یونیسێف: كەمیی ئاوی خواردنەوە لە غەززە گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار

سندووقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ منداڵان (یونیسێف) هۆشداریی دەدات، لە كەمیی ئاوی خواردنەوە لە كەرتی غەززە، دۆخەكە گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار.

ناوەندی هەواڵ

 

 لە بەرەبەیانی ٧ی مانگی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣وە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، دواتر ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی بۆ كەرتی غەززە دەستپێكرد، لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون.

 

ڕۆزالیا بۆلین، بەرپرسی سندووقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ منداڵان "یونیسێف" سەبارەت بە دۆخی خراپی هاوڵاتییانی غەززە و نەبوونی ئاوی پاك، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤وە نزیكەی ٦٠٠ هەزار كەس لە غەزە دەستیان بە ئاوی خواردنەوە گەیشتووە، بەڵام دیسان ئەوە نەماوە، لە ئێستادا تەنیا یەك لە هەر ١٠ كەسێك دەستیان بە ئاوی خواردنەوەی خاوێن دەگات.

 

وتیشی: ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان مەزەندە دەكەن، یەك ملیۆن و ٨٠٠ هەزار كەس، كە زیاتر لە نیوەیان منداڵن، پێویستیان بە بەپەلەی دابیننكردنی ئاوی پاك و هاوكاری تەندروستی هەیە.

 

 هەروەها جەختی لەوەکردەوە، دوای بڕیاری بڕینی كارەبا دۆخەكە زیاتر خراپ بووە، چونكە بووەتە هۆی پەكخستنی ئامێرەكانی دابینكردنی ئاو.