ئوسترالیا هاوکاری ژنانی ئەفغانستان دەکات
وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا ڕایگەیاند، ئوسترالیا پالپشتی ژنانی ئەفغانستان دەکات و وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ژنانی ئەفغانی، کە بەردەوامن لە تێكۆشان لە دژی تاڵیبان.

ناوەندی هەواڵ
پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا لەبارەی هاوکاریکردنی ژنانی ئەفغانستان لەلایەن وڵاتەكەیەوە پەیامێكی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، حکوومەتی ئوسترالیا پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان لە ئەفغانستان تەرخان کرد بە مەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ژنان و کچانی ئەفغانی، کە بەردەوامن لە تێكۆشان لە دژی پێشێلکردنی مافەکانیان لەلایەن تاڵیبانەوە.
جێگای ئاماژەیە، دەیان ساڵە سیستەمی تەندرووستیی ئەفغانستان لە ڕووی داراییەوە لاوازە و پشت بە یارمەتییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت، هەروەها بە پێی دوایین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆرترین ڕێژەی گیان لەدەستدانی دایکانی دووگیان لە سەر ئاستی جیهان لە ئەفغانستان تۆمار کراوە.