ئیهەدە بانگەواز بۆ چاکسازی دیموکراتیک دەکات
ئیهەدە "ڕاپۆرتی چاودێریکردنی پرۆسەی ئاشتی-پەکەکە"ی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند کە کۆتاییهێنان بە شەڕ هەنگاوێکی گرنگە بەرەو ئاشتی، بەڵام بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی چاکسازیی هەمەلایەنە پێویستە.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی "ئیهەدە" لە شاری ئامەد کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و "ڕاپۆرتی چاودێریکردنی پرۆسەی ئاشتی-پەکەکە"ی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا کە لەلایەن جیهان ئایدین، بەڕێوەبەری گشتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤەوە پێشکەش کرا، هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەکە کرا کە لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤تا ١ی تەمووزی ٢٠٢٦ بەردەوامی هەیە.
ڕاپۆرتەکە لەسەر بنەمای سەرچاوە راست و ڕوونەکان ئامادە کراوە. تیایدا پێشکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی و چالاکییەکانی کۆمسیۆنی پەرلەمان و کاریگەری ئەم پرۆسەیە لەسەر مافەکانی مرۆڤ و بواری یاسا هەڵسەنگێندرا. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەهۆی نەبوونی میکانیزمێکی فەرمی بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی ئاشتی، کۆمەڵگەی مەدەنی هەوڵی پڕکردنەوەی بۆشاییەکەیان داوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ساڵی ٢٠٢٥ی بەم شێوەیە پێناسە کرد: شەڕی چەکداری لەگەڵ پەکەکە کۆتایی هات، بەڵام لە ڕووی مافی مرۆڤ، دیموکراسی، دادپەروەری و ئازادییە بنەڕەتییەکانەوە، ساڵێک بوو پڕ لە گەڕانەوە بۆ دواوە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە بوارەکانی سەربەخۆیی دادوەری، سەبارەت بە قەیومەکان، ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری، مافی گردبوونەوە، خۆپیشاندان و مافی ژیان بە جۆرێک گەڕانەوە بۆ دواوە ڕوویداوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا لە مانگی شوباتەوە تا حوزەیرانی ٢٠٢٦ی وەک "قۆناغی چوار" دەستنیشان کردووە و بەو ئەنجامە گەیشتووە کە "چاوەڕوانی بۆ یاسای چوارچێوە بەردەوام بوو، پێشکەوتنەکان لاواز بوو و لە ١ی تەمموزی ٢٠٢٦ بەدواوە راوەستاوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند کە بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی ئاگربەست بە تەنیا بەس نییە و داوای کرد کە یاسایەکی چوارچێوەی گشتگیر لە لایەن پەرلەمانەوە دەربکرێت و چاکسازی دیموکراتیک جێبەجێ بکرێت و کۆتایی بە سەپاندنی قەیومەکان بهێنرێت، ئازادی ڕادەربڕین گەرەنتی بکرێت و میکانیزمی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان سەبارەت بە تاوانبارانی نەناسراو دابنرێت.
هەروەها کۆمەڵەکە پێشنیاری کردووە کە میکانیزمەکانی چاودێری سەربەخۆ بە شێوەیەکی فەرمی بناسرێن، کۆمەڵگەی مەدەنی بەهێزتر بەشداری پرۆسەکە بکات و ئەم پرۆسەیە بە پشتیوانی دامەزراوە جیهانیەکان بەردەوام بێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا بە ئاماژەدان بە کاریگەریی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی لەسەر پرۆسەی ڕاوەستاندنی چالاکی چەکداری، هاتووە: ئەو ڕێبەرێكی کاریگەرە کە وایکرد بڕیاری وازهێنانی لە چالاکی چەکداری لە چوارچێوەی ڕێکخستندا قبوڵ بکرێت، لە ئەدەبیاتی چارەسەرکردنی ململانێکاندا ئەکتەرەکان دەتوانن لە بنیاتنانی متمانە و جێبەجێکردنی بڕیارەکاندا ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن، بۆیە پێشنیار دەکرێت ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمای دامەزراوەیی بەڕێوەبچێت و ئەکتەرە پەیوەندیدارەکان لە چوارچێوەی یاساییدا دانیان پێدا بنرێت و پێناسە بکرێن.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە پێویستە لە بواری گۆڕانکاری لە یاسای سزادان و پرسی "مافی هیوا" دەستبەجێ هەنگاو بنرێت.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا وتراوە: "سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە پەیوەستە بە بەهێزبوونی هاوکاتی ئاسایش، ماف و دیموکراسی و ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتیەوە.