بەهۆی ململانێی بەردەوام لە سودان ٢٥ ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکارییە

لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ەوە سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، شەڕێکی بەردەوامیان ئەنجامداوە کە تا ئێستا زیاتر لە ١٣ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و ملیۆنان کەسیش زیانیان پێگەیشتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە بەرواری ١٨ی شوبات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەهۆی دووبارە دروستبوونی شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای سودان و هێزی پشتیوانی خێرا، هاوڵاتیان لە شارەکانی فاشر، ناوەندی ویلایەتی دارفور لە باکوور ڕۆژئاوای سودان ئاوارەبوون.

 

ئاماژەی بەوەکرد، دۆخی شارەکان لە ئاستێکی خراپدایە، تا ئێستا نەتوانراوە ژمارەی ئاوارەبووان بزانرێت چونکە ڕێژەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان ماڵەکانیان جێهێشتووە، تا ئێستاش سوپای سودان یاخود هێزی پشتیوانی خێرا هیچ لێدوانێکیان لەسەر بەیاننامەی ڕێکخراوەکە بڵاونەکردووەتەوە.

 

ئەو ڕێکخراوە پێشتر ڕایگەیاندبوو، کە ژمارەی ئاوارەکان لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی سودان لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ەوە بۆ نزیکەی ١٠ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس زیادی کردووە، ٩ ملیۆن کەسیان لە ناوخۆی وڵاتدا جگە لە چوار ملیۆن منداڵ، بەم شێوەیە سودان ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوون بووەتەوە.

 

لە ڕاپۆرتی پێشووی ڕێکخراوەکەدا باسکراوە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزی پشتیوانی خێرا، سودان ڕووبەڕووی یەکێک لە خێراترین قەیرانەکانی جیهان بووە، ئەمەش وایکردووە زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەس کە ١٤ ملیۆنیان منداڵیان هەیە، پێویستیان بە هاوکاری و پشتیوانی مرۆیی هەبێت.