لێکۆڵینەوە ژینگەییەکان دەریخستووە، دارستانە گەورەکان هەڕەشەی نەمانیان لەسەرە

زانایان لە توێژینەوەیەکدا ئاشکرایان کردووە، گۆڕانی کەش و هەوا بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و دروستبوونی وشکەساڵی.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژەران لە توێژینەوەکەدا کە لە گۆڤاری زانستی 'nature' بڵاوکراوەتەوە باسیان لەوەکردووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، وشکەساڵی توند، بڕینی دار و ئاگرکەوتنەوە، تەنانەت لە ناوچە دوورەکانیش زەوی ڕووبەڕووی فشار بووەتەوە.

 

زانایان ڕوونیانکردووەتەوە، وشکەساڵی و گەرما کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و هۆکارەکانی ترەوە دروست دەبێت، هەڕەشە لە سیستمی دارستانە باراناوییەکانی ئەمازۆن لە کیشوەری ئەمریکای باشوور دەکات، لە توێژینەوەکەدا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ڕەنگە تا ساڵی ٢٠٥٠ بە نزیکەیی نیوەی دارستانەکان بگەنە خاڵی مەترسیدار.

 

توێژەران مەزەندەیان کردووە، لە ٪١٠ بۆ ٤٧ ڕووەکی ئێستای ئەمازۆن کە بە "سییەکانی زەوی" دەناسرێن، تا ساڵی ٢٠٥٠ بەرکەوتەی ئەم هێرشە توندانەی ئەنجامی گۆڕانی کەش و هەوا دەبنەوە.

 

بێرناردۆ فلۆریس، زانای ئیکۆلۆژی لە زانکۆی سانتا کاتارینا لە بەرازیل باسی لەوەکرد، دارستانی ئەمازۆن وا بڕوات وردە وردە بەرەو نەمان دەچێت، ئاماژەی بەوەشکرد، کاتی ئەوە هاتووە زۆرترین هۆشداری دەربارەی ئەمازۆن ڕابگەیەنرێت کە گەورەترین دارستانی باراناوی گەرمە لە جیهاندا.

 

شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما شێ لە ناوچەکەدا زیاتر دەبێت ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ زیاتر دروستبوونی ئاگر کەوتنەوە لەناو دارستانەکاندا.