ئیلهام ئەحمەد: تێکۆشانی هەرە گەورە پاراستنی زمان و مافە دەستوورییەکانە
ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، ئەنتێگراسیۆنی قەسەدە بەواتای ئەوە نایەت کە هەموو دۆسییەکان کۆتاییان پێهاتووە و وتیشی: تێکۆشانی هەرە گەورە پاراستنی زمانی کوردی و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکان و پاراستنی دەستکەوتی شەهیدانە.
ناوەندی هەواڵ
لە میانی بەشدارییەکی لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ڕۆژئاوادا، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی دیمەشق و کاردانەوەی کۆمەڵگای هەڵسەنگاند و باسی لە خوێندن بە زمانی دایک، دۆسییەی زیندانییان، گەڕانەوەی کۆچبەران و داهاتووی یەپەژە کرد.
ئیلهام ئەحمەد لە قسەکانیدا باسی لەوەکرد، کە پرسی سەرەکی لە دیدارەکان لەگەڵ دیمەشق خوێندن بە زمانی دایکی بووە و هەستیاری گەلی کوردی بەرامبەر بە زمانەکە بە ڕێبازێکی ڕەوا ناوبرد وتی: تیکۆشانی سەرەکیمان لە قۆناغی نوێدا کارکردنە بۆ داننان بە زمانی کورد و مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا.
سەبارەت بە گفتوگۆکانی ئەنتێگراسیۆنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) ڕایگەیاند، کە ئەم هەنگاوە هەموو کێشەکان چارەسەر ناکات و وتی: گفتوگۆ لەسەر چەند دۆسییەیەک بەردەوامە، لەنێویاندا پرسی ئەنتێگراسیۆنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و گۆڕینی ناوی کۆمار هێشتا کۆتایی نەهاتووە، دۆسییەی زیندانییان لە هەموو کۆبوونەوەکاندا لە ڕۆژەڤدایە و لە قۆناغی داهاتوودا کارکردن لەسەر ئەم پرسە خێراتر دەبێت.
هەروەها سەبارەت بە پرسی گەڕانەوەی کۆچبەران وتی: گەڕانەوەی کۆچبەران لە سەرێکانییەوە بۆ زێدی خۆیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا ڕێکدەخرێت کە سەقامگیری ناوچەکە و مافەکانیان گەرەنتی بکات.
لە کۆتایی قسەکانیدا هەڵسەنگاندنی بۆ ڕەخنەکانی ئەم دواییەی خانەوادەی شەهیدان کرد و ڕایگەیاند، ڕەخنەی کەسوکاری شەهیدان بە تەواوی ڕەوایە، قۆناغی ئێستا پێویستی بە خۆهەڵسەنگاندن و دڵسۆزی هەیە بۆ ئەو بەڵێنانەی کە بە شەهیدان دراوە، ئێمە تا کۆتایی پابەند دەبین بە بەڵێنەکەمانەوە بۆ شەهیدان و هەموو دەستکەوتەکانیش دەپارێزین.