیانتوانی ئەو ئەنجامە بەدەست بهێنن کە هیوایان بۆ دەخواست، تەنها دوای هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە بوو کە دەستیان کرد بە قسەکردن لەسەر ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و توندوتیژی سێکسی، بەڵام چالاکوانانی ژنان لە کۆڵۆمبیا ڕەخنە لە ڕووداوە تاکەکەسییەکانی توندوتیژی سێکسی لە ناو هێزە چەکدارەکانی شۆڕشگێڕی کۆڵۆمبیا (فارک) دەگرن و بەراورد کراوە بە تاوانە سیستماتیکییەکانی دەوڵەتی توندوتیژی سێکسی لە گێڕانەوەی فەرمی و ڕاگەیاندنیدا.
کۆمیسیۆنی ڕاستی و ئاشتەوایی لە باشووری ئەفریقا کە لە ساڵی ١٩٩٥ دامەزراوە، مامەڵە لەگەڵ لێکۆڵینەوە و یاسا و لێبوردن دەکات و بووەتە مۆدێلێک بۆ کۆمیسیۆنەکانی وڵاتانی دیکە، دوای ٤٦ ساڵ لە جیاوازی ڕەگەزی و چەندین سەدە لە داگیرکاری دڕندانە، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستیەکان لە ڕادەبەدەر قورس بوو، لەم پرۆسەیەدا چەمکی “ئاشتەوایی” و “دادپەروەری گۆڕانکاری” پەرەی پێدرا. ژنانیش بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداریان لەم پرۆسەیەدا کرد، تەڤگەری ژنان لە باشووری ئەفریقا لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ پرۆسەی چارەسەرکردن کرد و هەوڵیاندا کەموکوڕییەکانی کۆمیسیۆنەکە چارەسەر بکەن، ژنان زانیاری قوڵی مێژوویی و سیاسییان هەبوو، بەڵام لە هەمان کاتدا، تووشی ئەشکەنجە و زەبر و زەنگی دەرونی توند بوون، بەڵام داواکاری ژنان لە کۆمیسیۆنی ڕاستییەکان کە لە پیاوان پێکهاتبوو کەم بوو. هەربۆیە ژنانی چالاکوان سەرنجیان بۆ ئەم بابەتە ڕاکێشا، هەژمونی پیاوان لە کۆمسیۆن و ئەو ڕاستییەیان ڕەتکردەوە کە پیاوان گوێ لە ژنان دەگرن، لە ئەنجامی ئەم خەباتەدا، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ژنان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی ژنان و توندوتیژی سێکسی دامەزرا و بەشداری ژنان بۆ لە ٥٦% بەرزکردەوە، بەڵام زۆربەی ژنان لە پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکان دورخرانەوە و تەنها قوربانیانی ڕەگەزپەرستی و ئەشکەنجەدان لە جیاوازی ڕەفەزیدا قەرەبووکرانەوە، لەکاتێکدا قوربانیانی توندوتیژی و چەوسێنراوانی سێکسی قەرەبوو نەکرانەوە.
لە ئەزمونی ٣٤ وڵاتدا دیارە کە لە زۆربەی وڵاتان ژنان وەک هاوڵاتی بەشدارییان لە لیژنەکاندا نەکردوە، یان تەنها لە ڕێگەی خەباتی تەڤگەریەکانی ژنانەوە بەشداریی خۆیان بەدەست هێناوە، تەنانەت کاتێک ژنان دەخرانە ناو لیژنە فەرمییەکانەوە، ڕێبازی لیژنەکان سنووردار بوو بە شێوازەکانی چاکسازی و پشتیوانی دەرونی و یاسایی، میکانیزمی دادپەروەری بەس بۆ دادگاییکردنی تاوانەکانی دژی ژنان دانرا، هەروەها بەشداری ژنان لە داڕشتنی سیاسەتەکان بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی ڕەگەزی لاواز بوو، هەر لەبەر ئەم هۆکارە، تەڤگەر و دامەزراوەکانی ژنان لە وڵاتانی وەک نیپاڵ، کۆڵۆمبیا و فلیپین هەوڵەکانیان پەرەپێدا بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، کۆبوونەوەیەکیان بە ناوی "مێزی ئاشتی ژنان" لە هەموو ناوچەکان ڕێکخست، بەم شێوەیە دەیان هەزار ژن توانیان ئەزمونەکانیان و بۆچوونەکانیان بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و ئاشتی باس بکەن.