زیاتر لە ١٧ ملیۆن ژن لە ئەفغانستان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە

نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی هاوکارییە مرۆییەکان ڕایگەیاند، ٢٣ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لە ئەفغانستان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی تاڵیبان ژنانی پەراوێزخست و یاسای توندڕەوی لە دژی دەرکرد و ڕێگرییان لێکردن لە ڕاهێنان و کارکردن لە فەرمانگە ناحکومییەکان، هەروەها ڕێگری خوێندنیان لێدەکرد، هەموو ئەمانەش بوونە هۆکار بۆ ئەوەی ژمارەی ئەو ژنانەی پێویستیان بە هاوکارییە بگاتە زیاتر لە ١٧ ملیۆن ژن.

 

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی هاوکارییە مرۆییەکان OCHA ئەمڕۆ، لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاند، ٢٣.٧ ملیۆن کەس لە ئەفغانستان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە و ژنان ٪٥٢ی ئەو کەسانە پێکدەهێنن.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە ئەفغانستان ١٧.٢ ملیۆن ژن پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، هەروەها نووسینگەی ڕێکخەری یارمەتییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لە پاڵپشتیکردن بۆ کار و دامەزراندنی ژنانی ئەفغانستان لە بوارە جیاجیاکان کردووەتەوە، دەڵێت: کاتێک سەردانی بازرگانی ژنان لە ئەفغانستان دەکەین، گەشبینی و کۆڵنەدانیان بەڕاستی سەرسامکەرە.

 

دوای ئەوەی تاڵیبان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١ ئەفغانستانی کۆنترۆڵکرد، ژمارەی ئەو ئەفغانیانەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٣٤ ملیۆن کەس.

تەنها چەند ڕۆژێک دوای هاتنە سەرکاری بزووتنەوەی تاڵیبان، ژنانی لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگا دوورخستەوە و دەرگای خوێندنگە و زانکۆکانی بە ڕوویان داخست، لە کاتێکدا سەرچاوەی داهاتی خێزانەکانیان و خۆیان بوون، وەک سەرۆکی بنەماڵەکانیان مانەوە و ئێستاش پشت بە هاوکاری مرۆیی دەبەستن.

 

بزووتنەوەی تاڵیبان نەک هەر ژیانی کۆمەڵایەتی ژنان و هاووڵاتیانی ئەفغانستانی خراپکرد، بەڵکو بە دەرکردنی یاسای توندڕەوانە ژنانی لە ماڵەکانیان زیندانی کرد و نیوەی کۆمەڵگای پەراوێزخست کە دەیانتوانی ڕۆڵێکی جەوهەری تێدا بگێڕن، بۆ ئەو مەبەستەش نووسینگەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە پاڵپشتییەکی هەمەلایەنە بکەن بۆ پاڵپشتیکردنی ژنانی ئەفغانستان چونکە ئەوان بوونەتە زەرەمەندی سەرەکی.